ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

 شیڤان شێرزاد

لە دوای کۆچە ناوەختەکەی هونەرمەندی ناسراو (عەزیز سەلام)، کوردستان ڕەشی پۆشی.

بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندەش لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ـەوە جۆش و خرۆشێکی زۆری بە گۆرانی و موزیکی کوردی بەخشی بوو.

گۆرانی (کۆچ)ـیش ببوو بە ناونیشانی ئەو هونەرمەندە، ئەوەی ئێستاش گوێی بۆ دەگرێت مووچرکێک بەلەشی دا دێت و فرمێسکێکی گەرم بۆ ئەو ڕوحە جوانەی عەزیز هەڵدەڕێژێت.

(وارڤان شێرزاد عەبدولڕەحمان)ـی هونەرمەندیش لەگەڵ گرووپێکی موزیسیان و چەند دەنگێکی پڕ لە سۆزی هەولێر گۆرانی (کۆچ)ـیان لەسەر ئارامگەکەی هونەرمەند وێنەگرتووە و بڕیاریشە لە یەکەمین ساڵیادی (عەزیز سەلام) بڵاوی بکەنەوە.

(وارڤان شێرزاد) سەبارەت بەو کارە هونەرییەی دەڵێت: دیارە مەرگی هونەرمەندی ئازیز کاریگەریی کردە سەر دەروونمان و هەموومانی تووشی شۆک کرد، چونکە ئەو یەکێکە لە دەنگە زوڵاڵەکانی کورد و هەولێر بەتایبەتی، بە نەغمەی بولبوولی ئەو هونەرمەندەش هونەر لە دڵی من و دەیانی دیکە چەکەرەی کردووە، بۆیە وەک وەفا و سۆزێک بۆ ئەو ڕوحە پاکە، لەگەڵ هەریەک لە هونەرمەندان (ئیدریس ڕواندوزی، ڕائید شامل، کاروانی نانەکەلی، دانا کەرکوکی، شاخەوان بەدەویی) و بە سەرپەرشتی (زانا مەرزانی) و بە ئۆرگەکەی (کاروان نانەکەلی) جارێکی تر ئەو بەرهەمان تۆمارکردەوە و بڕیاریشمان داوە لە ساڵیادی هونەرمەندی جوانەمەرگدا بڵاوی بکەینەوە و تاجەگوڵینەی وەفا لەسەر ئارامگەی هونەرمەند دابنێین.