ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بێزار دەبم و

بە هەر کۆڵانێک و شەقامیکدا دەڕۆم

بۆنی خیانەتیان دەمکوژێت

دەمەوێت وەکو ڕابردوو

لە ڕادیۆوە گوێ لەو گۆڕانیە بگرم

بەتامەزۆروە لەبەر خۆمەوە دەیانڵێمەوە

کاتێک دڵخۆش دەبم

خەیاڵ دەمباتە ناو بەهەشتی لێوی سوری تۆ

لە گەرما بێزارم

بەڵام لە تۆ دەئاڵێم

هەناسەت فێنکم دەکاتەوە

چاو و پرچی ڕەشت

روحم دەهێنێتە سەما

کە بێتاقەتیش دەبم لەناو خەندەکانی تۆدا

بەبێدەنگی دانیشم

نیوەی تەمەنم بۆ تەفسیر کردنی

ژیانی داهات و ڕابردووی خۆم تەرخان دەکەم

بڵێم: دەکرێ دوای سەد ساڵ دانیشتن بەخەیاڵ وێنەی تۆ سەرێک بکێشم بۆ هیچی دونیا

دەوەستم دەوەستم

ئەوەندە دەوەستم

تا خەیاڵ تەڵخ دەبێت

لەم دونیایە لەیەک درووین،

دەکرێت لە دونیایەکەی تر، لە پێشبڕکە بم بۆ بەدەست هێنانی تۆ؟

دانیشتوم تنۆک... تنۆک فرمێسک دەڕێژم

هەواڵێکی خۆشی دونیام بۆ نایە

خەمێکی قورس قوڕگی گرتوم.

نە ئەوەتە وازم لێ بهێنێت،

نە ئەوەتە بەجارێک کۆتایم پێ بهێنێت

پێم دەڵێن: دوای هەموو هەوارزێک نشێوێک هەیە!

ئەی نشێوی من کامە بووە؟

یان دەڵێن: دوای هەموو ناخۆشێک خۆشێک دێت؟

من و مێژووی خۆم

پێکەوە بەدەم مەستیەوە دانیشتووین،

پرسیارێک دەکەم.....

ئەرێ مێژووی من پێم بڵێ خۆشبەختیەکانم کامە بوون؟

مێژوو دەڵێت:

ئەوکاتە بوو لەناو سینە و مەمەی یار بوویت؟

یان دەستت لەناو دەست بووە و پیاسەیەکتان کردوە.

لەخۆم دەپرسم دەکرێ ئەوانە خۆشبەختی من بێت؟ لەوساوە خۆشی ڕوو لێ وەرگێڕاوم

ئێستا من لەکوێم و تۆ لەکوێیت؟

لەناو دوو ئاسمان؟

یان دوو ڕوبار

بەهیچ زەریایەک و دەریاک نامانگەیەنەتەوە یەکتری

دەی وەکو جۆگەیەک زەردی گەڵای تەمەنی ئەم باخەی دڵم بە فرمیشکی شادی ئاو بدە...

ئێستاش وەکو کوڕە عاشقەکانی جاران وێنەیەکی تۆ لە ئەلبومی خۆما بە دزیەوە لێت دەڕوانم و

لەگەڵ وێنەی تۆوە دەدوێم

. دەزانم

بەڵێ دەزانم

تۆش لەوکاتە خەیاڵت لای منە