نامەیەکم بۆ نووسیوی
لەسەر گەڵا داری یەکەم ژوانمان
تا من دەگەم بیخوێنەوە،
دێری یەکەم سڵاو
دووەم خۆشمدەوێی
سێیەم ماچت دەکەم
تا دەگەیتە کۆتایی...
من ئولفەتێکم گرتووە
کە بیرت بکەم حەز بە خەوێکی
قوڵ دەکەم!
ئەزانم ئەگەر سەرم لەسەر بالی تۆ بێ
لێوم لە لێوەکانت نزیکتر دەبێتەوە
بۆیە هەموو ڕۆژێ
لە دادگایی ئەوینت
ئەو گەواهییە دەدەم
من هاتمە سەر وەختی تۆ و
شێلگێڕانەتر هۆگرت بوم،
دەستێکەو هێناومە
تۆش پەنجەکانم تونتر بگرە.
من لەجێی هەر نینۆکێکت
ماچێکی خۆشەویستی
لەسەر جەستەت جێدەهێلم،
ڕووناکیەک لە چاوت.
حەرفێک لە ناوت
سۆزێک لە دڵت
هەستێک لە ناخت
بون بە داڵدەو سێبوری من،
تا لە درەنگ کەوتنی تۆ
گەردی خەفەت
گوڵی ڕوخسارم نەژاکێنی،
ئەمڕۆ. دڵم زۆر خێراتر لێدەدات
دەزانم ئەوە مژدەی هاتنی تۆی پێیە
تازە کراسێکم کڕیوە.
لەو ڕەنگەی تۆ پێت جوانە
دڵنیابە جێی هەر دوگمەیەک
نیشانەیەک بۆ جێ پەنجەت
لەسەر یەخەم واڵا دەکەم،
تا دەستەکانت هەست بە ئارامی بکەن.
من لەسەر عەرشی تۆم پیاوە دڵ سپیەکە
تۆش لەسەر دڵی ژنێتیم بە،
با هەناسەکان بە باڵاتە هەڵکشێ
کاتێ لە باوەشت دەگرم.
تا پڕ ببی لە بۆنی جەستەم
هێشتا میلی کاتژمێرەکە
خێرا نەبوە...
با هەر نەبێت
تۆ نیگەران مەبە،
ئەگەر شەومان بەسەر داهات
دوو سێوم پێیە بۆت دەکەم بەشەو چەرە!
سەرکە بەسەر ڕانم،
با چاوەکانت نوقمی تێڕوانینم بێت
تا لە گێڕانەوەی جیڕۆکەکەم تەواو دەبم
باسی خۆشەویستنی تۆ دەکەم
کە وەک ژماردنی ئەستێرەکانە
نەسەرەتای هەیە نە کۆتایی.