ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 جان دۆست لە (میرنامە)دا، هونەرمەندانە کاری لەسەر ژیاننامەی ئەحمەدێ خانی کردووە، (خوسرەو جاف)یش لە (شازادە و شاعیر)دا، هەرچەندە  بیۆگرافیای نالیی گێڕاوەتەوە، بەڵام ئەوەی لەبەر چاو بووە، ڕۆمان دەنووسێت، ژیاننامە نانووسێتەوە. دەربارەی ئەو دوو ڕۆمانەم نووسیوە و بەرزم هەڵسەنگاندوون. (ئەو هاوارەی نەبیسترا،) ڕۆمانێکی نوێی ئارام محەمەدە، کارەکتەرە سەرەکییەکەی (دڵدار)ی شاعیرە، ڕووناکی خراوەتە سەر هەموو ئەندامانی خێزانەکەی ، زۆربەی دۆست و ناسیاوەکانی و گەلێک لەو کەسایەتییانەیشی له سەردەمی ژیانی دڵداردا (١٩١٨ - ١٩٤٨) چالاک و ناسراو بوون.

 وەک چۆن سەرهەڵدانی هەر ژانرێکی ئەدەبی، زادەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانە، هەر وایش ئاوابوونی خۆری ئەم یان ئەو ژانری ئەدەبی، بە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەندە، ئەوە بۆیە کە خۆری داستان ئاوا دەبێت، ڕۆمان سەرهەڵدەدا. ڕۆمان وەک تۆمارێکی گشتگیر وایە، بارودۆخی ئەم یان ئەو جڤاکی، لە سەردەمێکی دیاریکراودا تێدا بەسەر دەکرێتەوە و بە هەق منداڵێکی شارییە. نە ڕۆمان تەنیا زەنگی ئاگادارکردنەوەیە، نە ڕۆمانننووس تەنیا مێژوو دەگێڕێتەوە، ڕۆمان: فیکر، مەعریفە، زمانی جوان، پێشبینیکردنی ئایندە و کردنەوەی کۆدەکانی ئەم دونیا ئاڵۆزەیشە. ئەوەی مێژوونووس فەرامۆشی دەکات، لە ڕۆماندا دەیدۆزینەوە، ڕۆمان گوتاری زەبروزەنگ بەرهەم ناهێنێت و بە هەمان چاو سەرنجی قوربانی و ستەمکار نادات.

 بەرلەوەی زانستێکی سەربەخۆ بێتە کایەوە، ناوی: دەروونشیکاری بێت، دەستۆیفسکی زانایەکی بواری دەروونشیکاری بوو. جولیا کریستیڤا کە زاراوەی دەقئاوێزانی داهێناوە، دەڵێت: فرۆید لەبەر تیشکی ڕۆمانی دەستۆیفسکیدا، بە تایبەتی: تاوان و سزا و برایانی کارامازۆڤ، باسی لە تاوانی کوشتنی باوک و گرێی ئۆدیپ کردووە. ڕۆمان درێژدادڕی و لاپەڕە ڕەشکردنەوە نییە، دەمامکێکە لەو دیوییەوە، گێرەرەوە ڕۆڵی بیرمەند وازی دەکات و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە واقعێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو. گێڕەرەوە کە خودی ڕۆماننووسە، ئەگەر خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی قووڵ و فراوان نەبێت، لەکوێ دەتوانێت، بچیتە پێستی هەموو کەسایەتییەکانەوە؟

 ئەگەر بۆ ئەوە ڕۆمان دەنووسیت تا بڵێێت: ڕۆمانی دیکەم خستە سەر خەرمانی ڕۆمانەکانم، نەینووسیت باشترە. ڕۆمان لە بۆشایییەوە پەیدا نابێت، ئەگەر بابەت و تێما و بیرۆکەی نوێت پێ نییە، ئەگەر شێوازێکی نوێ بۆ بەسەرکردنەوەی واقیع و دیرۆک شک نابەیت، ئەگەر بە زمانێکی نوێوە ناگەڕێیتەوە، نەینووسیت باشترە. ئەگەر خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەی هەر لاپەڕەیەکی ڕۆمانەکەتدا، بە پەرۆشەوە دەست بە خوێندنەوەی لاپەڕەی دواتر ناکات، هەق نییە ڕۆمان بنووسیت. ئەگەر ناتوانیت وەک چارڵز دیکنز، لە ژیاننامە، ڕۆمان بەرهەم بهێنیت، داڤید کۆپەرفیڵد بە نموونە، هەقە توخنی گێڕانەوە نەکەوێت.

 ڕۆمانی مەزن کاریگەرییەکی قووڵ، بۆ ماوەیەکی درێژ بەجێ دەهێڵێت. ئەوە لایەنێکی لاوازی ڕۆمانە، ئەگەر نووسەرەکەی لەناکاو لە ئەتمۆسفیری گێڕانەوەکەی دوور بکەوێتەوە و بچێتە سەر باسێکی دیکە کە هیچ خزمەتێک بە درامای ڕۆمانەکە ناکات و لە درێژدادڕی بەولاوە هیچی دیکە نییە. زۆر لە گەورەڕۆماننووسانیش لاقیان بەو تەڵەیەوە بووە، بە تۆلستۆی و بالزاکیشەوە. ئەوەیش زۆر گرنگە نووسەر لێ گەڕێت، کارەکتەرەکانی لەڕێی گوتار و ڕەوتاریانەوە خۆیان بناسێنن، خۆیان خۆیان بگێڕنەوە نەک نووسەر دەست وەربداتە ژیانیانەوە، ئارام محەممەد وای کردووە. کارەکتەری زیندوو، کەسێکە هەڵسوکەوت و بیر و بۆچوونی جێی بڕوان، بالزاک لە گیانەڵڵادا گوتبووی: دۆکتۆر (بیانشۆ)م بۆ بانگ بکەن، مەگەر تەنیا ئەو بە هانامەوە بێت، بیانشۆ یەکێک بوو لە کارەکتەرەکانی خۆی.

 ڕۆماننووسی وریا تەنیا لەبارەی ئەو بابەتانەوە دەنووسێت کە شارەزایی تێیاندا هەیە، یان سەرەتا دەچێت شارەزایی لەبارەیانەوە پەیدا دەکات، ئەوسا لەسەریان دەنووسێت. نووسەری چاک ئەو کەسە نییە، ئەم ڕەخنەگر یان ئەو ئوستادی زانکۆ پەسنی بدات، نووسەرێکە ڕۆمانەکانی زەمەن دەبڕن و نەوە دوای نەوە ئامێزی دڵیانی بۆ دەکەنەوە."مارکیز بەرلەوەی ڕۆمانی (جەنەڕاڵ لە وێڵگەکەیدا) بنووسێت، هەزاران بەڵگەنامە دەربارەی جەنەڕال بۆلیڤار دەخوێنێتەوە، لوکلیزۆ دەچێت لەناو ئەو خێڵانەدا دەژی کە نیازی وایە، ڕۆمانێک لەبارەیانەوە بنووسێت و (پاتریک زوسکیند)یش هەر چی لە فەرەنسای سەدەی هەژدەیەمدا، دەبارەی عەتر هەبووە، بەسەری کردوونەتەوە، ئینجا ڕۆمانی (عەتر)ی نووسیوە." ئارام محەممەد شوێنپێی ژیاننامەی(دڵدار)ی هەڵگرتووە و سەرەتا بە وردەکارییەکانی تەمەنی کەمخایەنی ئاشنا بووە، ئەوسا دەستی بە نووسینی (ئەو هاوارەی نەبیسترا) کردووە کە هەم دڵدارمان پێ دەناسێنێت و هەم بەرهەمێکی بە خەیاڵ زاخاودراویشمان پێشکەش دەکات.

 لە ڕۆمانی (ئەو هاوارەی نەبیسترا)دا ئاوڕ لە گەلێک بەسەرهات و ڕووداوی سەردەمی ژیانی دڵدار (١٩١٨ - ١٩٩٤٨) دراوەتەوە، کەچی باسێک لە مانگرتنی گاورباغی نییە، هەرچەندە دڵدار ساڵانێک لە کەرکووک ژیاوە و مارشی (ئەی ڕەقیب)یشی لەوێ نووسیوە. لە (١٢ی تەمووزی ١٩٤٦)دا، کرێکارانی مانگرتووی کومپانیای نەوتی کەرکووک، لە گاورباغی وەبەر گولـلە دەدرێن و گەلێکیان لێ شەهید و بریندار دەبن و دوای ئەو قەسابخانەیە، سەرەتا وەزیری ناوخۆ و دواتر سەرەکوەزیرانیش دەست لە کار دەکێشنەوە. لەسەردەمی دڵداردا، شۆڕشی دووەمی بارزان بەرپا دەبێت و دوای نسکۆی شۆڕشەکە، شۆڕشگێڕان بە کۆماری کوردستانەوە پێوەست دەبن. هەقبوو نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا، مانگرتنی گاورباغی و شۆڕشی دووەمی بارزانی فەرامۆش نەکردبا.

 لە ڕۆماندا شوێن بایەخێکی زۆری هەیە، ئەوەی کە فڵان شوێن بەجێ دەهێڵین، بەو مانایە نییە، ئیدی ئەو شوێنە لە یادگەماندا شوێنەواری نامێنێت، نا، ئەو شوێنە لە ناخماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. ئارام محەممەد بایەخێکی شایستەی بە شوێن داوە و ئەوەیشی فەرامۆش نەکردووە کە شوێن هەر شار و گوند نییە، بەڵکوو بە پلەی یەکەم یادەوەرییەکانە لەگەڵ خەڵکی ئەو شوێنانەدا.ئەوە ئیشی ڕۆمان نییە، دەرسی ئاکار بڵێتەوە، مۆچیاری ببەخشێتەوە و پشت بە زمانی ڕاستەوخۆ ببەستێت، لاقی (ئەو هاوارەی نەبیسترا) بەو تەڵانەوە نەبووە. ئیشی ڕۆمان ئەوەیە، ناڕاستەوخۆ فێرمان بکات، ئازادانە بیر بکەینەوە، ڕێز لە بیروڕای جیاواز بگرین و قووڵ لە دیاردەکان ڕابمێنین. وەک چۆن وێنەی شیعری بەرهەمی بەگەڕخستنی خەیاڵە، ڕۆنانی دونیایەکی جیاوازیش لەوەی لە واقیعدا هەیە، هەر بەرهەمی خەیاڵە، خەیاڵی ڕۆمانننووسێکی کارامە.

 کۆلڕیج گوتەنی: "خەیال ئەو هێزەیە دەتوانێت هاوئاهەنگی لەنێوان ڕەگەزە ناکۆکەکاندا بهێنێتە ئاراوە." هەر بەهۆی خەیاڵیشەوە دەتوانین، سەرلەنوێ دونیا ڕۆ بنێینەوە، ئەگەر سەلیقەی ئەوەمان هەبێت خەیاڵ لە وەهم جیا بکەینەوە. ڕۆماننووس بە پلەی یەکەم خەیاڵ شک دەبات، بەهۆی خەیاڵێکی زەنگینەوە، ئەوەی دەیگێڕێتەوە هەرچەندە واقیع نییە، خوێنەر بە ڕووداوی ڕاستەقینەی تێدەگات، بە مەرجێک ئەو گێڕانەوەیە، ئەگەری ڕوودانی هەبێت. لە (ئەو هاوارەی نەبیسترا)دا، ئەو (ڕووداو)انەیشی زادەی خەیاڵی نووسەرن، وەک ئەو ڕووداوانەی لە واقیعدا قەوماون، جێی باوەڕن.ڕۆمانی گرنگ ئەوەیە زەمەنبڕ بێت و لەم نەوەوە بۆ ئەو نەوە بگوێزرێتەوە، ئارام محەمەد باشی کردووە، ژیاننامەی دڵداری هەڵبژاردووە، ئاخر کارێکی کردووە، ژیانی کورتی ئەو شاعیرە شۆڕشگێڕە، بۆ ماوەیەکی درێژ لە کۆنەستی گەلدا بژی. یەکێک لە ئەرکەکانی ڕۆمان ئەوەیە، خوێنەر بۆ سنگفراوانی و لێبوردەیی هان بدات، نەک تۆوی ڕق بچێنێت، ئارام محەممەد هەرچەند باسی گەلێکی ستەمدیدە دەکات، بەڵام لە هەوڵی ئەوەدا نییە، ڕقی کورد لە گەلانی دیکە بورووژێنێت.

 ئەگەر گەوجەکان لە دژی کەسێک یەکیان گرت، ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی، ئەو کەسە بلیمەتە. جۆناسان سویفت وای گوتووە. دڵدار هەر لە سەردەمی خۆیدا دژایەتی نەکراوە، تا هەنووکەیش دژایەتیکردنی لەلایەن لەشکری گەوجانەوە، درێژەی هەیە.ئارام محەمەد هەرچەندە لایەنی دڵداری گرتووە، بەڵام ئەوەی لە یاد بووە، خەریکی نووسینی ڕۆمانە، نەک داکۆکیکردنێکی ئایدۆلۆجی لە هاوفیکرێکی خۆی.سەرۆکی حیزبی هیوا: ڕەفیق حیلمی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، دەبێت ئەندامانی نوێ، سوێند بە (خەنجەر و قورئان) بخۆن کە ناپاکی ناکەن. دڵدار چاک دەکات کە لە دژی ئەو پێشمەرجە دەوەستێتەوە، ئاخر ئەو جۆرە نەریتە، ئیخوان لە ماسۆنییەکانەوە فێری بووبوو، ئاخر دڵدار پێی وابوو، نە خەنجەر و نە ئەم یان ئەو کتێبی دێرین، هیچیان دەربڕی فیکری نوێ نین و ئەوە کوردایەتییە، کوردان کۆ دەکاتەوە، نەک چەک و ئایین. "کورد پێویستی بە حیزبی ئەمەل (هیوا) نییە، پێویستی بە حیزبی عەمەلە." ئەوە بۆچوونی فەهد دەبێت سەبارەت بە حیزبی هیوا.

 بە بەراورد لەگەڵ زمانی نەوەکەیدا، ئارام محەمەد (ئەو هاوارەی نەبیسترا)ی بە کوردییەکی جوان و دروست و پاراو نووسیوە، بەڵام هەندێک هەڵەی گچکەی کردووە کە هەق نەبوو بیانکات:

دەست (بخەمە) ملی،  نا، بکەمە.

هەوڵی زۆریاندا، نا، هەوڵی زۆریان دا.

حیتوهۆڕ، نا، حیلکوهوڕ.

بەناو تەمتوومان و تارماییدا بڕۆیت. بەناو تەمتوماندا دەڕۆین، بەڵام بەلای تارماییدا دەڕۆین نەک بە ناویدا.

چرقەی نیوەڕۆ نا، قرچەی نیوەڕۆ.

گوێ وڕ و کاس دەکەن. وڕ بۆ ئەو جێیە دەست نادات، تەنیا کاس بەسە.

لەتەنیشت پیاوێکی (قژدرێژ) دانیشبووم. قژدرێژ(ەوە) دروستە، نزیکەی هەموو نووسەرانی کورد، ئەم هەڵەیە دەکەن، نازانن لەکوێدا نابێت (ەوە) فەرامۆش بکرێت.

لاشەم بەدوای خۆمدا ڕادەکێشا. لەش بۆ ئەوجێیە دروستە، لاشە بە مانای تەرم دێت.

ژنە چارۆکەبەسەرەکان، چارۆکە بەسەر شاندا دەدرێت.

 ناکرێت ڕۆمانێک بنووسین، هەڵگری هیچ پەیامێک نەبێت، هیچمان پێ نەڵێت و هیچمان لەکن بەجێ نەهێڵیت، ڕۆمانی (ئەو هاوارەی نەبیسترا)ی ئارام محەمەد کە بە مەرگی دڵدار دەست پێ دەکات و هەر بە مەرگیشی دوایی دێت، هەڵگری پەیامێکی ئینسانییە، پەیامی گەلێکی بندەست، لە پێناوی ئازادیدا دەخەبتێت. ئارام محەمەد، بە پێچەوانەی ئەو نووسەرانەوە کە تۆوی نائومێدی دەچێنن، نیشتمان لای هاووڵاتی ڕەش دەکەن و  تاک بە بێهوودەیی دەسپێرن، دێت ناڕاستەوخۆ لەڕێی بەسەرکردنەوەی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەرەوە، لاوان بۆ خۆشویستنی نیشتمان و بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی هان دەدات.یەکێک لە لایەنە هەرە گەشەکانی ڕۆمانەکە ئەوەیە، نووسەر بایەخێکی زۆری بە ڕۆڵی زەینەب خانی خوشکی دڵدار داوە، ئەو شاعیرەی بە ناوی (کچەکورد)ەوە، شیعری نیشتمانی و چینایەتی بڵاو کردووەتەوە، لە بواری سیاسیدا چالاک بووە و کاریگەرییەکی پۆزەتیڤیشی لەسەر دڵداری برای هەبووە.

 ٤ی ئایاری ٢٠٢٢