ئەمجارەیان
پێنوسەکەم دەدەم بە تۆ
چەند پەیڤێکی پێبنووسی
تا بزانم تۆش وەک ژنێک
بە ئازاری عەشق ئاشنا دەبی
ئەمجارەیان
کە خەوتم خەیاڵی ژوانێ
دەکەم
تا بزانم وەکوو جاران
ئاوێزانی بەژنم دەبی
ئەمجارەیان
کە دێرێکم هۆنیەوە
دەتکەم بە ناونیشانی شعرێک
تا بزانم وشەکانم سۆزی دڵت
دەجولێنی
ئەمجارەیان
کە شووشەی بادەم لارکردەوە
لە کاسەی لێوم پێکەکەت پڕکە
تابزانم گەر مەستیشبی
ماچێکم لێ دەسێنی
ئەمجارەیان
کە کەزیەکانم خاوکردەوە
گوڵە نێرگز ناکەم بە قردێڵە
تا بزانم پەنجەکانت
لە قژما دەئالێنی
ئەمجارەیان
کە شەو هاتەوە
من نیگابانی هەنگاوت دەبم
تا بزانم سێوەکانم
لە نێو دەستەکانی خۆت
دەنوێنی