ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەوار فارس

ستار جەباری

هەوارخان ناوێكی پرشنگداری ئاسمانی شانۆی كوردییە و كیژە تاقانەكەی شانۆی كەركووكە . پێمخۆشە لەزاری خۆیەوە زیاتر ئاشنای هەوار خان بین: من

هەوار فارسم كەركووكیم وەلێ لەساڵی 1992 لە شاری هەولێری ئازیز چاوم بۆ ژیان هەڵهێنا ، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکوکم بەشی نواندن ، ئێستا پەیامنێرم لە دەزگای میدیایی کەرکوک و لێپرسراوی بەشی کارگێڕی و داراییم لە سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان / لقی کەرکووك .

دەستپێکی کاری هونەریم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007 ئەوکاتە خوێندکاری قۆناغی حەوتەمی بنەڕەتی بووم لە خوێندنگەی هۆزانی کچان ،بەشی چالاکی و هونەری قوتابخانەکان ساڵانە فێستیڤاڵی سازدەکرد منیش لە دوو قۆناغی جیادا بە پشتیوانی مامۆستا ( عەزیز عومەر )ئاشنای نێو دونیای شانۆبووم.

لە دووای دەرچوونم لەقۆناغی نۆ ، خاڵی خوالێخۆشبووم (مامۆستا نیزامەدین )فۆڕمی پەیمانگای بۆ وەرگرتم ،بەهۆی ئەوەی من ساڵانێکی زۆر وەرزشکاربووم و یەکێک بووم لە وەرزشکارە دیارەکانی کەرکوک ،بەشی شانۆم هەڵبژارد چونکە پەیمانگای وەرزشی لە کەرکوک نەبوو ، بیرمە ئەوکاتە یەکێک لەمامۆستاکانی پەیمانگا وتی ئێمە وەرزشی شانۆمان هەیە و ئەتوانی بێیتە ئەو بەشە ، منیش لێی نەوەستام و لە ساڵی ٢٠١٠ەوە بووم بە خوێندکاری قۆناغی یەکەمی بەشی شانۆ .

لەماوەی پێنج ساڵی خوێندنم لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە دەیان کاری هونەری بەشداریم کردووە ، یەکەم کاری نواندنم لە قۆناغی یەکەم ،شانۆی مامۆستابوو ،نووسینی یۆژین یونسکۆ و کۆتا کاریشم لە پەیمانگا لە قۆناغی پێنجەم نمایشی شانۆیی ( ژنە گۆرانی بێژی کەچەڵ ) بوو.

جگە لە نمایشەکانی نێو پەیمانگا لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەشداریم کردووە لە شانۆی هۆڵ و شانۆی سەرشەقام .

لەماوەی ئەو چەند ساڵە رووبەڕووی زۆر ئاستەنگی بوومەوە ، تا گەیشتم بەم ئاستەی ئێستا تەنها خۆم بەرامبەر بەربەست و رێگرییەکان وەستامەوە .

کە شانۆم هەڵبژارد ،بەشێک لە خانەوادەکەم هەوڵیان ئەدا رێگریم لێ بکەن قسەی نەشیاویان بۆ دەهۆنیمەوە ،من گوێم پێنەدان چونکە دایک و باوکم پاڵپشتم بوون ، لە پەیمانگاش بووم بەشێک لە مامۆستاکان ڕێگریان لێدەکردم لە فێستیڤاڵەکانی دەرەوەی پەیمانگا بەشداری بکەم لە کاتێکدا من بێ پرسی ئەوان بەشداریم ناکرد بەڵام سووربووم لەسەر ئەوەی بەردەوامبم ،بێ وچان هەوڵمدا و نەوەستام تا بووم بە ناوێک بۆ شانۆی کوردی لە کەرکوک و کوردستانی باشوور ،ئەمە ووتەی بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی کوردستانە کە بە کچە تاقانە شانۆکارەکەی کەرکوک ناوم دەهێنن .

ئێستا گروپێکی شانۆیی زۆر کاراو پڕ کار بەناوی منەوە ناونراوە لە لایەن چەند هاوڕێیەکی شانۆکارم وەک وەفایەک بۆ ئەو خزمەتەی بەواری شانۆی کوردیم گەیاندووە لەکەرکوک ،ئەویش گروپی شانۆی هەوارە .

لەماوەی ئەزموونەکانی ژیانم لەبواری شانۆ ،لەچەندین فێستیڤاڵی کوردستان بەشداریم کردووە و سنووری چەندین وڵاتم تێپەڕاندووە بۆ ناساندنی شانۆی کوردی بە وڵاتانی جیهان ، ئە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیانەی بۆ شانۆ رێکخراوەو ئێمە وەکو گروپی شانۆی هەوار بەشداریمان تێیدا کردووەو لە زۆربەشیاندا بێ خەڵات نەگەڕاوینەتەوە بریتین لەم وڵاتانە (ئێران ،تورکیا ،ئوردن ،میسر، ئیمارات ،تونس ) .

لەساڵی ٢٠١١ لەفێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام لە شاری مەریوان خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچم بەدەست هێناوە .

لەساڵی ٢٠١٢لە کەرکوک خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچم بەدەستهێناوە لەبواری شانۆ

لەساڵی ٢٠٢١لە فێستیڤاڵی مۆنۆدراما لە وڵاتی میسر ،خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەرم بەدەستهێناوە کە بە مۆنۆدرامای (وەک قەقنەس دەستێم )بەشداریمان کردبوو .

لەساڵی ٢٠٢١لە فێستیڤاڵی مۆنۆدراما لە بەغدا خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچم بەدەستهێناوە بە مۆنۆدرامای (وەک قەقنەس دەسوتێم )