ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی هەژدە

دۆزینەوەی ڕۆڵەیێکی ئێزدایی، دوای هەزار و چوارسەت ساڵ لە ونبوونی..!

باپیرە ساڵی دوو هەزار و سێ، کاتێک ڕژێمی بەعسی گۆڕ بەگۆڕ ڕووخا، بەشێکی زۆر خاکی کوردستان ئازاد بوو و گەڕایەوە باوەشی دایکی خۆی.

جا لە قەزای شێخانیش، بەعسی دڕندە، سەدان خانەوادەی عەرەبی هاوردەی هێنابوو و لە دەیان دێ، کە پێشووتر هی کوردانی ئێزدی بوون و بە سیاسەتی تەعریبانەی خۆی ئەو کوردانەی دەرکردبوو و عەرەبی بۆ هێنابوو.

جا کاتێک بتی سەدام ڕووخا، عەرەبە هاوردەکان ڕایانکرد و کوردانی ئێزدی گەڕانەوە سەر دێی و دەڤەرە داگیرکراوەکانی خۆیان.

ئێمە ساڵی ٢٠٠٤، بیرمە لەگەڵ هەندێک خزم و ناسیاو دەڕۆیشتین بۆ دهۆک، لە شێخان کە ئەو دێیانەم دەبینی ئێزدی بۆی گەڕاونەتەوە و پڕی کوردانی ڕەسەن بوون، دەزانی چیمان دەگوت و من خزمێکمان؟

چی کوڕە داسنیەکە؟

باپیرە دەمانگوت:ئەو عەرەبانە برای دینمان بوون و موسوڵمان بوون، بەڵام ئەو ئێزدیانە کافر و پیسن.

خۆزیا ئەو دەڤەرە هەر لە ژێر کۆنتڕۆلی ئەو عارەبە موسڵمانانە بوایه، نەک کوردێکی ئێزدی کافر !

ڕۆڵەکەی باپیرەی:تۆ مێشکت ئەوکاتە پڕی ژەهربووە.

بەڵێ باپیرە، من تا ئەوکاتەی هۆش و هۆشیاریم بۆ گەڕایەوە، ئەوە بیرکردنەوە و تێڕوانینم بوو سەبارەت بە ئێزدییەکان و من هەرجارەی کە دەڕۆیشتم بۆ دهۆک، کاتێک دەگەیشتین بە باعەدرێی ئێزدی نشین، دەمگوت: بە نەعلەت بن ئەهریمەن پەرستینە یەعێکم دەکرد ! کە مناڵ و ژن و پیاوی ئێزدیم دەبینی، ڕقێکی زۆر دایدەگرتم و کێرڤی دەمارگیری ئایینیم هەڵدەستا و هەرچی مۆڕاڵ و ویژان و مرۆڤ بوون و ئەخلاقە، هەموویم لێ دەڕژایە ژێر پێڵاوەکەم و کوێر دەبووم و لە ژێر لێوەوە دەمگوت:چەند پیسن، کافر و گڵاوینە، بە نەفرەت بن و جامی ئۆتۆمبیلم دەهێنا خوار و تفم لێدەکردن !

ڕۆڵەکەم: مەگری تکایە، ئەو فرمێسکانەت بوەستێنە، تەواو، ئیتر سوپاسی ئێزدان بکە، کە یارمەتی دایت و تۆ ئەو بەرگی دەمارگیرییەت فڕێدا و دووبارە ویژدان و مرۆڤ بوون هەستت بۆ گەڕایەوە.

ئای ئای، نەمگوت:بەسیکە، تکایە گریان بووەستێنە، ڕۆڵەکەم تەواو. بەسی نەکەیت، دەڕۆم و جێت دێڵم.

بمبوورە باپیرە.

ڕۆڵە داسنییەکەم: من زۆر دڵخۆشم کە دەبینم ئەوڕۆ، ڕۆڵەیەکی ئێزدانی دوای زیاتر لە هەزار و چوار سەد ساڵ لەونبوونی، دۆزرایەوە و بە مێژوو و ڕابردووی باب و باپیرانی خۆی شاد بووەوە.

دیسان دەستتپێکردەوە؟

دڵی باپیرەی، تکایە بابەس بێت گریان. بە ئێزدانی مەزن و بێ هاوبەش سوێند، بگریت ئیتر دەڕۆم و جارێکیتر نامبینیتەوە.

باشە باپیره گیان داوای لێبووردن دەکەم.

گیانی باپیرەی، تۆ ئێستا لەگەڵ باپیرەی خۆتی و من ئیتر لە گەڵ تۆم و لە دوای خودێ، من پشتیوانی تۆم.

ڕۆڵە داسنیەکەم، تۆ نابێت هێندە لاواز بیت. دەزانم تۆ ویژدانت زیندووە و زۆر و ئازاری ویژدان دەکێشیت. بەڵام بیرلەوەها شتێک مەکەرەوە گیانی من، ئەوە تازە ڕۆیشت، ئازیزی باپیرەی، ڕۆژێک دەتبەم بۆ باعەدرێ و دەچین ماڵ بە ماڵ دەگەڕێین و دەڵێم ڕۆڵەکانم ئەو کوڕە سەر خڕە دەناسن؟

ئەوە مناڵێکی ئێزدایییە و هەزار و چوارسەد ساڵە لێمان دزرابوو و سوپاس بۆ ئێزدان تازە زانیویەتی کە ئەو کوردێکی ئێزدانییە و دووژمنانی ئێزدان و کورد کاتێک فڕاندوویانە، لەسەر بە جاشکردن و خزمەتکردنی کولتووری عەرەب و بیری عروبەت و دەمارگیری و بزنمشکە خۆری و ڕق و کینە و دژایەتی کردنی مێژووی باب و باپیرانی خۆی و دژایەتی کردنی ئایین وداب و نەریت و زمان و هەموو شتێکی باب و باپیرانی مەشق و ڕاهێنانیان پێکردووە و ئینجا دواتر ناردوویانەتە سەنگەری شەڕکردن و ڕیزی سوپای ئینکیشارییەت و جەیشی فتوحات و شتەوە، تا مێژوو و شەڕەف و هەموو شتێکی خۆی پێ ئەتککەن و دایک و خوشک و کچەکانی ئێزدایی، کە هەموویان دایک و خوشک و کچی خۆینە، لە بازارەکانی ڕەقە و موسل و حیجاز و عوککاز، بکات بە کەنیزه و ڕادەستی شیشانی و ئەفگانی و یەمەنی و سوری و میسیریان بکات و لە کۆجۆ برایە ئێزداییەکانی بکات بە کۆیلە و دواتر لەگەڵ لەشکری جەهالەتی سەربە دەوڵەتی خەلافەت کۆکوژیان بکات.

باپیرە: هەرگیز، تا ئەو ڕۆژەی دەمرم لەسەر ئەوە لەخۆم نابوورم.

نا ڕۆڵەی میترایی وامەڵێ.

ئەوە خەتای تۆی تیا نەبوو، بەڵکو نەیارانمان سەدان و هەزاران ساڵە، کاردەکەن، تا ڕۆڵەکانی میترا لە ئێزدانییەت و میتراییی بوون و مێژووی خۆیان دوورخەنەوە و بیانخەنە داوی تەعریب و تەتریک و تەفریسەوە.

بەداخەوە لەو پیلانە قێزەون و هەوڵە نەگریسەیان سەرکەوتووبوون و کوردێکی زۆری میترایی و ئێزداییان کرد بە دووژمنی مێژوو و فەرهەنگ و ئایین و ڕابردووی خۆیان !

ڕۆڵەکەم تۆ سەیرکە؟

بنەماڵەی ڕەزا پەهلەوی لە ئێران و بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا و یاسر عەرەفات(ئەبو مازن)لە فەلەستین و حەسەن خەیری و عیسمەت ئینۆنۆ و کەمال کلچدار ئۆغلۆ و بیناڵی یەڵدەرم لە تورکیا و تەها یاسین ڕەمەزان و کێ و کێیتر لە عێراقی بە عەرەب کراو، کە هەموویان کوردبوون و بنەچەکوردن، چی شەڕێکیان بۆ فارس و عەرەبی بەعس و ڕەگەزپەرست و تورکی تورانی و عوسمانلی و فەڵەستین و بیری عروبە کرد و دەکەن، لە دژی نەتەوەکەی خۆیان !

ڕۆڵەکەم ئەو تورکمانانەی هەولێری دەبینیت؟ سێبەشیان بلباس و خۆشناون و لەسەردەمی عوسمانلییەکان بۆ پله و دەستکەوت خۆیان بە تورکمان ناونووس دەکرد و ناسنامەی خۆیان له کوردەوە بۆ تورکمانەوە دەگۆڕی ! ئەو ئەرشەد ساڵحییە کە شەڕ بۆ تورکمان و تورانییەت دەکات، کوردە و لە عەشیرەتی ساڵەییە ئەو ڕاکان جبورییەش کە بووەتە کلکی عروبە و دەمڕاست و قامچی عەرەبی شۆڤێنی، کوردە و لە عەشیرەتی هەمەوەندی و خەڵکی چەمچەماڵە و کاتی خۆی، لەسەر کێشەی خوێنداری وشت، خانەوادەکەی گواستوویانەتەوە بۆ حاوی جافان(حەویجە) و لەوێ تا ئاشکرا نەبن، خۆیان کردووە بە عارەب و جبوری و ئەو ڕاکانەیش ناوی خۆی لە کاکە (سەمەد)ی هەمەوەندییەوە گۆڕیوە بۆ ڕاکان جبوری !