
بۆ سەرجەم کەسایەتییە سیاسییە دیارەکان، ڕۆشنبیران، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، مامۆستایانی ئایینی و هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییە دڵسۆزەکانی ناوەوە و دەرەوەی کوردستان
کاتێک مەرگ، وەک تەمێکی کتوپڕ و بێدەنگ، ئاسۆی ژیانی لێ لێڵ کردین و ئازیزترین وێستگەی تەمەنمان، (کاروان)ی تاقانەی بەرەو کەنارەکانی ئەبەدییەت بەڕێ کرد؛ ئێمەی وەک بنەماڵەی حەیدەری، خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی بوون و بێدەنگییەکی قووڵی ڕۆحی. لەو چرکەساتەدا کە وشە لە ئاست گەورەیی کۆستەکەدا دەستەوەستا بوو و هەناسە لە گەرووماندا دەخنکا، تەنیا مرۆڤایەتی و هاوسۆزیی ئێوە بوو توانی ببێتە نیشتمانێک بۆ کۆکردنەوەی پارچە شکاوەکانی ڕۆحمان و دووبارە مانا بە ژیان ببەخشێتەوە. لەم سۆنگەیەوە، بە پێویستی دەزانین لە ناخی دڵمانەوە سوپاس و ستایشی بێپایانی خۆمان ئاراستەی یەکە یەکەی ئێوەی بەڕێز بکەین، کە لەم ماتەمە غەمناکەدا بوونە هاوبەشی ڕاستەقینەی خەمەکانمان.
ئامادەبووان و هاوخەمانی ئازیز و خۆشەویست ..
ئامادەبوونی ئێوە؛ لەو چرکەساتە پڕ لە دڵەڕاوکێیانەی بەردەم (نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوا)، لەو کاتە سارد و کڕانەی بەردەم (پزیشکی دادوەری) و لەنێو فەزای پڕ لە نزا و نوێژ و کڕنۆشی مزگەوت و تەمومژی دوایین ماڵئاوایی لە ئارامگەی (حەیدەرییان)، تەنیا ئامادەبوونێکی جەستەیی نەبوو؛ بەڵکو بەرجەستەبوونی باڵای فەلسەفەی وەفاداری و پەیامێکی گەورەی ئەخلاقی بوو. ئێوە بە هاتنتان و بەشداربوونتان لە پرسەكە، بە ناردنی پەیام و تەلەفۆنەكانتان و بە دەربڕینی هەستەکانتان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، سەلماندتان ئازار ئەگەرچی لە بنەڕەتدا ئەزموونێکی تاکییش بێت، بەڵام بەرگەگرتنی تەنیا لە ڕێگەی کردەیەکی بەکۆمەڵەوە دەستەبەر دەبێت. بەگشتی هاوسۆزیی ئێوە وەک بارانێکی ئارامکەرەوە بەسەر جەستەی پڕ لە سوتانی ئێمەدا باری و بووە هۆکارێک بۆ سووککردنی ئەو بارە گرانەی کە مەرگی (کاروان) خستیە سەر شانمان. بۆیە ئەم هەڵوێستە مەردانە و ئەمەکدارییەی ئێوە، وەك نیشانەی زیندوێتیی ویژدانی کۆمەڵایەتی و ڕەسەنایەتیی سەلماندنی پەیوەندییە مرۆییەكان لە سەرووی هەموو ئازار و دابڕانەکانەوەن.
بەم بۆنەیەوە لە خودای مەزن داواکارین پاداشتی ئەم چاکەیەتان بە خێر و خۆشی بداتەوە و هیچ ماڵ و خانەوادەیەک تووشی کۆستی لەم شێوەیە نەبێت.
دووبارە سوپاس بۆ ئێوە، کە ڕێگەتان نەدا لە تەنهاییەکی ڕەهاوە سەیری مەرگ بکەین و واتان کرد "کاروان" لەناو دڵسۆزیی ئێوەدا بە نەمری بمێنێتەوە.
مومتاز حەیدەری
24ی مایسی 2026
