ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لێرەدا من زیاتر قسەم لەسەر پێوەری ئاوە. سەیرم لێدێت بە چی لۆژیكێك پێوەر بۆ ئاو دانراوە، لەكاتێكدا تۆ ئاوی بەردەوامت نییە تا بڵێی هەمووان بەو پێوەرە بڕی بەكارهێنانی ماڵێكی فرە ئەندام و بەفیڕۆدەر جیابكرێتەوە لە ماڵێكی بچووك و كەم نەفەر. چونكە هێندەی من ئاگاداربم لە كوردستان و بەتایبەت زێدی ئێمە "گەرمیان" ڕۆژانە ئاو بە كاتژمێرە و لەو كاتەی بۆت دانراوە نە زووتر و نە زۆرتر و نەكەمتر ئاوت بۆ نانێردرێت، ئەكرێ بڵێین ئەم كاتژمێرە ئاودانە بۆ خۆی پێوەرە. واتا تۆ دەتوانی كۆمپانیا بیت یان فەرمانگەی ئاوی حكومی، بڕی ئاوی ڕۆژانە بزانی كە بۆ ماڵان بەردەدرێتەوە. واتا دانانی پێوەر لەم حاڵەتەدا دەبێتە شتێكی زیادە، چونكە گەر پێوەر وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێكرد ئیشی پێوانی بڕی ماددەكان بێت، ئەوا تۆ پێش پێوەر بڕیارتداوە چەندێ "بڕی" ئاو بدەیتە ماڵان. ئەوەش ڕوونە و نەزانراو نییە تا بتەوێت بە پێوەر بڕەكەی بزانی.

گەر هەر بڕیار لەسەر بەستنی پێوەریش درا دەبوو دوو بژاردە هەبووایە كە نیازپاكی ئەم هەنگاوە دەربخرایە، بەشێوەیەك بوترایە هەر ماڵێك پێوەر نابەستێ ئەوا مانگانە ئەو حەمڵاندنەی كردوومانە دەبێ مانگانە بڕی هێندە پارە بدات، حەتمەن بە بەڵگە و دیكۆمێنت نەك لە بڕ، وە ئەو ماڵانەی پێوەر دەبەستن ئەوان بە بڕی خوێندنەوەی پێوەرەكە زیاد و كەمی لای خۆتان و دەتوانن بڕی خوێندنەوەكە وێنە بگرن و بزانین چەند ئاوت بەكارهێناوە، ئەوەش خەڵك دەكەوتە نێوان دوو بژاردە و دەزانرا نیەتەكە خزمەتی خەڵكە نەك فرت و فێڵ و قۆڵبڕین كە ئێستا زۆربەمان وا لێی دەڕوانین. لە ئاستی پەرلەمانیش گومان و نایاسایی بوونی خرایەڕوو.

كە باس لەوە دەكەین حكومەت دەبێ خۆمەتكاری خەڵك بێت مەبەستمانە بڵێین دەبێ بەرپرسان وڵات وڵات بگەڕێن و باشترین جۆرەكانی ئەو كاڵایانە بهێننە كوردستان و وابكەن خەڵك سوودمەند بێت نەك زەرەرمەند وەك ئێستا، كە پێوەر زۆرێكی هەواش دەخوێنێتەوە و پێوەرێكی هەڵەخوێنەر و تەمەڵە و ناتوانێ ڕاستی بخوێنێتەوە و بەجۆرێك مانگی وا هەبووە ماڵێك زیاتر لە 500 هەزاری بۆ هاتووەتەوە. لە شوێنێكە وەك ناحییەی ڕزگاری لە ئیدارەی گەرمیان، كۆمپانیای تایبەت بە بەستنی ئاو لای خۆیەوە لە مانگی 2 ی ئەمساڵەوە، هەستاوە بە غەرامەكردن و سزادانی هەموو ئەو ماڵانەی كە پێوەری ئاوییان نەبەستووە، بە بیانووی سەرپێچیكردن و پابەندنەبوون بە بڕیاری بەستنی پێوەرەوە، لەكاتێكدا ئەوانەشی بەستوویانە زۆربەیان لێیان كردووەتەوە و دەڵێن خراپە و بەكەڵك نایەت.

گرنگە لایەنی پەیوەندیدار بەووردی كار لەسەر بڕیارەكانی سەرەوە بدات و هەوڵبدات متمانە دروستبكات، نەك سزادان. دواجار ئەوە خەڵكە زیانی پێدەگات و نابێ ڕاگوزەر بەسەر هەنگاوەكاندا بازبدەن.