ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دكتۆر عارف گۆران، پسپۆری ڕاوێژكاری نەخۆشییەكانی ھەناو لە وڵاتی بریتانیا رایگەیاند، زۆربەی ئەوانەی ڤاكسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە بەسوكی توشی ئۆمیكرۆن دەبن، بەڵام ڕێژەیەكی زۆر كەم توشی هەوكردنی سییەكان دەبن، دەشڵێت "تاوەكو ئێستا ڤاكسینەكان رێژەی مردنیان تا ئاستێكی بەرز كەمكردۆتەوە، بەجۆرێک یەك ھەفتە دوای ژەمی سێیەمی ڤاكسین رێژەی 90% توشبوان پێویستیان بە نەخۆشخانە نامێنێت."

دكتۆر عارف گۆران لە نوسینێکدا باسی لەوەشکردوە، "ئۆمیكرۆن زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە، بەڵام رێژەی ھەوكردنی سییەكان لە ئۆمیكڕۆندا زۆر كەمترە بە بەراوردكردن بە جۆری دەلتا، بەڵام دەبێت ئەوە بگوترێت بەشێكی نەخۆشەكان پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت بە تایبەت ئەو كەسانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتوە، دیارە ھەمومان ئاگاداری دۆخی ئەوروپاو ئەمریكاین، كە بە داخەوە خەڵكانێكی زۆر بە ھۆی كۆرۆناوە دەمرن".

باسی لەوەشکردوە، ئەوانەی بە تەمەنن واتە ھەمو ئەو كەسانەی لە سەروی 60 ساڵیدان وا باشە ژەمی سێیەمی ڤاكسین وەربگرن، تەنانەت ئەگەر ھیچ نەخۆشیەكیشیان نەبێت، هەروەها ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، توشبوانی نەخۆشی شەكرە، توشبوانی شێرپەنجە و كارمەندانی تەندروستی وا باشە ژەمی سێیەمی ڤاكسین وەربگرن.

دوای سێ ژەم ڤاكسین توشی ئۆمیكرۆن دەبین؟

دكتۆر عارف گۆران، پسپۆری ڕاوێژكاری نەخۆشییەكانی ھەناو - لەندەن

تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی كوردستان ھەواڵی یەكێك لە بەرپرسەكانی ھەرێمیان بڵاوكردۆتەوە، كە دوای وەرگرتنی سێ ژەم ڤاكسین توشی كۆرۆنا بوە، ئەمەش لای بەشێك لە ھاوڵاتیان بە شێوەیەك لێكدانەوەی بۆ كراوە، كە ڤاكسینەكان كاریگەریان نیەو مرۆڤ ناپارێزن، ئەم لێكدانەوەیەش تا رادەیەك هاوڵاتیان لە وەرگرتنی ڤاكسین ساردەكاتەوە، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم لێكدانەوەیەكی زانستی بۆ ئەو حاڵەتە بكەم، كە ئایا ڤاكسینەكان كاریگەریان هەیە یاخود نا!

1-دەشێت كەسێك دوای ژەمی سێیەمی ڤاكسین توشی كۆرۆنا بێت، بە تایبەت جۆری ئۆمیكرۆن، كە لە كاتی ئێستادا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و كوردستان بۆتە جۆری سەرەكی كۆرۆنا . ھەزاران كەس لە بریتانیا دوای ژەمی سێیەمی ڤاكسین توشی ئۆمیكرۆن بون.

2-زۆربەی ھەرەزۆری ئەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتوە، بەسوكی توشی ئۆمیكرۆن دەبن، ڕێژەیەكی زۆر كەم توشی ھەوكردنی سییەكان دەبن.

3-گرنگی وەرگرتنی ڤاكسین تەنھا لەكەمكردنەوەی رێژەی توشون نیە ، بەڵكو كەمكردنەوەی رێژەی مردنە ، تاوەكو ئێستا ڤاكسینەكان رێژەی مردنیان تا ئاستێكی بەرز كەمكردۆتەوە، یەك ھەفتە دوای ژەمی سێیەمی ڤاكسین رێژەی 90%ی‏ توشبوان پێویستیان بە نەخۆشخانە نامێنێت.

4-ئۆمیكرۆن زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە ، بەڵام رێژەی ھەوكردنی سیەكان لە ئۆمیكڕۆندا زۆر كەمترە بە بەراوردكردن بە جۆری دەلتا ، بەڵام دەبێت ئەوە بگوترێت بەشێكی نەخۆشەكان پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت بە تایبەت ئەو كەسانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتوە، دیارە ھەمومان ئاگاداری دۆخی ئەوروپاو ئەمریكاین، كە بە داخەوە خەڵكانێكی زۆر بە ھۆی كۆرۆناوە دەمرن !.

لێرەدا پرسیارێكی تر سەرهەڵدەدات: كێن ئەوانەی پێویستە ژەمی سێیەمی ڤاكسین وەرگرن ؟

وەزارەتی تەندروستی كوردستان رێگای داوە، كە ھەمو ئەوانەی لە تەمەنی ھەژدە ساڵیەوە بەسەرەوەن ژەمی سێیەمی ڤاكسین وەربگرن، جێگای داخە تا ئێستاش بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان ھیچ ژەمێكی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، دیارە بە شێوەیەكی گشتی مردن لە نێوان مندال و كەسانی گەنج بە ھۆی كۆرۆنا یەكجار كەمە ، ھەر بۆیە كاتێك منداڵیك یاخودگەنجێك ڤاكسین وەرناگرێت بۆ خودی خۆی جێگای نیگەرانی نیە، بەڵام مەترسیەكە لەوەدایە ئەو كەسە هەلگری ڤایرۆسەكە بێت وكەسانی تر تووش بكات. ئاشكرایە، كە تا ئێستا رێژەی زۆری مردن بە ھۆی كۆرۆنا لە نێوان كەسانی بەتەمەنە ، یاخود ئەوانەی ھەلگری ھەندێك نەخۆشین .دەتوانین ئەوانەی ئەگەری تووش بوون بە ھەوكردنی سیەكان زیاترەو پیویست دەكات ژەمی سێیەمی ڤاكیسن وەربگرن، لەچەند گرووپێك چڕ بكەینەوە:

1-ئەوانەی بە تەمەنن ، لەمەیان ھەندێك زەحمەتە بتوانین تەمەنێكی دیاریكراو دەستنیشان بكەین ، بەلام ھەموو ئەو كەسانەی لە سەرووی 60 سالیدان وا باشە ژەمی سێیەمی ڤاكسین وەربگرن، تەنانەت ئەگەر ھێچ نەخۆشیەكیشیان نەبێت .

2-ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە، وەك ھەوكردنی درێژخایەنی بۆریەكانی ھەواو وسیەكان، ئەوانەی پەككەوتنی دڵ، گورچیلە یان جگەریان ھەیە.

3-تووشبوانی نەخۆشی شەكرەو ھەندێك لە نەخۆشیەكانی دەمارو مێشك

4-ئەو نەخۆشانەی ھەندێك دەرمان بەكاردەھێنن، كە دەبێتە ھۆكاری دابەزینی بەرگری لەش، وەك بەشێك لە نەخۆشانی رۆماتیزم و ئەو نەخۆشانەی چاندنی گورچیلە یان مۆخی ئێسكیان بۆكراوە .

5-تووشبوانی شێرپەنجە ، بە تایبەت ئەوانەی چارەسەری كیمیاوی وەردەگرن.

6-ئەو كەسانەی زۆر قەلەون .

7-كارمەندانی تەندرووستی، كە رۆژانە بەركەوتنیان لەگەل تووشبوانی كۆڕۆنادا ھەیە ، چونكە ئەگەری تووشبوون بە كۆرۆنا لەو كەسانە زۆر زیاترە بە بەراورد لەگەل خەلكانی تری كۆمەڵگا.

دیارە ھەموو كەس ئەتوانێت ژەمی سێیەمی ڤاكسین وەربگرێت ، بەلام زۆر گرنگە پەلە بكرێت لە پێدانی ژەمی سێیەم بۆ ئەو كەسانەی كە باسمان كردووە.

كوردستانیانی خۆشەویست ، ھەموومان لەو پەتایە نەگریسە بێزار بوین . من خۆم بەو ھیوایە دەژیم لە زووترین كاتدا واز لە نووسین دەربارەی كۆرۆنا بهێنم ، لێكدانەوەكان بەو ئاڕاستەیەن ئەمسال دۆخی كۆرۆنا باشتر دەبێت ، بەلام تا ئەو كاتە وەك ئەركێكی مرۆڤایەتی بەردەوام دەبم لە ھۆشیاركردنەوەی ھاولاتیانی كوردستان . خەمێك لە دایك و باوكی بە تەمەنتان بخۆن و بەزەییتان بە كەسانی نەخۆش بێتەوە و یارمەتیان بدەن بۆئەوەی ڤاكسین وەربگرن .

هەمەڕەنگ