ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە پەیامێکدا وێڕای ناردنی سەرەخۆشی بۆ حکوومەت و گەلی میسر بەھۆی ئەو رووداوەی کە ئەمڕۆ لە پارێزگای سوھاج روویدا، رایگەیاند کە لووتکەی سێقۆڵی نێوان عێراق-ئوردن-میسر بۆ داھاتووێکی نزیک دوادەخەن.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی حکوومەت و گەلی میسر کرد بەھۆی کەوتنەوەی ژمارەیەکی زۆری قوربانی لە ئاکامی بەریەککەوتنی دوو شەمەندەفەر لە پارێزگای سوھاج باشووری میسر.

کازمی لە تویتەکەیدا راشیگەیاندووە کە بیر و ھۆشیان لەلای خانەوادەی قوربانیان دایە و ھیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست.

کازمی راشیگەیاند کە بەھۆی ئەم رووداوەوە لووتکەی سێقۆڵی نێوان عێراق-ئوردن-میسر بۆ داھاتووێکی نزیک دوادەخەن کە بڕیاربوو بەیانی رۆژی شەممە لە شاری بەغدا بەڕێوەبچێت.

لەوەو پێش وەزارەتی تەندروستیی میسر لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە دوو شەمەندەفەر لە ناوەندی شاری تەھتا سەربە پارێزگای سوھاج باشووری میسر بەریەککەوتوون و بەم ھۆیەوەش ژمارەیەکی زۆری قوربانی لێ کەوتووەتەوە.