منارەی مەعبەد بیری عرووبەی نەپۆشیبوو
پەتای توندئاژۆیی هۆشی جەوانی کوردی نەدۆشی بوو
ناوی کچەکانمان مەستورە و خانزادو چرۆ بوو
ئێمە ڕۆڵەی مێدبووین، خەلافەت ئەفسانە و قەعقاع درۆبوو
ڕێبازمان شیعری ئەی ڕەقیب و
ئایینمان ئیشق و مرۆ بوو
لەبیرم دێ
دایکمان حەفسەخانی نەقیب و سینەم جەلادەت بەدرخان بوو
ئایەت و سورەتەکانمان شەنگال و پێکەوەژیان بوو
ئاتەشگامان سمبولی عیشق و ئەدرەسی ڤیان بوو
لەبیرم دێ
دەستێکمان جیلوە و مەسحەفا ڕەش و ئەوەیترمان زەندو ئاڤێستابوو
کەی کورد بێگانە پەرستێکی چەشنی ئێستابوو
لەبیرم دێ
ئێمە ئاستیاگ و دیاکۆو کەیخەسرەو یەزدە کورد بووین
سمکۆ و قازی و شێخ ڕەزای دەرسیمی و لەخۆ نەبورد بووین
لەبیرم دێ
مەلاکانمان موتەنەویر، بیرمەندو ڕۆشنبیربوون
لە مرۆڤ دۆستی و شیعر و ئەدەب
لە لوتکەدابوون، چرای ژیربوون
لەبیرم دێ
تەکێکانمان ماڵی ئەوین بوون
برابوون هەرچی دیندار و بێ دین بوون
لەبیرم دێ
خانەقای مودەڕیس و حوجرەی نالی
له شیعرو فەلسەفە و ماریفەت ڕێبەربوون
میحرابی مەحەبەت و مەنزڵگای ئارامی و قوتابخانەی هونەربوون
لەبیرم دێ
مەڵای گەورە، هێمای پلۆڕالیزم و ئایکۆنی جوانی بوو
ئەو حەزرەتی موحەمەد، ئەشۆ زەردەشت، بودا، موسا، عیساو مەزدەک و مانی بوو