ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیڤان شێرزاد

دوای ماوەیەک دابڕان لە گۆرانی و موزیکدا، ھونەرمەند (ڕێکان محەمەد) بە دوو بەرھەمی نوێ و بە ستایلێکی تازە و جیاواز لە کارەکانی پێشووتری دا دەگەڕێتەوە.

بڕیاریشە لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا وەک سوپرایزێک بۆ ھەواداران و عاشقانی گۆرانی و موزیکی کوردی ھەردوو گۆرانیە تازەکەی بەشێوەی کلیپ بڵاوبکاتەوە.

(ڕێکان محەمەد) لەم بارەیەوە ڕایگەیاند، ئێستا سەرگەرمی وێنەگرتنی بەرھەمەتازەکانم، کە بە ناوەکانی (دوا بڕیار، یادم کە گیانە)ـیە، کە لە ستۆدیۆی ئۆکتافەوە میکس و مایسترینگیان بۆ کراوە.

گۆرانی (دوا بڕیار) لە ئاواز و تێکستی خۆمە و (سەرھەنگ ئیلھام) دابەش کردنی موزیکەکەی گرتووەتە ئەستۆی خۆی و (محەمەد ئاکرەیی) ئەندازیاری دەنگی بۆ جێبەجێ کردووە و مامۆستا (سەید ئەحمەد ڕەواندوزی) بە سێت کەمان لەو بەرھەمەدا بەشدارە، ھاوکات دوو سۆڵۆ لەو بەرھەمە دەبیندرێت، کە (ڕوان عەدنان)ـە بە عودەکەی و (فەرمەند خەیلانی) بە ئالەتی (نەیی) کاری تێداکردووە، لە ڕۆژانی داھاتووشدا لەگەڵ دەرھێنەری بە ئەزموون (یوسف ستار) دیمەنەکانی نێو کلیپەکە وێنە دەگرین.

ھاوکات گۆرانی (یادم کە گیانە) وەک وەفایەک بۆ ئەو خۆشەویستیەی لە نێوان من و ھونەرمەندی کۆچکردوو (عەبدولخاق ئەحمەد) بە ڕەنگ و ستایلێکی جیاوازەوە ھۆنیوومەتەوە و ٣ ستایلی وەک ئەرەبێست و ڕۆژھەڵاتی و ڕاپ تێکەڵ بە یەکتر بکەین و بەشێوازی ڕیمیکس کارمان لەسەری کردووە و دیارییەکی بچووکی من دەبێت بۆ سەرجەم کەناڵە میدیاییەکانی بینەراو و بییستراو و سۆشیال میدیا و ھەموو لایەک ئازادە لە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرھەمە.

 گوتیشی: ئەگەرچی ئەو بەرھەمە گەلەرییە و چەندین ھونەرمەندی دیکە بیانی گوتوویانە، بەڵام لە نێو کورددا یەکەمجار بە دەنگی ھونەرمەندی ناوبراوەوە بەرگوێچکەمان کەوتووە، منیش ھەوڵمداوە بەشێوەیەکی جیاواز گۆرانیەکە ئەدا بکەمەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ھۆکاری دابڕانم لە گۆرانی و موزیکدا دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو گەڕەلاوژەیەی کە لە نێو ھونەر بەگشتی دەبینم و ھیوادارم لە ڕێگەی ئەو بەرھەمانەوە خزمەتێکی بچووک بە بزووتنەوەی ھونەری کوردی و ھەوادارانم بکەم، کە دەمێکە تامەزرۆیی بەرھەمی تازە و ھونەری ڕەسەنن لە نێو کۆڕی ھونەری کوردی دا.

No description available.

No description available.