هاوڕێیه‌كم هه‌بوو ڕووناك ڕووناك
به‌ڵام هه‌میشە ئهكوژایهوه
هاوڕێیه‌كم هه‌بوو تاریك تاریك
به‌ڵام هه‌میشه ئه‌دره‌وشایه‌وه
ئه‌و دیاره و هه‌م دیار نییه
ئه‌و هه‌م هه‌یه و هه‌م نییه
جارجار به‌فره ئه‌بارێ
سپیی سپیی ئه‌چێته‌وه
هه‌ندێ جاریش ئه‌ڵێی په‌یكه‌ری قووڕه
نه جووڵه‌ی هه‌یه نه وه‌ستان
ڕووناكه ئه‌ڵێی ڕه‌گه‌زێكه له تابان
تاریكه ئه‌ڵێی ئه‌به‌نووس
هاوڕێیه‌كم هه‌یه بۆته شووشهیێ له شه‌راب
ئه‌وه‌نده دڵخۆشه ئه‌دره‌وشێته‌وه
هه‌ندێ جاریش شتێ نییه جگه له ئاوبارێ عه‌زاب
ئه‌چێته كۆڕ و شانۆگه‌رییه‌كان
جارجار ئه‌چێته مه‌لهاكان
هه‌ندێ جاریش چه‌ند مانگێ ون ئه‌بێت
له كونجی تاریكی مزگه‌وته‌كان
یا بۆته بۆیێ له باڕه‌كان
كتێبی فه‌لسه‌فی خوێندۆته‌وه
هاملێتی له‌به‌ر كردووه
ناوه ناوه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئایه‌ته‌كانی قورئان
نه خواپه‌رسته نه بێ باوه‌ڕ
هه‌موو ئایینه‌كانی تێكه‌ڵ كردووه
مردووه ئه‌ڵێی زیندووه
زیندووه ئه‌ڵێی مردووه
ئینجیلی سپی و و مه‌سحه‌فی ڕه‌شی تێكه‌ڵ كردووه
شه‌راب و ئاوی زه‌مزه‌م و بیره‌ی فرێش ئه‌خواته‌وه
نه سه‌رخۆش ئه‌بێت نه ئایهغ
سه‌ر به هه‌موو ڕێكخراوی ژنانه و هه‌م پیاوان
له هه‌ندێ شوێن سه‌ركرده‌یه
له هه‌ندێ شوێنیش ده‌رگاوان
له مه‌یخانه‌كان ئه‌خواته‌وه
له ئاهه‌نگه‌كان گۆرانی ئه‌ڵی
له پرسه‌كانیش كتێبی خوا ئه‌خوێنێته‌وه
هاوڕێیه‌كم هه‌یه ڕووناك به‌ڵام هه‌میشه ئه‌كوژێته‌وه
خه‌م له هیچ شتێ ناخوات
به‌ڵام بۆ هه‌موو شتی ئه‌گری
دواجار كه بینیمه‌وه
پێی گووتم وه‌ڕه هاوڕێ ڕزگارم كه
بڵێ من چیم، هه‌م یا نیم
سینم یا جیم؟ ڕزگارم كه
ئێستاش هه‌ر ئه‌و هاوڕێیه‌م هه‌یه
هه‌ردووكمان هه‌ین
له‌و ڕۆژهه‌ڵاته خه‌مگینه له شێتخانهین
هاوڕێبهكم هه‌یه.