ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

٨٤ ساڵ پێش ئەمرۆ، بە فەرمانی مستەفا كەمال ئەتاتورك خەڵکی دەرسیم لە باکووری کوردستان، بە بیانووی یاخیبوون، دەرسیمییەكان كومەڵكوژ كران.
بە گوێرەی ئامارە فەرمیەكان، لە كۆمەڵكوژی دەرسیمییەكان كە ساڵی ١٩٣٧ دەستی پێكرد، ١٦ هەزار كەس كوژراون، ئەمە جگە لەوەی بە هەزاران منداڵ لە باوك و دایكیان دابڕان و درانە بنەماڵەکانی تر تاكوو كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن و لە کۆتاییدا بکرێنە تورک.
دەوڵەتی توركیا، ویستی ناسنامە و كولتوور و مەزهەبی دەرسیمییەكان بسڕێتەوە، بۆیە سوپا گازی ژەهراویی دژی كوردە دەرسیمییەكان بەكار هێنا بەو شێوە دڕندانەیە پەلاماری دان.
لە یادی 84 ساڵەی كۆمەڵكوژیی دەرسیم چەند داواكاریەك دەخەنە روو، لەوانە ڕێکەوتی ٤ی٥ وەكوو كۆمەڵكوژیی دەرسیم بناسێنن وهەروەها ناوی دەرسیم دووبارە بگەڕێتەوە، بە فەرمی داوای لێبوردن لە خەڵكی دەرسیم بكرێت.
ئەو كەسانەی لەو كۆمەڵكووژییەدا شاربەدەر كران، ئەو كەسانەی ون و بێسەروسوێنن و ئەو منداڵانەی دراونەتە خانەوادەی تر بۆ بەخێوكردن لە لیستێكدا ئاشكرا بكرێن. هەروەها پێویستە مەزاری سەید رەزای دەرسیم و هاوڕێكانی نیشانی خەڵك بدرێت و بزانرێت لە كوێیە.
زمانی دایكمان كە (كرمانجی، زازاكی)یە بە فەرمی بناسرێت، هەروەها بیروباوەڕی عەلەوییەكان بە ئازادانە بناسرێت و دروستكردنی دەریاچەی (مونزوور) هەڵبوەشێتەوە.
بەڵام دەوڵەتی توركیا بە هیچ شێوەیەك دان بە كۆمەڵكوژیی دەرسیمییەكاندا نانێت و، دەڵێت ئەوەی كراوە بۆ پاراستنی دەوڵەتی توركیا بووە. هەروەك چۆن دان بە كۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەكان لە ساڵی ١٩١٥دا نانێن كە سوپای عوسمانییەكان یەك ملیۆن ئەرمەنییان كۆمەڵكوژ كرد.