ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، عێراق پێویستی به‌ بونی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان نیه‌ له‌سه‌ر زه‌وی، به‌ڵكو پێویستیان به‌ هاوكاری فڕۆكه‌وانی ئه‌و هێزانه‌ هه‌یه‌‌ بۆ پارێزگاری له‌ ئاسایشی وڵات.

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی ئه‌لحدس رایگه‌یاند، "عێراق به‌ به‌رده‌وامی پێویستی بە پشتیوانی و هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هێرشه‌ ئاسمانیه‌كانی بۆ سه‌ر حه‌شاره‌گه‌كانی داعش، له‌سه‌ر زه‌ویش هێزه‌كانمان به‌و كاره‌ هه‌ڵده‌سن".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری چیاكانی مه‌خمور زیاتر لە (سێ سه‌د) هێرشی ئاسمانییان بۆ سه‌ر پێگه‌كانی داعش ئه‌نجامداوه،‌ لەو ئۆپراسیۆنەشدا ژمارەیەکی زۆر له‌ چه‌كدارانی داعش كوژراون.

كازمی باسی لەوەشکردوە، "رێگه‌ ناده‌ین عێراق ببێته‌ مه‌یدانی شه‌ڕ و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، عێراق نابێته‌ یه‌مه‌نێكی دیكه‌ پێویسته‌ ئه‌زمون له‌و هه‌ڵانه‌ وه‌ربگرین".