شیڤان شێرزاد
زانیار عەدنان دوای ئەزموونێکی جوان لە فیلمی کورت و دیکۆمێنتاریی، ئێستا کۆتایی بە فیلمێکی نوێی دیکۆمێنتاریی هێناوە و ناوی ناوە (نۆبەرە). ئەم فیلمە لە وێنەگرتن و دەرهێنەر زانیار عەدنان و دەنگ هەڵگر شڤان ڕەشیدە. لەچوار چێوەی پڕۆژەکانی ڕێکخراوی پاو و سەنتەری نینا لە سوید هەر ئەوانیش پاڵپشتیان کردووە، ئێستایش وێنەگرتن لەقۆناغی یەکەمە بڕیاڕ وایە سەرجەم لۆکەیشنەکانی لە شاری هەولێر بێت.
دەرهێنەری ناوبراو لە بارەی فیلمەکەیەوە دەڵێت: بەشێوازی دیکۆمێنتاری باسی جیاوازی ڕەگەزی منداڵ دەکەین لەکۆمەڵگای کوردی بە گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست،کە بۆچی باوکەکان هەندێک کات ڕقیان لە منداڵی کچە و ژنەکان ڕووبەڕووی توندو تیژی دەبنەوە لەسەر ئەوەی بۆ هەر کچی دەبێت ئایە لەتوانای ژنەکانە، هاوکات باسی ڕووداوی زۆر دڵتەزێن دەکەین لە زاری چەند شایەتحاڵێک، کە چۆن ژنەکان ئازار دراون، یان کچەکانیان لەلایەن باوکیانەوە فڕێ دراون و کوڕەکانیش بەڕێزەوە ڕاگیراون، وەک دەرهێنەرێک نامەوێت هێرش بکەمە سەر هیچ لایەنێک بەڵام ڕاست و دروستی بابەتەکە دەگوازمەوە سەر شاشە،
هیوادارم هەلی زیاتر بۆ گەنجانی کوردستان و هەولێر بڕەخسێنن کە بتوانین لە ڕووی هونەریەوە باسی کێشەی کۆمەڵگاو کارەساتەکانی کوردستان بکەین بەهونەری فیلم، سوپاس بۆ ڕێکخراوی پاو و سەنتەری نینا و وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەڕێوبەرایەتی سینەمای هەولێر.
گوتیشی: من وەک زانیار چوارەم جارە کاری دەرهێنان بۆ فیلم دەکەم و جگە لە کارکردنم لە سەر سێتی چەندین فیلمی درێژ و هەڵگری خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی کوردیم بۆ ساڵی 2018 لە فیستیڤاڵی دژەتیرۆر، ئەو بەرهەمەش دەبێتە نوێترین کاری من لە بواری فیلمسازیی دا.