کوڕە پلکەکەی گیڤارای!
باپیرە سەرەڕای ئەوەی هەموو ئەوانەی کە گوتت، من هەر دەستخۆشی له ئەمریکا دەکەم، کە هات و بەعسی فاشیست و سەدامی دیکاتۆری ڕووخاند.
سەرخڕ لەوە گەڕێ. ئی پێت نەگوتم: دووەم چی بوو؟
ئەها هاهاها.
باپیرە دەیگوت:گوتیان:دەبێت لە فیلمێکا ناو دەمی ئەنجلینا جۆلی ماچ بکەیت و زمان و لێوی بۆ ماوەی دوو خولەک بمژیت.
منیش گوتم:هەرگیز، بەژداری لەوەها فیلمێک ناکەم. من موسوڵمانم و کولتوور و ئەخلاق و خێڵ و مێل و شتی ئێمە، ڕێگە بەوە نادات و قبووڵی ئەوها کارێک ناکات.
پیف !
ئەی کێ بوو کاتێک ئەنجلینا جلی هات بۆ کوردستان وێنەیان لەگەڵ دەگرت و شوێن نەمابوو بۆ خەڵکی هەژار تا گەر لە دوورەوەش بێت، ماچێکی مەحیبەتی مرۆڤایەتی بۆ ئەنجلینا باوێژن، لەسەرئەو هەموو بەخشین و چاکە و کارە خێرخوازییانەی کە لەگەڵ لێقەوماو و مرۆڤایەتی کردوویەتی و بەردەوامیش دەیکات.
کێ بوو؟
سەرخڕ، باوکم بوو هاهاها؟
هەر ئەو ئەفسەر و شتانە نەبوون؟
خوا خوایان بوو بەس ئەنجلینا جۆلی وێنەیەکیان لەگەڵ بگرێت و تا خێرا لە فەیسبوک پۆستی بکەن و لای خەڵک و خوا بڵێن: هەر ئێستا، لە کەمپی چەمشکۆ، لەگەڵ ئەکتەری ئەمریکی و ئەستێرەی سینەمایی و ناوداری جیهانی، خاتو ئەنجلیناجۆلی.. ئەها ئێمە چەند فشە کـــەر موهیمین
هاهاها.
باپیرە، جامن چەندە بە مرۆڤی فشەکەر و خۆفشکەرەوە بێزار دەبم. هەر کەللەی سەرم وەخت بوو بتەقێت بەو قسە قۆڕانە.
دەزانی دانەکیان تێدابوو چی دەیگوت؟
چی دەگوت؟
دەیگوت:جەلال سمکۆی شکاک ئامۆزای دایکمە
و لە باوکیشەوە ئێمە بە حەوت پشت، دەچینەوە سەر ئەحمەدی خانی. یەکێکیتریان دەیگوت:من باپیرەم دەستە ڕاستی پێشەوا قازی بوو و هەموو تەمەنی خۆی لەشاخ بەڕێکرد.
دانەیەکیتر دەیگوت:هەوە گوهداری سترانێن شۆڕگێڕیێن تەحسین تەها دکەن؟
ئەز خوارازیێ ڤی هونەرمەندێ مەزنم.
ڕۆڵەکەم، ئەی کەسیان تیانەبوو کوڕە پلکی گیڤارا و خزمی جاكیشان و ئەمێتا باجانی بێت؟
هاهاها.
باپیرە، باشە بۆچوونت سەبارەت بە ئاپۆ چییە؟
ڕۆڵەکەم:من بارزانی نەمر و ئاپۆ و پێشەوا قازی و قاسملۆ و سمکۆی شکاک و مەلیک مەحمود و شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دێرسیمیم بێ ئەندازە خۆش دەوێت، ئەوانە هەموویان ژیانی خۆیان بەخشیە کوردایەتی، و نەتەوەی خۆیان.
گیانی باپیرەی، ئەوانە شەڕەفی نیشتمان و ڕەمزی کوردایەتی و نموونەی قارەمانێتین.
ئەی چی دەڵێیت سەبارەت بە pkk و هەدەپە؟
ڕۆڵەی من: هەدەپەم لە چاوەکانی خۆم زیاتر خۆشدەوێت.
ئینجا سەرەڕای ڕەخنە و تێبینی و گلەییم لە پەکەکە، و ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان، و گەندەڵی و ناعەدالەتی و کەم و کوڕییەکان، وەلێ من بێشکچی ئاسا وتەنی خراپترینی ئەزموونی و حوکومەتی کوردیم لاباشترە لە هی باشترین عەرەب.
گەرچی هەرگیز عەرەب لەگەڵ کورد باشتر نابێت و حکومەتێکی عەرەبی نەبووە و ناشبێت، دان بە کورد و ناسنامە و خاک ومێژوو و بوونی کورد دابنێن.
پاشایی و کۆماری و عەلمانی و دینی و ئیسلامی و مەزهەبی و ئشتراکی و بەعسی و قەومی و هەرکامیان هاتبێت لەوەی پێشتر خراپتر و فاشیستر بووە بۆ گیانی کورد و (عقلیه واحدە، وجوه مختفلە). عەرەب هەر عەرەبە ڕۆڵەکەم.
ئێمە هەزاران ساڵە باجی کوردبوونمان دەدەین کوردبوون. من فریشتەیەکی بەڕەگەز عارەب بوام، هەرگیز وام بەسەر نەدەهێندرا و ئەو تەوقی نەفرەتە ئەبەدییە لە ئاسمانەوە نەدەخرایه مڵم.
ڕۆڵەی من دڵنیابە زەردەشت کورد نەبوایە هەرچی عارەب و شتە شوێنی دەکەوت. کوردبوون باجی خۆی هەیە باج، ڕۆڵەی من.
دڵنیابە، حەزرەتی موحەمەد کوردبوایه و خەڵکی هەورامان بوایە، یەک عارەب شوێنی نەدەکەوت. قورئان خۆی وا دەڵێت(إِنَّا أَنْزَلْنَاهُ قُرْآنًا عَرَبِيًّا لَعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ).
قورئان بە زمانی عارەب خۆی هاتووە، تا بڕوای پێ بهێنن و ئاقڵ بن. ئینجا تۆ وەره ئاڤێستا و پەڕاوی(مەسحەفا) ڕەشمان بە زمانی کوردی و هەردووک زاراوی کورمانجی و هەورامی بێت، عەرەب دەبێ چۆن شوێنی بکەوێت؟!
ڕۆڵەی شیرینم:تورک تورکبوون دەکات و پارس(فارس)پارسبوون و عارەبیش، عەرەب بوون.
ئێمەی کوردیش دەبێت ئیتر کورد بوون بکەین کوردبوون. هەزار و چوار سەد ساڵە خۆمان بۆ خەڵکیتر دەکەین بە قۆچی قوربانی و شەڕ بۆ شتگەلێک دەکەین، کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە و شەڕێک دەکەین، شەڕی ئێمە نییە.
ئێمه وازمان له مێژوو و ڕابردوو و هەموو شتێکی خۆمان هێناوە، شوێن کولتوور و ئەقڵییەتی خەڵکیتر و کڵاوی بابردو کەوتووین !
کورد لە نێوان ئەو سێ نەتەوە خاوەن دەوڵەتەی (پارس و عەرەب و تورک)، کە هەرسێکیان هۆکاری سەرەکین؛ لە درەنگ نەشونماکردن و گەشەکردنی هەستی نەتەوایەتی لەناو کورددا. ئەو سێ نەتەوەی چەندە دژایەتی هەردەنگێکی نەتەوەیی کورد و بزوتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی کوردیان کردبێت، هێندەیش کاریگەری خراپ و نەرێنیان هەبووە، لەسەر درنگ گەشەکردن و نەشوونماکردنی هەستی نەتەوەیی کورد.
وەلێ نابێ ئەوەشمان بیربچێت، کە عەرەب و تورک و پارس، لە دوو ڕێگەوە ویستویانە، هەستی نەتەوایەتی کورد، خامۆش بکەن و کوردبونی کورد بە ماناڕاستەقینەکەی لەناو بەرن، یەکەم لە ڕێگەی ترس و تیرۆرو تۆقاندنەوە.
دووەم لە ڕێگەی کاهینەکانەوە(پیاوە ئایینیەکان).
ئەو دوووژمنانەی چەندە ئایینیان بۆ خزمەتی نەتەوەیی خۆیان و لە پێناو بڵاوکردنەوە و زاڵکردنی کولتوور و زمان و داب و نەریتی خۆیان بەکارهێنا، کوردیش دەهێندە بۆ دژایەتی خۆی.
ئەفسوس تەنها کوردی داماو نەبێت، ئایینی لەدژی خۆی بەکارهێنا، و زمان و کولتوور و هەموو شتێکی خۆی پێی وێران کرد.
هەرچی پوخڵەوات و عەقڵییەتی شۆڤێنیەتی عەرەب و کولتوور و داب و نەریتی بەدوو و بیابانشینی عەرەبییە، هەمووی لێ بووە بە ئایین و وەکو پیرۆزییەک وەریگرتووە و شووناس و فەرهەنگ و زمان و بوونی خۆی لە ناودا تواندەوە !
گیانی من، عەرەب چی ما پێمانی نەکات؟
عەرەب به هەزار ڕێگاوە بۆمان هات، تا بمان کات بە دوژمنی مێژوو و ڕابردوو و هەموو شتێکی خۆمان.
تەنانەت عەرەب لە پێناو تەعریب و بڵاوکردنەوەی بیری عروبه، بە فتوحات و شمشێر و هەڕەشە وازیان لێ نەهێناین و هاتن و ڕیوایەتی درۆیان دروست کرد و لەڕێگایەوە ماڵی ئێمەیان وێرانکرد.
دەزانی لە دڵ و دەروونی تاکی کوردیدا، چ باندۆڕێکی نەرێنی و ماڵوێرانکەر، لە سەر کولتوور و زمان و فەرهەنگ و ناو مێژووی کورددا هەبووە؟ چۆن بە دروستکردنی فەرمودەی هەڵبەستراو بە ناوی ئایینەوە، کورد و خەڵکی ناعەرەب هاندراون، ناوی عەرەبی لە مناڵەکانیان بنێن و زمانی عەرەبیان لا پیرۆزکراوە و، کراوە بە زمانی بەهەشت، و ئایین تێکەڵ بە بیری عروبە کراوە و لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی عەرەب، عەرەب چۆن ئایینی قۆزتوەتەوە و لە ڕێگەی ئایینەوە بەرگی فێڵاوی پیرۆزی عروبەی لە بەر باڵای داب و نەریت و کلتوری عەرەب کردووە و لە خەڵکیان کردووە بە ئایین و پیرۆزی و هێڵی سور. و هەوڵی بڵاوکردنەوە و بە سەنتەرکردن و زاڵکردنی کلتور و ڕۆشنبیری و عەقڵییەت و زمانی عەرەب لە ناو نەتەوەکانی تر و کوردیش دراوە و چۆن لە سایەی ئەو شاڵاوی فتوحاتە، کورد ڕووبەرووی تەعریب و سڕینەوەی ناسنامە و شێواندنی کلتور و زمان و ناو بووەتەوە و چۆن ناوی دێهات و شار و شارۆچکەو دەڤەرەکانی کورد، بە عەرەب کراوە و عەرەب لەو ڕێگە فێڵبازانەیدا ئیمپراتۆرێک و دەیان خەڵافەتی بۆخۆی دامەزراند و کوردی سادە و بەستەزمان و ساویلکەیشی هەر لەو لەڕێگەیەوە، تاڕادەیەکی باش لە زمان و کلتور و مێژوو و ڕابردووی خۆی، دابڕاندووە و دوورخستووەتەوە و کردنی بە نەیاری مێژووی خۆی و پاشکۆی عەرەب و عروبەچییەتی و زۆر چەواشەکارانە، باو باپیرانی بە مەگوس و ئاگرپەرست و ئەهریمەن پەرست نیشانداوە و ساسانیەکان کە کورد بوونە و لە سەر ڕووبەری خاکی کوردستان، ڕووبەڕووی شاڵاوی عەرەبەکان بوونەتەوە و لە دژی شاڵاوی ئەوداگیرکارییەی کە پێی دەڵێن (فتوحات)! وەکو داگیرکەر و کافر و تۆپی و بە کورد ناسێندراون و عەرەبە داگیرکەرەکانیش وەکو قارەمان و پاڵەوان و شەهید بە نەوەی کورد ناسێندراون !