ئاننا ئەخماتۆڤا شاعیرێک دڵی تژیبوو لە عاشق
خواوەندی شیعر
کە شەو دادێ و چاوەڕێی هاتنی دەکەم
دەڵێی ژیان هەر بە داوێکەوە بەندە
شکۆ و جحێڵی و ئازادی
بەهای خۆیان لەدەست دەدەن
دەست بە شمشاڵەوە دێت و
چارشێو لەسەر ڕووی لا دەبا و
تێم دەڕوانێ،
لێی دەپرسم:
ئەوە تۆ بووی
لاپەڕەکانی (دۆزەخ)ت
بە گوێی (دانتی)دا دەچرپاند؟
ئاننا ئەخماتۆڤا
ئاننا ئەخماتۆڤا (١٨٨٩ - ١٩٦٦)کە لە زانکۆی کیێڤ و لە پەتروسبورگیش خوێندوویەتی ویەکێکە لە گەورەشاعیرانی ڕووس، لەناو خێزانێکی ئەرستۆکراتدا لەدایک بووە. وێڕای نووسینی شیعر، شیعری لە ئیتالی و فەرەنساییشەوە پاچڤە دەکرد،لێکۆڵینەوەیشی دەربارەی شیعری ئەلێکساندەر پوشکین و میخائیل لێرمەنتۆڤ نووسیوە. کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر شیعری نوێی ڕووسی هەبووە، هەم شیعری کورتی نووسیوە، هەم هی درێژ، تێیاندا خۆشەویستی، ناپاکی، خەمی ژن،خەمی دایک، ئاریشەکانی نووسین و نووسین لەسایەی ستالینیزمدای بەسەر کردووەتەوە.
لە ئۆدیسای ئوکراین لەدایک بوووە، بە ڕاسین و پوشکین سەرسام بووە، لە یازدە ساڵییەوە، شیعری بڵاو کردووەتەوە، بە پاشناوی ئەندرێ گۆرینکۆی باوکییەوە نا، بە پاشناوی دایکی دایکییەوە کە تەتەر بوو، شیعری نووسیوە، ئاخر باوکی پێی گوتووە: ناوبانگی خێزانی خانەدانی ئێمە، بەو شیعرە پیس و نزمانەت مەزڕێنە!عاشقی شێوەکاری ناوداری ئیتالیایی: ئامیدیۆ مودیلیانی بووە کە ١٩١٠ لە پاریس یەکتریان بینوە و پێکەوە سەفەریان بۆ ئیتالیا کردووە. ئەو شۆخەژنە کە دەیگوت: (ئاستی ڕۆشنبیریی ژن، بە ژمارەی عاشقەکانی دیاری دەکرێت،) ژیانێکی سەختی هەبووە، سێ جار هاوسەرگیریی کردووە، هەر سێ جارەکە هاوژینییەکانی بە نسکۆ کۆتایییان هاتووە.(لیو)ی کوڕی پازدە ساڵیک زیندانی کراوە، مێردی یەکەمی لە سێدارە دراوە، مێردی سێیەمی لە زینداندا کۆچی دوایی کردووە، سانسۆر بڵاوکردنەوەی شیعری لێ قەدەغە کردووە و تەنانەت لە یەکێتیی نووسەرانی سۆڤیەتیش وەدەر نراوە.
ئەلکسەندەر بلۆک گوتوویەتی: شیعرەکانی ئەخماتۆڤا لەوانەی من جوانترن. زۆر لە شاعیرەکانی ڕووسیا پێی سەرسام دەبن، (ئێوارە) کە یەکەمین کۆشیعری دەبێت ١٩١٢ بڵاو دەبێتەوە، ستایشێکی زۆر دەکرێت و هەوادارێکی زۆری دەبێت. کە ١٩١٤ دووەمین کۆشیعری بڵاو دەکاتەوە، ئیدی لە ڕووسیا سەدان ژنی دیکە پەیدا دەبن، خوو دەدەنە نووسینی شیعر کە زۆرینەیان لاسایی ئەو دەکەنەوە، بەو بۆنەیەوە دەڵێت: "فێرم کردن چۆن بپەیڤن، بەڵام نازانم چۆن بێدەنگیان بکەم."
لە ١٩٢٢ەوە بە تۆمەتی ئەوەی بۆرژوایانە بیر دەکاتەوە، ئابڵووقەی دەخرێتە سەر و مەگەر بەدەگمەن بەرهەمێکی بۆ بڵاو بکرێتەوە. سەروەختی ئابڵووقەی سەر لینینگراد، هەندێک شیعری بەرگری دەنووسێت، پراڤدا لە لاپەڕەی یەکەمیدا چاپیان دەکات، ئیدی دەرگەکان بە ڕوویدا دەکرێنەوە، تا ١٩٤٥ (ژدانۆڤ)ی سەرکوتکاری ڕۆشنبیران، غەزەبی لێ دەگرێت و پێی دەڵێت: "دوو ڕووی هەیە، ڕوویەکیان ڕاهیبەیە و ڕووەکەی تری سۆزانی." کە کوڕەکەی لە زیندان توند دەکرێت، بەو ئومێدەی ئازادی بکەن، هەندێک شیعر لە ستایشی ستالیندا دەنووسیت. دوای مردنی دیکتاتۆر لە چەندان لاوە ڕێزی لێ دەگیرێت، زۆربەی بەرهەمەکانی لە چاپ دەدرێن، دەبێتە بەربژێری خەڵاتی نۆبڵ، زانکۆی ئۆکسفۆرد دۆکتۆرای شانازیی پێ دەبەخشێت، پەیکەری بۆ دەکرێت، مالەکەی دەبێت بە مۆزە و کە گەردوونناسانی سۆڤیەت هەسارەیەکی بچووک (دەدۆزنەوە) ناوی ئەوی لێ دەنێن.
ئاننا ئەخماتۆڤا یەکێک بوو لە شاعیرە هەرە ناودارەکانی ڕووس و لەهەموویان زیاتر جێی مشتومڕ بوو، هەندێک لە شیعرەکانی، بیست ساڵ دوای مەرگی، ئینجا دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا بڵاو بکرێنەوە. ئەو بوو دەنگی نوێی ژنی هێنایە ناو شیعری ڕووسییەوە.بێجگە لە کۆشیعری: بژی ئاشتی، کە دەیکردە: بژی ستالین، لە ١٩٢٥ەوە تا ١٩٣٩ و لە ١٩٤٦ەوە تا ١٩٥٥ لێ نەگەڕاون کۆمەڵەشیعرێکی دیکە بڵاو بکاتەوە.ئەو شیعرە درێژەی تێیدا ژیاننامەی خۆی بەسەر دەکاتەوە، ١٩٦٣ لە میونشن بڵاو دەبنەوە و ١٩٨٧ لە سۆڤیەت.
لەسەر گۆی زەوی
میللەتێک نییە وەک میللەتی مە
کەپووبڵند و گەوج و خۆڕاگر
شەرمندەم وەختێ
هێندە گەمژە بووم
بڕوام بە بوونی بانسروشت هەبوو
*