ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

به‌یتی كوردی له‌چیرۆك گه‌لێكی به‌رز پێكهاتووه‌، له‌چوارچێوه‌یه‌كی دیاری كراو داڕێژراوه‌ و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، هه‌ندێك كارئه‌كته‌ری ناسراوی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌شوهه‌وای كلتوری و ناوی كه‌سایه‌تی و شوێن و ناوچه‌ و هه‌رێم بوونه‌ته‌ هه‌وێنی دروست بوونی به‌یته‌كه‌، بابه‌تی ئه‌م چیرۆكانه‌ حه‌ماسی، عیرفانی و عاشقانه‌یه‌، لە خوێندنەوە و لێ وردبوونه‌وه‌ و تاوتوێ‌كردنی بەیتەكاندا دەتوانین ئاوڕ لەڕابردوومان بدەینەوە و تیشك بخەینە سەر كۆمەڵێك لایەنی شاراوەی ژیانی پێشینیانمان، لەناوه‌رۆكی بەیتەكاندا تێڕوانین و هزر و بیری پێشینیان و دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكانو زۆر لایەنی دیكەی ژیانیان بزانین.

دانه‌ری به‌یته‌كاننه‌ناسراون و له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌خوێنده‌وار گوتراون،  له‌رۆژگاری زۆر کۆنه‌وه‌ له‌ڕێگای چڕینه‌وه‌، ده‌ماو ده‌م له‌نه‌وه‌یه‌ك بۆ ‌نه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌و له‌ڕابردوویه‌كی زۆر دووره‌وه‌ به‌به‌یتبێژانی ئه‌مڕۆ گه‌ییشتووه‌، به‌یته‌كان وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌كی زۆر به‌نرخن،‌ وشه‌گه‌لی زۆر ڕه‌سه‌نیان له‌فه‌وتان پاراستووه‌‌، هه‌ندێ له‌ به‌یته‌كان زۆر درێژن و ناوه‌رۆکی زۆربه‌ی به‌یته‌کان به‌سه‌رهاتێك یان ڕووداوێكی مێژوویی و خۆشه‌ویستی نێوان دڵداران ده‌گێڕته‌وه‌.

دارشتنی به‌یته‌كانبه‌شێوه‌یه‌كیشیعری جوان و ڕه‌وان، سوار و ئاسان،له‌سه‌ر كێشی خۆماڵی‌و تایبه‌تی، بۆ ده‌ربڕینی مه‌به‌ستێك گوتراوه‌، شێوه‌ی به‌یته‌كان جۆراوجۆرن، جاری واهه‌یه‌ نیوه‌ شیعره‌كانی ته‌واوێك درێژن و جاری واش هه‌یه‌ زۆر كورتن، به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵێكدا كێش و مۆسیقا پارێزراوه‌، به‌یتبێژ قافیه‌ی زۆر به‌لاوه‌ ‌گرنگ بووه‌، شیعری بێ قافیه‌ی تێدا نابینتی، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ڕێك و پێك ناڕوابه‌ڕێوه‌، جاری واهه‌یه‌ زۆر له‌سه‌ر قافیه‌یه‌ك ڕۆیوه‌ و جاری واش هه‌یه ‌هه‌ر تاقه‌ دوو نیوه‌ شیعر له‌سه‌ر یه‌ك قافیه‌ن، ئه‌گه‌ر ئاسان بووه‌ زۆری له‌سه‌ر ڕۆیوه‌  و ئه‌گه‌ر گران بووه‌ خۆی پێوه‌ ماندوو نه‌كردووه‌ و زوو قافیه‌كه‌ی گۆڕیوه‌، به‌یتبێژه‌كان دووپات كردنه‌وه‌ی قافیه‌یان له‌شیعردا به‌عه‌یب نه‌زانیوه‌، كێش و سه‌روا نه‌بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌یتبێژ له‌مه‌به‌ستی بنه‌ڕه‌تی بابه‌ته‌كه‌ دووركه‌وێته‌وه‌، تابلۆی زۆر ڕه‌نگین و هونه‌رمه‌ندانه‌یان كێشاوه‌، شیعری به‌تام و خوێ و زمانه‌كه‌ی زۆر ته‌ڕو پاراوه‌، وشه‌گه‌لی ڕه‌سه‌ن و شیرینی كوردیان به‌كارهێناوه‌، زۆرجار به‌یتبێژ له‌شێوه‌زارێكدا گیری نه‌خواردووه‌ و له‌زاراوه‌كانی دیكه‌ش گه‌لێكی كه‌ڵك وه‌رگرتووه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پێویستی به‌قافیه‌ بووبێ.

ئه‌م به‌یتانه‌ له‌به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی كوردیدا شاكاری زۆر به‌رزیان نواندووه‌، وه‌ك له‌وتاری پێشتر ئاماژه‌مان پێداله‌گه‌ڵ سه‌رده‌می تازه‌ و په‌یدابوونیقاوان و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن، ورده‌ ورده‌ به‌یتبێژه‌كان گرنگی ئه‌وتۆیان نه‌ماو زۆر له‌به‌یته‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان برده‌ ژێرگڵ، به‌ڵام به‌هه‌وڵی دڵسۆزان و خه‌مخۆرانی ئه‌ده‌بی كوردی،ئه‌و چیرۆكانه‌یان تۆماركردن بۆ ئه‌وه‌ی له‌فه‌وتان بپارێزرێن، ئه‌مه‌ به‌رهه‌مێكی ڕه‌سه‌نی تازه‌ی تۆماركراو دێنێته‌ ناو ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه‌، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ شیعرییه‌ درێژه‌ دڵدارییه‌ ڕۆمانتیكیانه‌یه‌ له‌باره‌ی ئه‌وینداری و سوارچاكی و قاره‌مانی و ڕاوشكار و شه‌ڕ و شۆڕه‌وه‌یه‌، وه‌كو بابه‌تێكی چیرۆك و ڕووداوی مێژوویی قاره‌مانیه‌تی و پاڵه‌وانێتی نه‌ته‌وه‌ له‌شۆڕش و جه‌نگ و به‌رگری له‌نیشتمان ده‌گرێته‌وه‌، كاتێك كاره‌ساتێك ده‌قه‌ومێ تایبه‌تمه‌ندی شوێن و پانتایی و به‌ربڵاوی ده‌نگدانه‌وه‌ و ڕاده‌ی فراوانی سنووری ئه‌و كاره‌ساته‌ دیاری ده‌كه‌ن.

به‌یتبێژ له‌چڕینی به‌یته‌كاندا به‌شێوه‌یه‌ك ده‌چێته‌ ناخی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كه‌، گوێگره‌کان ‌كێش ده‌كاته‌ مه‌یدان و به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ قاره‌مانه‌کاندا ئاشنا ده‌بن، چونکه‌ ئه‌وه‌ی به‌یتبێژ ده‌یخوڵقێنێ، له‌ قووڵایی ناخ و سه‌رچاوه‌ی ده‌روونیه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ، به‌مه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ستی ته‌واوی جه‌ماوه‌ر به‌لای به‌یته‌كه‌دا ڕاده‌كێشێ‌.

چیرۆكی شیعری داستان و مه‌لحه‌مه‌ و مه‌سنه‌وی ئه‌م جۆره‌ شیعره‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌میلله‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نی خۆماڵیه‌، ناوه‌رۆكی له‌حیكایه‌تی به‌رگوێ ئاگردان و گێڕانه‌وه‌و تاقیكردنه‌وه‌ی پێشینان وه‌رده‌گرێ، به‌سه‌رهات و سه‌ربرده‌ی قاره‌مانان و بنه‌ماڵه‌ و هۆز و عه‌شیره‌تی كورد،ده‌بێته‌ هه‌وێنی شیعری فۆلكلۆری، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ فۆلكۆرییه‌ وه‌ستایانه‌ وه‌رگیراون و تۆماركراون.

به‌یت و چیرۆكی شیعری ناوه‌رۆكی له‌گێڕانه‌وه‌ و حیكایه‌ت و به‌یتی فۆلكلۆری میللیه‌وه‌ وه‌رده‌گرێ، واته‌ ڕووداوه‌كانی تایبه‌تن به‌كۆمه‌ڵگای كورده‌واری و قاره‌مانه‌كانی كوردن، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئامانج و ئاواتی میلله‌تن له‌و ڕۆژگاره‌ی شاعیری میللی یاكلاسیكی ڕووداوه‌كان ده‌خاته‌ قاڵبی چیرۆكی شیعرییه‌وه‌، شاكاری هه‌ره‌گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌ی كورد " مه‌م و زین"ی خانی له‌م جۆره‌ به‌رهه‌مه‌یه‌.

ئه‌ده‌بی كوردی له‌دوو شێوازدا خۆی ده‌نوێنێ، یه‌كێكیان خۆماڵیه‌ و ئه‌ویتریان له‌ئه‌نجامی لێكدانی مه‌ده‌نیه‌تی هه‌رچوار نه‌ته‌وه‌ هاوسێكه‌ (عه‌ره‌ب و فارس و تورك و كورد) كه‌به‌ ئاینی موسڵمان دروست بووه‌، یه‌كه‌میان شیعری لیریكی و چیرۆكی شیعرییه‌، دووه‌میان غه‌زه‌ل و قه‌سیده‌یه‌، به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی كورد به‌شێوازی غه‌زه‌ل و قه‌سیده‌ هاتۆته‌ ناوه‌وه‌ ڕه‌سه‌ن و كوردانه‌یه‌، وه‌ك شیعری لیریكی و چیرۆكی شیعری،وه‌ك: شێخی سه‌نعان یه‌كێك له‌به‌رهه‌مه‌كانی فه‌قێ ته‌یرانه‌.

هه‌رچه‌نده‌ ڕواڵه‌تی زۆربه‌ی به‌یته‌کان ئه‌وین و دڵدارییه‌، به‌ڵام داكۆكی و سه‌ربه‌ستی قاره‌مانه‌کان به‌رانبه‌ر به‌زوڵم و زۆر ده‌دوێ. له‌زۆربه‌ی به‌یته‌کاندا، له‌نێوان دوو ئه‌وینداردا، شۆفار و نه‌یارێك دێته‌ نێوانو‌ ده‌بێته‌ له‌مپه‌ر، له‌پێک نه‌گه‌یشتنی ئه‌وینداران. یان به‌هۆی ده‌هۆ و فێڵی خائینان قاره‌مانی داستانه‌که‌ ده‌کوژرێ و ته‌واوی هه‌وڵ و تێکۆشان و مه‌ردایه‌تی قاره‌مان، به‌ فێڕۆده‌چێ و گریان و قوڕپێوان جێی ده‌گرێته‌وه.‌

له‌زۆربه‌ی به‌یته‌کاندا قاره‌مان ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ری توانا، ئازایه‌تی، پیاوه‌تی، له‌خۆبوردوویی، فیداکاری و...هتد، به‌گشتی که‌سایه‌تی تایبه‌تی ده‌ده‌ن به‌قاره‌مان. ئه‌گه‌ر به‌وردی له‌ نێوه‌رۆکی به‌یته‌کان بڕوانین، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌، ته‌واوی ئه‌م ئازایه‌تی و زاڵ بوون به‌سه‌ر زۆرداراندا، بۆ قه‌ڕه‌بووکردنه‌وه‌ی که‌سایه‌تی میللی یه‌. یان له‌به‌یتدا ته‌واوی که‌موکوڕی و هیوا و ئاواتی میللی، له‌که‌سایه‌تی قاره‌ماندا خۆی ده‌نوێنێ.

زۆرجار به‌یت ڕه‌نگی ئه‌فسانه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌گرێ، یان به‌واته‌یه‌کی تر ئه‌و ده‌مه‌ی قاره‌مانی به‌یت، تێک ده‌شکێ و ناتوانێ به‌و چه‌شنه‌ی ده‌یه‌وێ به‌ئامانجی خۆی بگا، له‌خه‌یاڵدا که‌موکوڕییه‌که‌ی خۆی قه‌ڕه‌بوو ده‌کاته‌وه‌ و په‌نا ده‌باته‌به‌ر ‌ئه‌فسانه‌ و خه‌یاڵ، بۆ پاراستنی حورمه‌ت و به‌رگری له‌که‌سایه‌تی خۆی، به‌چه‌شنێکی خه‌یاڵی و به‌هێزێکی جادوویی، ته‌واوی فڕوفێڵه‌کانی دوژمن به‌ر په‌رچ ده‌داته‌وه‌.

له‌ زۆربه‌ی به‌یته‌کان میر یان پاشا، به‌رگی پڕشکۆی خۆی وه‌لا ده‌نێ و جلی فه‌قیر و هه‌ژاران ده‌کاته‌به‌ر و ده‌چێته‌ ‌ڕێزی ئه‌وانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێ که‌سایه‌تی قاره‌مان جل و به‌رگی به‌نرخ و ڕازاوه‌دیاری ناکا، به‌ڵکو که‌سایه‌تیه‌کی به‌رز و نه‌گۆڕاوه‌ و ئه‌مه‌ که‌سایه‌تی یه‌کی ڕاسته‌قینه‌یه‌، نه‌ک خه‌یاڵی.

وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد، زۆرێك له‌به‌یته‌ كوردیه‌كان سه‌رچاوه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین (بیتوێن و پشده‌ر) ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت بوو و مه‌رگ مه‌ودا بدات، له‌داهاتوودا هه‌ر یه‌كه‌ به‌پێی ده‌رفه‌ت شتێكیان ده‌رباره‌ ده‌دوێین.

تێبینی: سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌ لای نووسه‌ر پارێزراون.