ئەو سێبەرە لە کوێ هەڵخەم ؟!
خەریکە ئێمەش ،
گۆزەکانمان پڕ دەبن لە تاریکـــی .
فێرنەبووین ،
ئاوڕ لە سێبەری هەتاوێک بدەینەوە !
خەریکە ئێمەش ،
وەڕەس دەبین لە ڕەنگکـردنـی سپێدەو
لەبەتاڵکردنەوەی نوشتەکانی ئیمان و
پڕکردنــی مەرکانەکانی دووری !!
فێرنەبووین ،
لە خۆڵەمێشی خەزان ،
کتێبێکـی لێ پڕ کەیــن و
چڵێک لە مۆسیقا لە ئەگریجەی باران دەین !
فێرنەبووین ،
بۆنی بڵێسەکانی ،
لەسەربانی ؛ بـا ؛ هەڵنەخەیــن !
لەوانەیە پایز بێت و پێڕانەگەین
لەدیواری کەنەفتی ؛ بــا ؛ بنوسـیــن
خەتای پەنجەکانی قەدەربوو
خۆڵی کردە چاوی هەتاو !!
ئاخر چیبکەم !
تۆ لەپەڕینەوەی هەناسەکانی من
لە ماریفەتی ئێوارەیەکی ئاڵ و
بەسەر پەرژینە کەسکەکانی شیعر ڕانەهاتــی !
پێم گوتـی :
ڕۆژێک دەبێ
باشووری ئەو ڕوبارەم
پڕ دەکەی لە نهەنگــی حاشات
بەردی ئەو دنیایە دەگریە شوشەی پیاوەتیم !
هەرخۆم زانیم !
ڕۆژێک دەبمە شیعرو ،
لە هاوینــی ئاگرێک بەردەبم !
زانیم ڕۆژێک ،
وەک گۆرانی لەسەر بەردە لووسەکانی ڕوبار شین دەچمەوەو
بۆ ئەبەد وەک ( ئــاو )دەربەدەر دەبم !!