دەنگی ترازانی تیلەی چاوێکم گوێ لێبوو
هەرێمی دڵنەوایی نقووم بوو
چیرۆکی بارانێکی پێنووسی
هیچ ترپەیەک نەبوو نەبێ مۆسیقا
سەرم خستۆتە سەر خوێندنەوەی خەیاڵەکانت
لە ڕۆخی گریان
جەمبوونی هەرایەک دەبینم وەک ڕووناکی
شکانی سوپایەک بێرە دادێ
ڕەنگی تای گەرمی پەرتووکەکانی ساڵ دەبینم
قەمبووری وەڕسبوون
وەرزەکان ژێکانی بەربوونەوە
تەوری تاریکەکان بە نیگای تەرمێک پێدەکەنێ
لە گەواڵەی چیمەن دەترسێ
گەر دەنگم گەیشتبایە عەڕشی عەزیم
دەمگوت ئەو كۆد و تەڵیسمانە دوور بخەوە لێم
دەمگوت هاواری من هی ئەوە نییە بە زەنگیانەی خەونێكەوە هەڵبواسرێ
دەمگوت دەمەوێ لەو بەند و سایەقەی مرۆڤ دەرم بكەی
دەمگوت ڕەچەڵەكی ئەو حەشیمەتە بكەوە بە ئاو
چی بكەم دەنگم ناگا بە یەكەم بارانی ئیلاهی
پێی بڵێم
چ كارەساتێكە سەوزبوونی من
چ ئاماژەیەكی ترسناكە عاشق بوون
جگە لە هەڵوەدابوون و سووتاندنی نامەكانی ژوان بەشتێكیدی ڕاناگەم
جێگەی دڵی من بكەوە تا خەریكی تەواوكردنی خۆم بم
تا گوارەی تەوبەكردنی تاهەتایم قسە نەكا
ئەو ڕۆژەی كە بەو هەموو ماندووبوونەوە دەستت لەدروستكردنی دونیا هەڵگرت
لەبەر تاقیگەی بووڕوغێكی تیژدا سەرم قرتا
لە ژێر كەوشی پێستی جانەوەرێكی عیفریتدا
دڵم لەرزی
كەس نەیتوانی
دەنگی تەقینەوەی كانییەكان بكا بەئایەت
لە دەنگی ترازانی تیلەی چاوێكدا
قەرەبرووتی ئەو عالەمەم بینی نەدەزانن قسە بكەن
نەدەزانن چیرۆكی جووتبوونی خۆیان بگێڕنەوە
گەر دەنگم گەیشتبایە عەڕشی عەزیم
بڕەك دەخەوتم و چەهچەهەی بولبوول و سەركەوتنی پێغەمبەرەكانم لەبەر دەكرد
قووڕمیشی چركەكانی ئاوسبوونی زەویم دوا دەدەخست و نزام دەكرد خودایە ئەو مێرووستانەی مرۆڤایەتی جگە لە وێرانبوون
جگە لە جەنگی تارماییەكان
جگە لەبوونەوەرێكی سەیر
جگە لەگۆشتخۆرێكی ترسناك
جگە لە تووڕەبوونێكی ناشیرین
جگە لە وێرانكردنی تەختی تۆ
چ میراتێكی دیكەی تێدایە
بمانبەوە بۆ پاسیڤ
بۆ تاڵتاڵووكەی گەڕەلاوژێكانی سەرگەردانی
ئێمە جگە لە تاریكییەكی تاریك سەمبوولی شتێكی دی نین
....
بەكر ئاڵەیی
29/7/2022