ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

تیمێكی گەڕان و پشكنینی تایبەت بە ئاژەڵ و خشۆكەكانی سەر زەوی، لەدوای هەوڵ و ماندوبونێكی زۆر، ئەو تیمساحەیان دۆزیەوە كە ماوەی دو هەفتە بو پیاوێكی لە خێزانەكەی دابڕیبو.

دو هەفتە لەمەوبەر ژنێك لە ویلایەتی لویزیانای ئەمریكا پۆلیس ئاگاداردەكاتەوە كە پیاوەكەی كەوتوەتە بەردەم تیمساحێك و لەناكاو دیارنەماوە، هەربۆیە تیمێكی فریاگوزاری لەو ڕۆژەوە سەرقاڵی گەڕانن بەدوای ئەو پیاوەدا، بەڵام دواجار پاشماوەی جەستەی پیاوەكە لە ناوسكی تیمساحێكدا دەدۆزنەوە.

وتەبێژی پۆلیسی لویزیانا باسی لەوە كردوە كە ئەو تیمساحەی دەستگیریان كردوە كێشی 230 كیلۆگرام بوە و درێژییەكەی سێ مەتر بوە، دوای ئەوەی لەلایەن تیمێكی شارەزاوە پشكنیكی بۆ ئەنجام دراوە دەركەوتوە پاشماوەی جەستەی مرۆڤ لە ناوسكیدایە و پێدەچێت جەستەی پیاوە ونبوەكە بێت.

ئەو پیاوە ناوی تیمۆسی ساتێرلییە و لە باكوری ڕۆژهەڵاتی نیو ئۆرلیانز ژیاوە و تەمەنی 71 ساڵ بوە، وەك هاوسەرەكەی باسی كردوە كاتێك لە پەنجەرەی ماڵەكەیەوە تیمۆسی بینیوە لەگەڵ تیمساحێكدا كەوتوەتە ڕكابەرییەوە، تاكو دەگاتە دەرەوەی ماڵەكە تیمساحەكە خۆی دەكات بەنێو ئەو ئاوەی لەبەردەم ماڵەكەیاندایە، لەو كاتەدا هەرچەندی دەگەڕێت هاوسەرەكەی نادۆزێتەوە، هەربۆیە لەو كاتەوە گومان دەكات بوبێتە خۆراكی كەڵبە تیژەكانی ئەو تیمساحە.

لانس ڤیتێری وتەبێژی پۆلیسی ویلایەتەكە لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لەوە كردوە كە بەهۆی لافاوە بەهێزەكەی چەند ڕۆژی ڕابردوەوە، ئەو تیمساحە هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساوە بكەوێتە ئەو ناوچەیەوە.

وتەبێژەكە لە كۆتایی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كردوە كە تیمساحەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە بۆ ئەوەی پشكنینی پزیشكی بۆ پاشماوەی جەستەی ئەو مرۆڤە بكرێت كە لە ناوسكیدایە، بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لە ڕاستودروستی خواردنی ساتێرلی لەلایەن تیمساحەكەوە.