ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

محەمەد چاوشین/ ڕێگای کوردستان

 خاتوو(مەهناز ئیسماعیل)فۆتۆگرافەرێکی ورد و جوان بینی شاری قەڵادزێیە.

هەروەکوو خۆی گوتی  دەرچووی زانکۆیە و لە ٢٠١٤وە خەریکی فۆتۆگرافەرییە.

مەهناز تێکەڵییەکی ڕۆحی لەگەڵ سرووشتدا هەیە، بەخۆی کامێراکەیەوە  بەردەوام لەناو سروشت دایە و چێژ لە جوانییەکانی سرووشت وەردەگرێت.

ناوبراو بۆ"ڕێگای کوردستان گوتی"حەزم لە هاودەمی و هاونشینی سرووشتە، چونکە لەناو سرووشتدا ئاسوودەیی دەروونی بەدەست دێنم و چەرمەسەرییەکانی ڕۆژگارم بیر دەباتەوە".

مەهنازهەروەها دەڵێت"هەموو ئەو جوانیانەی کە لەناو سرووشتدا دەیانبینم، حەزدەکەم لە زومی کامێراکەمەوە سێرەی لێ بگرم و بەشێوەی وێنەی تۆمارکراو بیگوازمەوە بۆ بەرچاوی خەڵک".

مەهناز ئیسماعیل لە ئێستادا خاوەنی دەیان وێنەی جۆراوجۆرە کە لەناوچە جیاوازەکانی سروشتی دەڤەری پشدەردا تۆماری کردون.هەروەها چەند پێشانگایەکیشی بۆ تابلۆ و فۆتۆیەکانی کردۆتەوە و لە چەندین پێشانگای هاوبەشیشدا بەشداری کردووە.

ناوبراو سەبارەت بە ڕێگرییەکانی بەردەم کارەکانی قسە دەکات و گوتی" ئەگەرچی دەڤەری پشدەر خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە و بەو هۆیەشەوە کەم تازۆر گرفتی کارکردن هەیە بۆ کچان و ژنان، بەڵام ئەوەی بۆمن گرنگە ئەوەیە کە ماڵەوە و کەسوکارم هەموویان پشتگیریم دەکەن بۆ سەرکەوتن لە کارەکەمدا".

"ئەو کچانەی بۆ کارکردن لەدەرەوەی ماڵدا پشتگیریی دایک و باوکیان هەیە، نابێ لەهیچ شتێک بترسن و دەبێ بەردەوام بن بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتن لە کارەکانیاندا". مەهناز ئیسماعیل وایگوت.

جیا لە بواری فۆتۆگرافەری،  مەهناز ئیسماعیل  هاوکات خولیای وەرزشی شاخەوانیشی هەیە و زۆرجار بەشداری گەشتەکانی گرووپی شاخەوانیی قەڵادزێش دەکات.

No description available.

No description available.

No description available.