ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هونەرمەندی شێوەكار پەرێز شوان خاوەن سەلیقەیەكی جوانی هونەری شێوەكارییە،سەرەتای وێستگەكانی هونەری لە شارەدێی خەلیفان، لە قوتابخانە بەشداری چەندین پیشانگەی هاوبەشی كردووە،دایك و باوكی پاڵپشتی سەرەكی بوون بۆ ئەوەی لەهونەر بەردەوام بێت،بۆ پەرەپێدانی حەزوو ئارەزووەكانی دەچێتە كۆلێژی هونەرلەهەولێر. نەبوونی هۆڵ لە خەلیفان بۆنمایش كردنی بەرهەمی هونەرمەندان یەكێكە لە كێشەوگرفتی هونەرمەندانی ناوچەكە..بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.

هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*پێمان باش بوو كورتەیەك لە ژیانی هونەری خۆت بۆ خوێنەرانمان باس بكەیت.

- من پەرێز شوان خەڵكی شارەدێی خەلیفانم لەدایكبووی ساڵی ٢٠٠٠ هەر لە منداڵییەوە خولیاو ئارەزووی هونەری شێوەكاریم هەبوو لە قۆناغەكانی خوێند بەشداری زۆربەی پیشانگەكان بەشداریم كردوە، هەر ئەو حەزو ئارەزوە وای لێكردم بچمە كۆلێژی هونەر بەشداری چەندین پیشانگەی هاوبەشم كردووە،یەك پیشانگەی تایبەتم كردۆتەوە،لە ئێستادا قوتابیم لە كۆلێژی هونەرەجوانەكانی زانكۆی سەڵاحەددین بەشی شێوەكاری.

* پێش ئەوەی بچن بۆ كۆلێژی هونەرە جوانەكان ئێوە چۆن ئاشنا بوون بە هونەری شێوەكاری ؟

-هەر لە منداڵیەوە حەز و خولیام هەبووە بۆ وێنەكێشان بەڵام نەمتوانیوە گرنگی پێ بدەم و بەردەوام بم تا تەمەنی 18 بۆ 19 ساڵیم ئەوكات توانیم دووبارە بگەڕێمەوە بۆ ناو هونەر و دەست بە ڕاهێنان و چاڵاكیەكانم بكەم بۆ بەدی هێنانی خولیاكانم،بۆ ئەوەی بتوانم بەردەوام بم لەناو هونەر و گرنگی پێ بدەم بۆیە بڕیارم دا بڕۆمە كۆلێژی هونەر و بە شێوەی ئەكادیمی بخوێنم سەرەتا زۆر حەزم بە دیزاینی جل و بەرگ بوو بەڵام لەبەر هەندێ هۆكار وازم هێنا و دەستم كرد بە كێشانی پۆرترەیت و حەزێكی زۆرم بۆی دروست بوو، وە حەزم بە دەرخستنی جوانی ڕوخساری مرۆڤ هەیە كەمتر حەزم بە سروشتە چونكە پێم وایە ئێمە ئەتوانین سروشتێكی جوان ببینین بەڵام كەممان ئەتوانین ڕووخساری مرۆڤ بخوێنینەوە لەبەر ئەوە حەزم بە دەرخستنی هەستەكانە لە ڕوخساری مرۆڤ، بۆیە گرنگیم دا بە پۆرترەیت و بەردەوام بووم لەسەری.

* بێگومان پاڵپشتی لەهەر كارێك پێویستە، كێن ئەو كەسانەی هاندەر و پاڵپشتی پەرێز بوون؟

-هەر لە منداڵیمەوە دایكم و باوكم پاڵپشتی سەرەكی من بوون و وە پورێكم كە هەم مامۆستام بوو هەم پاڵپشتێكی زۆر باشم بوو و هانی دام بڕۆمە كۆلێژی هونەر وە هاوڕێیەكی زۆر ئازیزم یارمەتی دام كە ئەم كۆلێژە ھەڵبژێرم و پەرە بە هیواكەم بدەم لە قوتابخانەش بەهرەی وێنەكێشانم دیار بوو لەبەر ئەوە مامۆستاكانم و هەندێ لە هاوڕێكانم پاڵپشتم بوون، لێرەدا رێز و خۆشەویستم هەیە بۆیان .

* بەرێزتان جگە لە وێنە كێشان،لە دیزاینش دەستێكی باڵاتان هەیە، دەكرێت ئاماژە بەو لایەنەش بكەیت؟

- وەك دەزانن كە زۆربەی هونەرمەند و نوسەر و شاعیرانی كورد لە زۆر بواردا دەستڕەنگینن،منیش دیزاین یەكێكی دیكەیە لە ئارەزووە گەورەكانم لە تەك وێنەكێشاندا هەر خۆی ئەم دوو بوارە لە یەكەوە نزیكن بەڵام من زیاتر كاتم بۆ وێنەكێشان تەرخان كردووە بەڵام دیزایین خولیایەكی گەورەمە هەرچەندە زۆر ئیشم لە سەری نەكردووە بەڵام پێم وایە لە داهاتوو ئەیكەم بە ئیشی سەرەكی خۆم و حەزەكەم لەم بوارە كار بكەم،وە هەندێ ئیشم لەسەر دیزاینی گڕافیك كردووە پێم وایە ئەتوانم لەم بوارە بەرهەمێكی باش پێشكەش بكەم و زۆربەی خەڵكیش بە دڵیان بووە و خواستیان لەسەری هەبووە.

* لە خەلیفان شوێنی تایبەت هەیە بۆ نمایش كردنی بەرهەمەكانت بۆنموونە هۆڵی تایبەت هەیە؟

زۆر بە داخەوەم،كە زۆر بە كەمی ئەتوانم تواناكانم دەرخەم لەبەرئەوەی شوێنێكی تایبەت نییە بۆ نمایشكردنی ئیشەكانم وادیارە ئەگەر ئارەزووی خزمەت كردنم ھەبێت ئەوە سەختتر و دژوارتر ئەبێت بۆم،بەڵام ھێزی خولیاكانم زۆر گەورەترە و بە پشتیوانی خودا انشاء الله سەردەكەوم.

* بەشداری چەند پیشانگات كردووە؟

بێگومان لە تەمەنی منداڵیم لە خەلیفان ھەر كاتێك پیشانگا كرابێتەوە من بەژدار بوومە وە جگە لەوە بەژداریم كردووە لە پێنج پیشانگای ھاوبەش وە لە ھەولێر و سۆران وە پیشانگایەكی تایبەتم كردۆتەوە لە سۆران هیواخوازم بتوانم لە چالاكی زیاتر بەژداری بكەم و بەردەوام بم.

* ئاستی هونەری شێوەكاری لەناوچەی سۆران چۆن هەڵدەسنگینێت؟

هونەر مەیدانێكە بۆ خۆشگوزەرانی و بڵاكردنەوەی هۆشیاری و ڕۆشنبیریەت، بەڵام بەداخەوە من لە ئاستێكی وا باش نایبینم هەرچەندە جێگای سەرسوڕمانە كە كورد خاوەنی هونەرو كلتوری تایبەت بە خۆیەتی لەبەر ئەوەی هەمومان ئەزانین كە هۆكاری سیاسی و هەڵوێستی دوژمنانی كورد هۆكارێكە بۆ دواكەوتن و كاریگەری لەسەر هونەری كوردی لەبەر ئەوە هونەرمەندی كورد كە ئەگەر كەموكوڕیشی هەبێت ئەوا قوربانی بارودۆخە سیاسییەكانن بەڵام هۆكارێكی تریش كە بوەتە هۆی ئەم دواكەوتنە حكومەتە كە وەك پێویست، هەڵنەستاوە بە ئەركی خۆی و گرنگی نەداوە بە هونەر و هونەرمەندان.

* بیرت لەوە نەكردۆتەوە بەرهەمەكانت لەشارەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك نمایش بكەیت؟

- بەڵێ ئەكید پێشتر لە هەولێر ئیشەكانمم نمایش كردووە هەوڵدەدەم لە داهاتوو لە شارەكانیتریش نمایشی بكەم.

* كامەن ئەو هونەرمەندانەی كاریگەیان لەسەر تۆ هەیە؟

ئەگەر باسی هونەرمەندانی كورد بكەم ئیشی زۆربەیانم بە دڵە، بەڵام تایبەترینیان مامۆستایەكی خۆم مامۆستا نامۆ ڕۆستەم هەرچەندە ستایلی ئیشەكانم دوورە لە هی ئەو بەڵام بە تەواوی كاریگەری هەبوو لەسەرم وە چەندین هونەرمەندیتر كە ئیشەكانی زۆر تایبەتەلام وەكو بەڕێز سالار مەجید وە ئەگەر باسی هونەرمەندانی بیانی بكەم، بە هەمان شێوە ئیشی زۆربەیانم بە دڵە بەڵام زۆر ئارەزووم لە ئیشەكانی پابلۆ پیكاسۆیە.

* پرۆژەی هونەری نوێت هەیە؟

بێگومان پڕۆژەی هونەری نوێم هەیە، بە تایبەت لە بارەی دیزایین كردنی بووك ماڕكە (مۆتیڤ)،وە دەستم بە بەشێكی كردووە بەڵام نامەوێت زیاتر لەوە ئاماژەی پێ بدەم انشاءالله لە داهاتوو ئەیبینن.

*زۆر سوپاس بۆئەو دەرفەتەی بەئێمەت بەخشی بەهیوای پرۆژەو كاری هونەری جوانتر.

-منیش سوپاسی ئێوە دەكەم بۆ ئەو دیدارە.

No description available.

No description available.

No description available.

No description available.