ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پشکی هەرێمی کوردستان بوەتە گرێی سەرەکی بەردەم پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 و تائێستا لە پەرلەمانی عێراق رێککەوتنی لەسەر نەکراوە.

حەسەن نازم، وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەست بە پڕۆژەیاسای بودجە دوای ئەوەی دەنگدان لەبارەیەوە بۆ 27ی ئازار دواخرا، لەئێستادا گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بەرێککەوتنێک کە جێگەی رەزامەندی هەردولایەن بێت.

ئەوەشی خستەڕو، لەئێستادا "گرێی سەرەکی لە پەسەندکردنی بودجەدا پشکی هەرێمی کوردستانە، دواخستنی دەنگدانیش لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە ئاماژەی ئەوەیە تائێستا نەگەیشتونەتە رێککەوتن لەسەر ئەم بابەتە، ئێمە هیوادارین ئەو قەیرانە کۆتایی بێت بۆ پەسندکردنی بودجە"، چونکە حکومەت خواستی ئەوەی هەیە لە ژێر رۆشنایی یاسای بودجەدا کاربکات.

وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەیوەست بە گۆڕانکاریکردنیش لەبەهای دۆلار بەرامبەر دینار وتی، "ئەو بابەتە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بەڵام  ناتوانین باسی گۆڕانکارییەکی راستەقینە لەبارەی بەهای دۆلار بکەین، ئەوەی ئێستا هەیە تەنها گفتوگۆیە".