ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

والی عه‌لی

  كه‌ر كه‌ گوێدرێژیشی پێده‌ووترێت، گیاندارێكی زۆر به‌هێزو زیره‌كه‌و یه‌كێكه‌ له‌گیانداره‌ مه‌مكداره‌ به‌ربڵاوه‌كان له‌جیهاندا. ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ چه‌ند زانیارییه‌كی سه‌رنجڕاكێشن سه‌باره‌ت به‌م گیانداره‌:

1202. ده‌كرێ ته‌مه‌نی ئه‌م گیانداره‌ 50 ساڵ تێپه‌ڕێنێت.

1203. كه‌ر له‌ئه‌سپێك كه‌ هه‌مان قه‌باره‌ی كه‌ره‌كه‌ی هه‌بێت، به‌هێزتره‌.

1204. یادگا (زاكیره‌)یه‌كی ئێجگار زۆر به‌هێزی هه‌یه‌. ده‌توانێت ئه‌و شوێنانه‌ی 25 ساڵ پێشتر تیایدا بووه‌و ئه‌و كه‌رانه‌ی هه‌مان ماوه‌ پێشتر له‌گه‌ڵیدا بون، بناسێته‌وه‌.

1205. به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی كه‌ر رقی هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر رێوی و كایۆتی (گورگی ئه‌مه‌ریكی)و سه‌گی كێوی و ژماره‌یه‌كی تر له‌گیاندارانی سه‌ر به‌خێزانی سه‌گ. ده‌توانرێت فێربكرێت كه‌ چاوی لێیان بپۆشێت، به‌ڵام ئه‌و غه‌ریزه‌یه‌یان هه‌رگیز تێدا وننابێت.

1206. مێینه‌ی كه‌ر یه‌كێكه‌ له‌و گیاندارانه‌ی خاوه‌نی درێژترین ماوه‌ی دوگیانییه‌ له‌ته‌واوی جیهانی ئاژه‌ڵاندا. ماوه‌ی دوگیانییه‌كه‌ی 10 بۆ 14 مانگه‌.

1207. كه‌ر چه‌ند ره‌نگێكی هه‌یه‌. كه‌ری سپی زۆر ده‌گمه‌نه‌، ژماره‌ی كه‌ره‌ سپییه‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ناگاته‌ سه‌د كه‌ر، زۆربه‌ی ئه‌مانه‌ش له‌دورگه‌ی ساردینان له‌ ئیتاڵیا.

1208. له‌ئێستادا ژماره‌ی كه‌ره‌كان له‌جیهاندا نزیكه‌ی 41 ملیۆنن و له‌زۆربه‌ی كیشوه‌ره‌كانی جیهاندا بونیان هه‌یه‌.

1209. ژماره‌ی كه‌ر له‌ چین له‌ هی هه‌ر وڵاتێكی تری ‌جیهان، زیاتره‌.

1210. نزیكه‌ی پێنج هه‌زار ساڵه‌ كه‌ر وه‌ك گیاندارێكی كاركه‌ر به‌كارده‌هێنرێت.

1211. كێشی ئه‌م گیانداره له‌نێوان‌ 80 كیلۆگرام بۆ 480 كیلۆگرامدایه‌.

1212. خێراییه‌كه‌ی ده‌گاته‌ 24 كیلۆمه‌تر له‌كاژێرێكدا.

1213. به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك، كه‌رێكی 180 كیلۆگرامی، رۆژانه‌ سێ كیلۆگرام خواردن ده‌خوات.

1214. كه‌ر حه‌زی له‌باران نیه‌. ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بارانی به‌ر بكه‌وێت، ده‌كرێ ته‌ندروستی تێكبدات.

1215. ساڵانه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا زیاتر له‌دوو ملیۆن كه‌ر به‌مه‌به‌ستی به‌كاربردنی گۆشته‌كه‌ی سه‌رده‌بڕدرێن. له‌ڕوی به‌كاربردنی زۆرترین بڕی گۆشتی كه‌ره‌وه‌، ئیتالیا پله‌ی یه‌كه‌می له‌جیهاندا گرتووه‌.

1216. له‌سه‌رده‌می میسری دێرینه‌وه‌، شیری كه‌ر به‌مه‌به‌ستی جوانكاری و خواردن به‌كارهێنراوه‌.

1217. ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ساڵانه‌ له‌لایه‌ كه‌ره‌وه‌ ده‌كوژرێن، له‌وانه‌ زیاترن له‌ڕوداوی هاتوچۆی ئاسمانیدا، گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.

1218. پلینی كه‌ فه‌یله‌سوفێكی دێرینی رۆمانه‌كان بووه‌، ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌ كه‌ ماچكردنی كونه‌لوتی كه‌ر هه‌ڵامه‌ت چاره‌سه‌رده‌كات.

1219. كه‌ر هه‌رگیز كارێك ناكات كه‌ پێیوابێت مه‌ترسی هه‌یه‌.

1220. كه‌ر له‌دۆخی گونجاوی بیاباندا، ده‌توانێت سه‌ڕه‌ی كه‌رێكی تر له‌دوریی نزیكه‌ی سه‌د كیلۆمه‌تره‌وه‌ ببیستێت. هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوێی زۆر گه‌وره‌یه‌.

1221. فه‌یله‌سوفێكی یۆنانی هه‌یه‌ به‌ناوی كریسپوس. ئه‌م براده‌ره‌ پاش ئه‌وه‌ی بینی كه‌ره‌كه‌ی شه‌راب ده‌خواته‌وه‌و هه‌نجیر ده‌خوات، پچڕا له‌پێكه‌نینداو مرد.

1222. شیری كه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له‌شیری مرۆڤ ده‌چێت، له‌شیری هیچ زینده‌وه‌رێكی تر ناچێت.

1223. له‌باكوری خۆرئاوای چین له‌فه‌ی كه‌ر زۆر باوه‌.

1224. سه‌د میللیلتر (سیسی) له‌شیری مرۆڤ حه‌فتا كالۆری تێدایه‌، هه‌مان بڕ له‌شیری مانگای فول له‌ڤیتامین دی، 61 كالۆری تێدایه‌، سه‌د سیسیش له‌شیری كه‌ر 49 كالۆری تێدایه‌.

سه‌رچاوه‌: كتێبی زانیاریخانه‌/ چاپی 26هه‌م/ والی عه‌لی/ زانیاریی ژماره‌ هه‌زارو 202 بۆ 1224

هەمەڕەنگ