ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەنوەر حەسەن دۆڵەمەری

یاری بەلەمی سەر شەپۆل(Water Raftig) لەناو  ڕووبار و گەلییەکان، یان ڕووبارە بە خوڕەکان  ئەنجام دەدرێت و لەسەرتاسەری جیهاندا هەوادارێکی زۆری هەیە و بە بەکێک لە یارییە سەرکێشییەکان دادەنرێت.

یاری بەلەمی سەر شەپۆل، جگە لەوەی بە یەکێک لە یارییەکانی وەرزشی شاخ ئەژمار دەکرێت، هاوکات کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای تایبەت بەخۆی هەیە کە کەسی بەشداربووی ئەو یارییە، پێویستە لە یاساکانی  ئەو وەرزشە شارەزایی و ئەزموونی زۆری هەبێت، ئەگەرنا ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

بەپێی یاساکانی ئەم وەرزشە،  ئاوی ڕووبارەکان بەپێی خێرایی و بەخوڕییان، یاخود مەندی و هێواشییان بەسەر 6 ژمارەدا  دابەش دەکرێت.

ژمارە(1) لە ئاوێکی هێواش و مەند دا بەڕێوە دەچێت و منداڵانی سەروی هەشت ساڵانیش لەو ئاستەدا دەتوانن بەشداری بکەن.

بەڵام ئاستەکانی (5) و (6) گەلێک مەترسیدارن و کەسی بەشداربوو دەبێ شارەزاییەکی زۆری لەو بوارەدا هەبێت.

هەروەها ، ئەو وەرزشەش هاوشێوەی وەرزشەکانی تر، کۆمەڵێک کەلوپەل و پێداویستی تایبەتی خۆی دەوێت کە وەرزشەوانەکان پێویستە پێیان بێت. وەکوو( بەلەمی چوپ، سەوڵ، هێلەگ، پێڵاوی مەلەوانیی،  چاویلکەی تایبەت، کۆڵەپشتی دژە ئاو بۆ هەڵگرتنی کەل و پەل، ، کڵاوی  سەیفتی، بابەتی تەندروستی و پزیشکیی). خۆئەگەر بەرنامەی گەشتێکی دوور و درێژ بێت، ئەوا پێداویستییەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. لەوکاتەدا پێویستیت بە چادر و کیسەخەو و بابەتی خواردن و ئەو شتانەش دەبێت.

ئەم وەرزشە، بۆ یەکەم جار لە ساڵی  1892 وەکوو یەکێک لە یارییە وەرزشییەکان ناسێنراوە.

هەروەها لە ساڵی 1936 بۆ یەکەم جار وەکوو یارییەکی وەرزشیی دان پیانراو بەشداری یارییەکانی پاڵەوانێتی ئۆڵمپیادی کردووە.

لە ساڵی 1948 دا، بۆ یەکەم جار ژنانیش توانییان بەشداری ئەو وەرزشە بکەن، چونکە لەپێش ئەوەدا، ئەو یارییە تەنها لەلایەن کوڕانەوە ئەنجام دەدرا.

لە ساڵانی دەیەی پەنجاکانەوە تاهەنووکە، ئەو جۆرە وەرزشە بەرەدەوام لە پەرەسەندن و پێشکەوتن دایە و لەلایەن خەڵکیشەوە زیاتر بایەخی پێ دەدرێت.

ئەو چەشنە وەرزشە، لە هەرێمی کوردستاندا  مێژوویەکی هێندە کۆن و دوور و درێژی نییە، هێشتا بە خەڵک نامۆیە و  زۆر بەر بڵاو نییە.

بەڵام ئێمە وەکوو(سەتەری بارزان بۆ ژینگە پارێزیی و شاخەوانیی) کارلەسەر ئەوە دەکەین کە ئەو جۆرە وەرزشە لە کوردستاندا پەرە پێ بدەین و زیاتر لەناو  توێژی وەرزشکاراندا بیناسێنین.

ئێمە وەکوو تاک نەک گرووپ، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2004ئەو جۆرە وەرزشەمان هێنایە کوردستان. دواتر کە (سەنتەری بارزان بۆ ژینگە پارێزیی و شاخەوانیی) لە ساڵی 2017دا دامەزرا، بەشێوەی گرووپ دەستمان بەوەرزشی بەلەمی سەر شەپۆل کرد.

 یەکەم جار لە(گەلی زرارا)ەوە بەرەو(ڕێزان) دەستمان پێکرد کە 19 کیلۆمەتر و(10) کاتژمێر بەناو ئاوێکی بەخوڕ و پڕ لە شەپۆلی سامناک و گاشەبەردی گەورە و مەترسیداردا کە بە (BLACK)ناسراوە، ڕێگەمان بڕی. ئەوەش بۆ ئێمە دەستکەوت و ئەزموونێکی نوێ بوو.

ئێمە وەکوو سەنتەری بارزان بۆ ژینگە پارێزیی و شاخەوانیی، هەموو هەوڵ و هەنگاوێک دەخەینەگەڕ بۆئەوەی ئەو جۆرە وەرزشە لە کوردستاندا بناسێنین و پەرەی زیاتری پێ بدەین.

چونکە لە ئاستی دنیادا، ئەو جۆرە وەرزشە بە یەکێک لە وەرزشەکانی شاخ ئەژمار دەکرێت و یەکێکە لەو وەرزشانەی کە دەتوانرێ بەو هۆیەوە گەشتیارێکی زۆر لە دەرەوە پەلکێشی ناو هەرێمی کوردستان بکرێت.

لە هەرێمی کوردستاندا، خڕ و دۆڵ و ڕووبار و گەلی زۆر جوان و سەرنج ڕاکێشمان هەیە کە بۆ وەرزشی بەلەمی سەر شەپۆل گونجاون، بەڵام بەداخەوە، بەهۆی نەناسراوی ئەو وەرزشە لەناو خەڵکدا نەمان توانیوە سودیان لێ وەربگرین.

لەو بارەوە، پێشنیار دەکەم کە هەماهەنگی و هاوکاری و لێک نزیک بوونەوەیەکی زۆر لەنێوان "دەستەی گەشت و گوزار" لەهەرێمی کوردستان و (سەنتەری بارزان بۆ ژینگە پارێزیی و شاخەوانیی)دا هەبێت بۆئەوەی بەرنامە و پلان ڕێژی بکەین بەمەبەستی برەودان بەو وەرزشە و سوود وەرگتن بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا.

 

  • نووسەری بابەت، سەرۆکی(سەنتەری بارزان بۆ ژینگە پارێزیی و شاخەوانیی)یە.