ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئه‌وا ئه‌مشه‌و شه‌وی یه‌ڵدایه‌ خاتوون

شه‌وی پاڕانه‌وه‌ له ‌خوایه خاتوون

ئه‌وه‌ی ده‌ستی له‌ قاپی خوا بڵندكا

گه‌داش بێ، ده‌وڵه‌مه‌نده‌، شایه‌ خاتوون

*

ده‌ڵێن مه‌جنوون كه‌ شێتی ده‌شت و كۆیه‌

له‌به‌رچاوی ره‌شی له‌یلایه‌ خاتوون

منیش هێنده‌ی ئه‌وم حه‌سره‌ت له‌ دڵدا

به‌وه‌ی نییه‌ ناڵه‌ناڵم نایه‌ خاتوون

*

به‌ده‌ستی كێت سپاردووم خۆشه‌ویستم

له‌لای كه‌س وا سه‌بووریم نایه‌ خاتوون

ئه‌دی بۆچی ئه‌وه‌ند دووره‌په‌رێزی

هه‌واڵێكت به‌لامدا نایه‌ خاتوون

*

سیاماڵت له‌كوێ هه‌ڵداوه‌ ئێستا

كه‌ تاوڵی من شڕی ده‌م بایه خاتوون

ده‌ڵێی كوێستانی ساردی خۆشه‌ویستیت

به‌بێ من وه‌ك شه‌رای سارایه ‌ خاتوون‌

*

ئه‌وا پاییزی چاوی من په‌ڵه‌ی دا

خه‌زانێكی چ پڕ غه‌وغایه‌ خاتوون

نه‌وی نابێ به‌تۆف و با سریشكان

سه‌ری سه‌ودام... سه‌ری سارایه‌ خاتوون

*

ده‌ڵێی من بێكه‌سم، خۆ من غه‌ریبی

به‌ باڵامدا وه‌كو كاڵایه‌ خاتوون

ده‌زانم پیری ئێستا ده‌ستی گرتووم

كه‌ سۆزێكت به‌لامدا نایه‌ خاتوون

*

به‌ جوانی خۆت مه‌نازه‌، رۆژێ دادێ

له‌پێ كه‌وتووی، ئه‌وه‌ دنیایه‌ خاتوون

سه‌ری تۆم بۆ سه‌لامه‌ت بێ، ئه‌من هیچ

كه‌ چاره‌ی ده‌ردی من قه‌ت نایه‌ خاتوون

*شه‌رای سارا: وڕه‌ی گه‌رمی هه‌وای بیابان

*سه‌ری سارا: لووتكه‌ی چیای سارا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ خۆرهه‌ڵاتی به‌نداوی دووكان.