ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سازدانی: هێرش مغدید

محەمەد تاهیر یەكێكە لە كەسایەتییە هونەرییەكان لە بواری شانۆ‌و دراما‌و ئەزموونێكی زۆریشی لەو بوارەدا هەیە‌و بەشداری چەندین شانۆگەری‌و درامای كردووە، لە گۆشەی یەك پرسیار لێمان پرسی: هۆكاری كەمی یاخود نەبوونی بینەری شانۆ بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا هونەرمەند محەمەد

تاهیر بەو شێوەیە وەڵامی داینەوە.

ئەم بابەتە كۆمەلێك هۆكاری هەیە و لە چەند ڕەهەندێکەوە دەتوانین وەڵامی بدەینەوە و بەردەوامیش بۆتە هەڕەشە لە سەر رەوتی شانۆیی،

سەرەتا هونەر بە گشتی و شانۆ بە تایبەتی هێشتا نەبۆتە كەلتور و بەشێك لە تەواوكارییەکانی ژیانی تاکی كورد، وەكو چاوگێك و فێرگەیەكی رۆشنبیری سەیری ناکرێت، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ سەرەتا پەروەردەکردنی منداڵ و سەردەمی قوتابخانە كە لەلایەن مامۆستایانی هونەری ئەم بابەتە نەک هەر مافی خۆی پێنەدراوە، بەڵكو بەچاوێكی كەمتر لە ئاستی شایستەی خۆی سەیر كراوە و فەرامۆشكراوە.

ئەگەر لە وانەكانی هونەر لە قوتابخانەکان ئەو حەزو ئارەزووە لە یادەوەری منداڵدا دروست بكرێت ‌و بەهرە شاراوەكانیان بدۆزرێنەوە و دركیان پێ بكرێت و گرنگیان پێ بدرێت، ئەوا نەوەیەكی تەندروست و رۆشنبیر بەمانا بەرفراوانەكەی دێنێتە ئاراوە.

سەرباری ئەوەش هونەر بەگشتی و شانۆ بە تایبەتی نەبۆتە پیشە و بوارێک بۆ هونەرمەندان تا بژێوی ژیانیان تێدا دەستەبەر بكەن، بەڵكو وەكو ئیشی دووەم و سێیەم تەنانەت وەک خولیا سەیری كاری شانۆیان دەكەن و ئەوەی لەم بوارەدا دەستیان دەكەوێت نابێتە هۆی فریادرەسیان بۆ بژیوی ژیانی رۆژانەیان، چونكە لەهەموو دونیا ئەوەی ئێمە گوێبیستی دەبین كاستی شانۆیی رۆژانە بۆ ماوەی هەشت كاتژمێر مەشق و راهێنانەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن ، ئالێرەوە بۆمان بەدەر دەكەوێت پێشەمەندی كارەكە لێرەوە دەست پێدەكات و داهێنان روودەدات نەک كاتژمێرێك و دووان پرۆڤە بۆ نمایشێکی شانۆی بكەیت و وەكو كاری دووەم و سێیەم سەیری بكەین.

ھەرەھا لە سەرەتای ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی رابردوو بە كردنەوەی پەیمانگای ھونەرە جوانەكان و دوای چەند ساڵێك لە خوێندنی وانەی ھونەر كۆمەلێك لە قوتابیان و دەرچوانی پەیمانگا ھەڵسان بە نمایشكردنی كۆمەلێك نمایشی شانۆیی لە ژێر ناوی ھونەر بۆ ھونەر كە ئەمجۆرە نمایشە جگە لەوەی دەرئەنجامی باش نەبوو بەڵكو بووە ھەڕەشە و بێ ئومێدیی بۆ بینەران وای لە بینەران كرد تەواو دوور بكەونەوە لە ھۆڵەكانی نمایش چونكە ئەمجۆرە نمایشانە تێگەیشتن و ئاماژەكانی بەرتەسك دەكردەوە بۆ کەسانی پسپۆر لە شانۆ نەک بۆ بینەران بەگشتی.

جگە لەوانەش بەداخەوە پەیمانگای ھونەرە جوانەكان و كۆلیژی ھونەرە جوانەكان تا ئەم ساتەش نەیاتوانیوە ئامانجەكانی خۆیان بە تەواوەتی بپێكن لە دروستكردنی كادیری چالاك و بەھرەدار و خاوەن سەلیقە و مامۆستای رۆشنبیر و ماندوونەناس ھەر ھیچ نەبێت دەرچوانی بەشەکانی شانۆ خۆیان ببن بە بینەرێکی باش بۆ نمایشەکان كە ئەمەش بە ھۆكارێكی تری نەبوونی بینەران دەزانم جگە لە نەبوونی ھۆلێكی شانۆیی گونجاو و پاڵپشتێكی تەواوی بە بەرنام لەلایەن حكومەتەوە كە دووربێت لە كەسانی حزبی و لەسەر بەرژەوندی برادەرایەتی دابنرێن.