ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

 هەموو لاڕێ و رێگە لاوەکی و لق و پۆپ و راستە ڕێییەکان، دێنەوە سەر یەکەم بازنەی شەقامە بازنەییەکان، هەرچی بکەی، چەندین رێگە بدۆزیتەوە، هەر دەبێ بۆ چەند ساتێک لابدەیتە چایخانەی چەقی بازنە، چل تا پەنجا ساڵێک پێش ئێستا، واته‌ له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، ئه‌و كات من منداڵێكی ته‌مه‌ن ده‌ دوانزده‌ ساڵان ده‌بووم، هه‌ستم ده‌كرد باوكم له‌چ ئازارێكدایه‌، ئه‌و سێزده‌ بۆ چوارده‌ ساڵ له‌نێو شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كاندا فیرار بوو، دواتر ته‌مه‌نی گه‌وره‌ بوو و ئه‌وانه‌ی وه‌ك ئه‌و له‌سه‌ربازی بوردران، به‌فه‌رمانێكی سوپا هه‌موو ئه‌و ته‌مه‌نانه‌ له‌سه‌ربازی ده‌بورێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جه‌نگی نێوان عێراق و ئێران له‌و په‌ڕی بوو، رۆژانه‌ ده‌یان ته‌رم بۆ نێوه‌ندی شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، ته‌مه‌ن دوای ته‌مه‌ن بانگی سه‌ربازی ده‌كران.

ئەوانەی فرت وفێڵیان لەتەسکەرە و نفوس و دەفتەر خدمەی سەربازی کردبوو، ئەوانە فیراری عەسکەری بوون، هەندێکیان بەهەموو شێوەیەک نەیاندەویست عەدەم تەعورزی سەرۆک جاشێک وەربگرن، بۆیە دەمێک لەبەر مشتەرەکە و جاش و جۆشک و مەفرزە خاسەکان خۆیان لەبیر و کەندڕێکی ناو دوا ژووری ماڵەوە دەشاردەوە، ئه‌و شوێنه‌شیان داده‌خست وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌بنه‌ڕه‌تدا وابێ، زۆرجار ئه‌وانه‌ی به‌دوای فیراره‌كاندا ده‌گه‌ڕان، شاره‌زاییان له‌م جۆره‌ خۆ شاردنه‌وه‌یه‌ هه‌بوو، به‌ڵام هیچ كات بۆیان نه‌ده‌ده‌ۆزرایه‌وه‌.

دوای ئەوەی کەمێک دۆخەکە هێمن دەبۆوە، هەرچۆنێک بێ بۆ هەناسەدان. بەڵام بەترس و لەرزەوە خۆیان دەگەیاندە نزیکترین چایخانەی بازنەی یەکەم، ئینجا هەر بەترس و لەرزەوە دادەنیشتن لەهەر چایخانەیه‌یه‌ك چاو ساغێکی دڵسۆزی ئەو فیرارانە هەبوو، ئەگەر هەر کەسێکی خۆمانەی ناپاک لەوێدا هەبوایە ئاماژەیەکی دەکرد تا لەوێدا دانەنیشن بچن بۆ چایخانەیەکی دیکە، خودی چاوساغەکە بۆی دیاری دەکردن، هەر ئه‌و چاوساغە دڵسۆزە بیزانیایە یەکێک لەئەمنەکان دەیەوێ بێتە چایخانە ئەو لەدوورەوە دەیبینی بەفیرارەکانی رادەگەیاند لەوێ بڕۆن، نەوەک خۆی و ئەوان تووشی بەڵایەک ببن، بەمجۆرە بەشێک لەخەڵکی بازنەی دووەمی شەقامەکان به‌و شێوه‌یه‌ دەژیان، دەبێ ئەوەش بگوترێ، هیچ کام لەوانە ئەو وزە و تاقەتەی نەبوو بڕیار بدات تا روو لەشاخ بکات.

-هەندێکیان چوونە شاخ، بەڵام لەپێناوی ئامانجێک نەبوو تا دژ بەو دار و دەستەی سەردەم ببنەوە.

–تەنیا جانتاکانیان هەڵگرت، دواتر زاندرا ئەوان چوونەتە وڵاتێکی ئەورووپی و لەخۆشترین ژیاندا.

بۆ بەتەمەنەکان لەو سەردەمە زۆر تاریک بوو، جگە لەبەدەستهێنانی بژێوی ژیانی رۆژانە، ترسیان لەوەبوو، نەوەک یەکێک لەپاشەڵ پیسەکانی رژێم ناویان بدا و تاوانی پەیوەندی لەگەڵ مخەربین بەسەریاندا بسەپێنن، زۆرێک لەوانەی بەبێ گوناه کەوتنە بەندینخانەکان ئەشکەنجەیەکی زۆر دران، کاتێکیش لەبەندینخانە دەرچوون، نیوه‌ ئادەمیزادێک بوون، زۆرێک لەوانە تووشی دەیان نەخۆشی ترسناک و کوشندە بوون، بەشێکیان بەئازاری نەخۆشییەکانیان کۆچی دواییان کرد، هەندێکی دیکەش لەناو بەندینخانە پیادانیان لەسەر خۆیان نووسی، لەدواتردا لەسێدارە دران.

ئەگەر پاشەڵ پیسەکانی هاوزمان راپورتیان بنووسیبایە بەوەی گەنجێکی خانەوادەیەک چووبێتە شاخ و دژی رژێم دەجەنگێ، ئەوا دواتر شۆفەڵەکانی رژێم لەبەرچاوی هەموو خەڵکی گەڕەک خانووەکەیان دەڕووخاند، ئەوانەی پاسەوانیان لەشۆفەڵەکە دەکرد، کەسانی چەکداری هاوزمانی بەکرێگیراو بوون، هیچکات باکیان بەوە نەبوو، بەوەی ئەوانە هاوشار و هاوبازنەن، زۆر بێشەرمانە قسەی ناشیرینیان بەخەڵک دەگوت، چاویان لەخەڵک سوور دەکردەوە، ئەوانە شەوانە کوزکێشیان بۆ ئەمنە عەرەبەکان دەکرد و دەبوون بەپاسەوانیان.

جاشەکان شانازیان بەخۆیانەوە دەکرد، کاتێک دژ بەخەڵکی شەقامە بازنەییەکان هەڵسوکەوتیان دەکرد. زۆرجاریش هێزەکانی شاخ دەهاتنە خوارەوە، ئەو بەکرێگیراوانەیان خەڵتانی خوێن دەکرد، ئەمە هەناسەیەک بوو بۆ خەڵکی شەقامە بازنەییەکان، بەڵام جاش و بەکرێگیراوەکان ئەمجارەیان زۆر دڕندانە دەکەوتنە وێزەی خەڵک، بەرۆژی نیوەڕۆ جەند گەنجێکیان گولەباران دەکرد. هەموو ئەوانەی ئەو تاوانەیان ئەنجام دەدا وا خۆیان نیشان دەدا ئەوان لەسەر هەقن و دەیانەوێ سەروەری رژێمەکەیان بپارێن، بۆیە هەردەم لەلایەن سەرۆکەکانیانەوە دەستخۆشیان ئاراستە دەکرا، ئەوانیش پف دەبوون، هەنگاویان دەنا تا روو لەشاخ بکەن، هەرچی پەیوەستە بەشاخ و چیاکان بیانهێننە خوارەوە و لەپێش چاوی خەڵک ریسوایان بکەن، کەچی ئەمە پێچەوانە دەبووە تەنیا کەلاکیان دەهێندرایەوە، ئه‌مجاره‌یان بەجۆرێک چاویان سوور دەبوو، بەڕەشبگیرانه‌ لەسەر شۆستەی شەقامە بازنەییەکان خەڵکیان دەستگیر دەکرد و تاوانی پەیوەندییان لەگەڵ شاخ دەخستە پاڵیان، بۆ دووبارە چەند خانەوادەیەکی دیکە ماڵوێران دەبوون، هەر یەکەو بەرەو لایەک ئاوارە دەبوون.

تەنیا بەکرێگیراوەکان زوڵم و ستەمیان نەدەکرد، بەڵکو دەستە دەستەکانی شاخیش هەندێکجار بەئەنقەست زوڵمیان لەکەسانێک دەکرد، کەهیچ پەیوەندییەکیان بەبەکرێگیراوەکان نەبوو، ئەشکەنجەیان دەدان، هەر بۆ ئەوەی بۆ خەڵک بیسەلمێنن ئەوانیش دەتوانن لەنێو شەقامە بازنەییەکان هێزێکن.

ماڵوێرانی له‌و كاته‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، كه‌ هه‌ردوو لا به‌گوڕوتینێكه‌وه‌ به‌ره‌نگاری یه‌كتر بوونه‌وه‌، رژێمیش بزه‌ی خه‌نده‌ی ده‌هات، چونكه‌ هه‌رچۆنێك بێ ئه‌وا خه‌ڵكی شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان ده‌كوژرێن، رژێم باكی نه‌بوو تا چه‌ند ئه‌و شه‌ڕ و ماڵوێرانییه‌ درێژه‌ ده‌كێشێ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچی ئه‌و له‌و بنه‌چه‌یه‌ هه‌ن ده‌بێ ئاواره‌ و بێده‌ره‌تان بژین، هه‌ردوو لاش بیریان چووبۆوه‌ ئه‌وان كاره‌سات ده‌هێننه‌ئارا، بێ باكانه‌ له‌هه‌موو شوێنێك ته‌قه‌یان له‌یه‌كتر ده‌كرد، زۆرجارانیش خه‌ڵكی بێ گوناه ده‌كوژران، ئه‌م كێشمه‌ كێشمه‌ به‌رده‌وام بوو، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ پیاوانی رژێم راودووی خه‌ڵكیان ده‌نا تا ببن به‌سووپای میللی و دوای سووكه‌ راهێنانێك ده‌نێردرانه‌ جه‌نگێكی ماڵوێرانی نێوان هه‌ردوو هێزی گه‌وره‌ی عێراق و ئێران، ته‌رمی به‌شێك له‌وانیش ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌ستگیرده‌كران تا ببن به‌ئه‌ندامی سووپای میللی ته‌مه‌نیان گه‌وره‌ بوو، به‌شێكیان به‌ساڵاچوو بوون، ئه‌وان سه‌ره‌ڕایی ئه‌وه‌ی چه‌ندین نه‌خۆشییان هه‌بوو، رۆژانه‌ش له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ به‌رگریان له‌گیانی خۆیان ده‌كرد، ده‌یانزانی تووشی چ به‌ڵایه‌ك بوونه‌ته‌وه‌ و رزگاربوونیان مه‌حاڵه‌ ئه‌گه‌ریش رابكه‌ن، ئه‌وا ماڵ و منداڵیان ده‌نێردرێنه‌ زیندان، ئه‌گه‌ریش ده‌ستگیر بكرابوونایه‌ ئه‌وا له‌به‌رده‌م هاوڕێیه‌كانی ناپاكیان له‌نێوچاوانیان ده‌نه‌خشاند و ده‌كوژران.

له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ بۆ هاووڵاتییانی شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان سه‌رده‌مێكی تاریك بوو، ئه‌وانه‌ی له‌دووره‌وه‌ هاتبوون بۆ ناو شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان به‌شێكیان له‌گه‌ڵ رژێم ده‌ستیان تێكه‌ڵ كردبوو، ئه‌منه‌ عه‌ره‌به‌كانیش كاتێك ده‌گوازرانه‌وه‌ نێو شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان ئه‌وا خانه‌واده‌كه‌یان ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا، چونكه‌ ده‌یانزانی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن، به‌ده‌ستگیركردنی چه‌ند لاوێكی شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان، تۆمه‌تێك ده‌خرایه‌ پاڵیان دواتر دوای پاره‌یه‌كی زۆریان ده‌كرد، تا هه‌ر نه‌بێ كه‌سوكاره‌كه‌ی سه‌ردانی بكه‌ن، هه‌روه‌ها بۆ ئازادكردنیان داوای پاره‌یه‌كی قه‌به‌یان لێده‌كردن، به‌ دووسێ كاری وا ئه‌و ئه‌منه‌ عه‌ره‌بانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بوون، دیاره‌ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ش به‌هۆی ئه‌و كه‌سه‌ پاشه‌ڵ پیسه‌ هاوزمانه‌كان بوو، چونكه‌ ئه‌وان ده‌یانویست به‌وردی راپۆرتیان بۆ بنووسن و هیچ بوارێك نه‌مێنێته‌وه‌ تا له‌به‌رده‌م یاسا رزگاریان بێ، ئینجا چ یاسایه‌ك یاسایه‌ك به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌پێی قسه‌ی خۆیان بۆ مانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری نیشتمان و ده‌سته‌كانیانه‌.

سه‌رۆك جاشه‌كان یان به‌ناوێكی دیكه‌ موسته‌شاره‌كانی فورسان كێبڕكێیان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركاره‌ عه‌ره‌به‌كانیان رازی بكه‌ن، ئه‌وا جلێكی پۆشته‌ و سمێڵ بابڕه‌كانیان هه‌رده‌م ده‌ستیان له‌سه‌ر سینگ بوو بۆیان، هه‌رده‌م له‌چاوانیان ده‌خوێندرایه‌وه‌ ئه‌وان ده‌ستیان به‌خوێنی هاووڵاتییانی شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان سووره‌، له‌ناو خه‌ڵكیش خۆیان به‌پیاوچاك نیشان ده‌دا، تا هاوكاری ئه‌م و ئه‌و بكه‌ن و رۆڵه‌كانیان بپارێزن له‌هه‌موو ناخۆشییه‌ك و دواتر بێنه‌ رێزیان، له‌م رووه‌وه‌ زۆر كه‌س له‌ترس و برسییه‌تیدا چوون بۆ ریزی ئه‌و سمێڵ بابڕانه‌، به‌ڵام زۆری نه‌ده‌برد له‌یه‌كێك له‌شه‌ڕه‌كاندا ئه‌وانه‌ی له‌نوێوه‌ چووبوونه‌ ریزی به‌كرێگیراوه‌كان، ده‌كوژران.

ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ین، زۆرێك له‌وانه‌ی خۆیان به‌هاوزمانی ئێمه‌ نه‌ده‌زانی، یان به‌شێكی كه‌م له‌هاوزمانه‌كانمان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كان په‌یوه‌ندییان ده‌به‌ست، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ گه‌یشتبووه‌ ئاستی ژن و ژنخوازی، زۆر به‌شانازییه‌وه‌ باسیان له‌وه‌ ده‌كرد، كه‌ زاواكه‌یان عه‌ره‌به‌ و له‌هه‌موو شوێنێك ده‌ستی ده‌ڕوا.

له‌و سه‌رده‌مه‌ تاریكه‌ كار له‌شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان به‌ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت، بۆیه‌ به‌شێكی زۆری خه‌ڵكه‌ پیشه‌وه‌ره‌كه‌ ده‌چوونه‌ شاره‌ عه‌ره‌بییه‌كان و له‌بازنه‌ی یه‌كه‌می ئه‌و شارانه‌ نیشته‌جێ ده‌بوون، له‌وێدا ده‌ستیان به‌كار ده‌كرد، زۆر به‌كه‌می ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ نێو بازنه‌ كانی خۆیان ترسیان له‌هه‌موو شتێك بوو، نه‌وه‌ك قین له‌دڵێك تۆمه‌تێكی بۆ رێكخا، كاتێك له‌یه‌كێك له‌شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان چاوی پێبكه‌وێ، كێشه‌كان له‌نێو ئه‌و شه‌قامانه‌ رۆژ به‌رۆژ زیاتر ده‌بوو، كه‌س به‌هانای كه‌سه‌وه‌ نه‌ده‌هات، یان ترسی له‌وه‌ بوو هاوكاری هاوڕێیه‌كی بكات، نه‌وه‌ك تۆمه‌تێك بخه‌نه‌ پاڵ، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌شێك له‌وانه‌ی بۆ گه‌شتیاری ده‌هاتنه‌ شه‌قامه‌ بازنه‌یییه‌كان، كاتێك سه‌یری چاوانیانت ده‌كرد، هه‌ستده‌كرد ئه‌وانیش له‌زوڵمێك هه‌ڵاتوون، به‌ڵام ده‌یانه‌وێ به‌و گه‌شته‌یان خۆیان له‌بیر بكه‌ن، هه‌موو شتێكی ناله‌باریان ده‌كرد، سه‌رنجی ئه‌ولاو ئه‌وڵایان بۆ خۆیان راده‌كێشا، خۆیان به‌به‌خته‌وه‌ر ده‌زانی كاتێك متمانه‌یان به‌یه‌كێك بوایه‌ دڵ و ده‌روونی خۆیان ده‌كرده‌وه‌، كه‌سانی نێو شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كانیش ته‌نیا گوێیان راده‌گرت، نه‌وه‌ك ئه‌مه‌ فێڵێك بێ تا دڵ و دروونی خۆیان بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ته‌نیا گوێیان ده‌گرت، زۆرجار چایخانه‌كان ته‌نیا كه‌سانی گه‌شتیاری تیادا بوو، به‌زمانێك قسه‌یان ده‌كرد، بێزاری پێوه‌ دیار بوو، به‌ڵام ئه‌وانیش نه‌یانده‌توانی به‌ته‌واوی هه‌رچی له‌ده‌ڵیاندایه‌ بیدركێنن.

ته‌نیا ده‌یانگوت شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كانتان به‌شێوه‌یه‌ك رازاوه‌یه‌ دڵ و ده‌روونی هه‌مووان ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ به‌هه‌شتێكه‌ ئێوه‌ تیایدان، ئێوه‌ ته‌نیا كه‌مێك كه‌له‌ ره‌قن ده‌نا ده‌تانتوانی خۆشترین ژیان به‌سه‌ر ببه‌ن و ته‌لاره‌كانتان وه‌ك خۆتان به‌رز بێ.

گه‌ڕه‌كه‌ دووره‌كانی دوا بازنه‌، زۆربه‌یان كریستیانی بوون له‌رووی هه‌وادارییه‌وه‌ زۆربه‌یان سه‌ر به‌ بازنه‌ی رژێم بوون، ئه‌وانیش ترسێكی گه‌وره‌یان له‌رژێم بوو، كه‌چی به‌هۆی دامه‌زرێنه‌ری ده‌سته‌ی رژێم خۆیان كردبووه‌ به‌شێك له‌رژێم، ئه‌وان له‌ترسی كه‌سانی خراپ و ده‌مارگیر خۆیان به‌ژێمه‌وه‌ هه‌ڵواسیبوو، نه‌وه‌ك له‌م ژماره‌یه‌ كه‌متر ببن و بۆ جارێكی دیكه‌، ئه‌و به‌شه‌ی ماوه‌ روو له‌هه‌نده‌ران بكه‌ن، زۆر به‌كه‌می پێوه‌یان دیار بوو زوڵم له‌خه‌ڵك بكه‌ن، به‌شێكیان پێیان شوره‌یی بوو ئازاری كه‌سانی نێو هاو شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كانیان بده‌ن، هه‌رده‌م ده‌یانگوت “دونیا شه‌و و رۆژێك نییه‌”، ئێمه‌ سه‌رده‌مانێك ئیمپراتۆریه‌تمان له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ هه‌بوو، به‌ڵام ده‌بینی ئێستا ئێمه‌ ته‌نیا كه‌مینه‌یه‌كین، بۆیه‌ زوڵم و زۆری ته‌نیا تاوانێكه‌ و له‌ئه‌ستووریدا ده‌پسێ، كه‌چی به‌شێك له‌وانه‌ له‌ بارگای رژێمه‌كه‌یان له‌نێو شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان په‌رت و بڵاو بوون تا خۆیان له‌هه‌موو په‌رته‌وازه‌یه‌ك و دووباره‌ شكانه‌وه‌ ببن، چه‌ند تاكێكی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ دووره‌ كریستانیانه‌ بوو بوون به‌به‌شێك له‌شاخ و خۆیان له‌ شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان جیا نه‌ده‌كرده‌وه‌، مێژوو شایه‌ده‌ هه‌ندێكیان گیانیان به‌ختكرد بۆ ئامانجێك، كه‌ باوه‌ڕیان پێی هه‌بوو، خه‌ڵكی گه‌ره‌كه‌ دووره‌كانیش، كه‌ له‌دوا بازنه‌دا بوون، ترس و دڵه‌ڕاوكێ گیانی ئه‌وانیشی داگیر كردبوو.

سه‌ره‌ڕایی هه‌موو ئه‌و ناخۆشی و ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازاره‌ ژیان به‌رده‌وام بوو، هه‌ندێكجار شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان له‌كه‌لاوه‌ ده‌چوو، هه‌ندێكجاریش گه‌شاوه‌ ده‌بوو، به‌ڵام هه‌رده‌م ترس له‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا زاڵ بوو، زاڵبوونێك هه‌موو شتێكت لێ بوو بووه‌ سیخوڕ، ترست له‌وه‌ بوو له‌نێوان ده‌رزه‌كانی ماڵه‌كه‌تدا قسه‌ و وته‌كانت بپه‌ڕێته‌وه‌ و تۆمه‌تێكت بۆ هه‌ڵبه‌ستن، هیچ دایك و باوكێك قسه‌ی ته‌واوی ده‌روونی بۆ منداڵ و نه‌وه‌كانی نه‌ده‌دركاند، نه‌وه‌ك له‌كۆڵان بیگڕێته‌وه‌ و خۆی قوڕ به‌سه‌ر خۆیدا بكات.

ئیتر به‌و شێوه‌یه‌ چیرۆكی شه‌قامه‌ بازنه‌ییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بوو، هیچ ئاسۆیه‌ك نه‌ده‌بینرا، خه‌ڵكه‌كه‌ راهاتبوو تا خۆیان له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ بگونجێنن.

کێشەی سەرەکی خەڵکی ئەو بازنانە خودی خۆیان بوون، واتە ترسیان لەهەموو شتێک بوو، زۆر جار لەناکاوێکدا بەهەواڵێک دڵیان دادەخورپا، یان ئەوەتا یەکێک لەسەربازەکانی ئەو بازنەیە لەبەرەکانی جەنگ تەرمەکەیان بەئۆتۆمبیلێکی تەکسی یان سووپا دەهێنایەوە، هەروا شەوانە شاخ دادەبەزییە نێو شار، ئەمە مایەی دڵ خۆشی شەقامە بازنەییەکان بوو، بەڵام کاتێک رۆژ دەبووە، هیچ ترووسکەیەکی رووناکی نەدەبیندرا، هەرچی جاش و ئەمن و مەفرزە خاسەکان هەبوون ناو شاریان دەتەنی بە ئاماژەی سیخوڕەکانیان، شۆفەڵەکان خانوویەکیان دەڕووخاند، بەو بیانووەی لەشەودا پێشوازییان لەشاخ و چیاییەکان کردووە، دیمەنێک بوو تا ئەو پەڕی جەرگبڕ بوو.