ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مەترانی مەحەبەت.. شەماڵ بارەوانی

وەک کاتۆلیکێکی وێڵ

هاتومەتە قاپی کلێسای بوونت

دەرگای مەزەبی هەستتم بۆ بکەرەوە

بە ئاوی ئەوینت تەعمیدم کەو

سورەتی عیشقم بەسەردا بخوێنە

لە بەردەم پەیکەری پاکیزەیی بوونت

مۆمی پاڕانەوە دادەگیرسێنم

نوێژی ئەوین ئەنجام دەدەم و

ئایەتی توانەوە دەخوێنم

وەک گاورێکی نێو دێری دڵت قبوڵم کە

کێکێ گۆنات بخەرە دەمی تامەزرۆییم و

بەشەربەتی لێوت ڕۆحم زیندو کەرەوە

لە ئینجیلی ئارامی ئامێزتم بگرە و

بە خاچی باڵاتەوە هەڵم واسە

لە بێ تۆییدا ڕزگارم کە و

بە ماچی پەسەند بوون پیرۆزم کە

لە گۆشەیەکی کەنیسەی ڕۆحتدا

بمکە بە مەترانی مەحەبەت

بەرگی (ڕەبەن)ی بوونم لە بەرکە و

تەڵاقی هەمیشەیی تەنیاییم پێ بدە