درەنگ قسەكردنی منداڵ لە ڕۆژگاری ئێستادا جێی دوودڵی زۆربەی دایكان و باوكانە، كە بە هۆكاری جیاوازی هەیە و پێویستە پزیشك بڕیاری لەسەر بدات هۆكارەكەی چییە و لەو رێگەیەوە چارەسەر بكرێت.
دكتۆر ئاوات واژەیی، پزیشكی پسپۆڕنی منداڵان چەند رێنماییەكی بۆ ئەو دایك و باوكانە بڵاوكردوەتەوە كە منداڵەكانیان كێشەی درەنگ قسەكردنیان هەیە.
1- لەكاتی یاری كردن لەگەڵ منداڵەكەت قسەی لەگەڵ بكە و بەبێ دەنگی یاری لەگەڵ مەكە.
2- هەستی باوەڕبەخۆبون بە منداڵەكەت ببەخشە كاتێك قسەی لەگەڵ دەكەیت بە ئارامی دایبنیشێنە و بە نەرمونیانی قسەی لەگەڵ بكە نەك بەشێوەی فەرمی.
3- دڵنیابە منداڵەكەت هەمیشە گوێ بۆ قسەكانت دەگرێ چ لەكاتی ڕاهێنان بێ یان كاتی تر.
4-كاتێك منداڵەكەت وەڵامت دەداتەوە زیاتر هانی بدە تا متمانەی زیاتری بەخۆی هەبێ.
5- وشەی جوان و سادە و ئاسان بەكاربێنە لەگەڵ تەمەنی منداڵەكەت گونجاوبێت و لەئاستی ئەو زیاترنەبێ.
6-بەزاراوەی دروست لەگەڵ مناڵەكەت بدوێ، دوربكەوەرەوە لە بەكارهێنانی وشەی ئاڵوز كە توانای فێربونی نەبێ.
7- لە ژورێكی بێدەنگدا لەگەڵ منداڵەكەت دابنیشە كاتێك ڕاهێنانی پێدەكەیت، دور لە ژاوەژاو و هەر كە سەرقاڵی بكات.
8- قسە لەگەڵ منداڵەكەتدا بكە لەبارەی ئەو كارو هەڵوێستانەی ڕۆژانە ئەنجامیان دەدات یان دەیابینێت.
9- كاتی تەواو بە مناڵەكەت بدە بۆ وەڵامدانەوە، پەلە پەلی لێمەكە با نەشڵەژێت و نەتوانێ وەڵام بداتەوە.
10- ئەم كارە تەنها لەگەڵ منداڵەكەت بكە و ڕوبەڕوبە لەگەڵیدا، چونكە بەمشێوەیە زیاتر ئارەزوی گوێگرتنی دەبێ.
11-هاوكاری منداڵەكەت بكە بۆ گرێدانەوەی ئەو دەنگانەی دەیانبیستێت لەگەڵ ناوی ڕاستەقینەی وشەكان، واتە ئەو شتانەی دەنگەكانیان بۆ بەكارهاتوە.
12- هەوڵبدە هەمو هەستەوەرەكانی منداڵ بەكاربهێنت و سودیان لێوەربگریت لەكاتی ڕاهێنانی قسەكردن.
13- ئەگەر منداڵەكەت لە دەربڕیندا هەڵەی كرد یەكسەر لۆمەی مەكە، تەنها هەڵەكەی بۆ ڕاستكەوەو هانی بدە.
14- كاتێك منداڵەكەت هەوڵی قسەكردن دەدات خێرا هانیبدە تا هەست بەوە بكات ئەم قسەیەی كارێكی باش و ئەرێنیە.
15- هەوڵی زیادكردنی وشەكانی بدە كاتێك منداڵەكەت دەڵێ ئۆتۆمبێل، فێری بكە بڵێ ئۆتۆمبێلی گەورە یان ئۆتمبێلی بابە.
16-هانی منداڵەكەت بدە لاسایی ئەو دەنگانە بكاتەوە كە لە ژینگەی دەوروبەریەوە دەیانبیستێت.