ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بانگھێشتی ٤٠ سەرکردەی جیھانی بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی کەشوھەوا کردووە کە بڕیارە لە ٢٢-٢٣ی نیسان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەڕێوەبچێت.

لەو راگەیەندراوەی کە لە کۆشکی سپییەوە بڵاوکراوەتەوە، ھاتووە، "سەرۆک بایدن، بانگھێشتی ٤٠ سەرکردەی جیھانی بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی کەشوھەوا کە ئەمریکا میوانداریی دەکات و لە ٢٢-٢٣ی نیسان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەڕێوەدەچێت، کردووە".

راگەیەنداروەکەی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەش کردووە کە لووتکەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ بۆ رای گشتی پەخشدکرێت و ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە بایدن، لەیەکەم رۆژی دەستبەکاربوونییەوە گەڕاوەتەوە رێککەوتنی پاریس بۆ کەشوھەوا کە سەرۆکی پێشوو دۆناڵد ترەمپ لێی جیاببویەوە.

راگەیەندراوەکە، ئەوەشی ئاشکراکرد کە لە لووتکەی سەرکردەکان، جەخت لە سەر پێویستیی گرتنەبەری بەرەنگاربوونەوەیەکی بەھێزتر لە دژی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و سوودە ئابوورییەکانی دەکرێتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "پێش بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا، کە مانگی تشرینی دووەم لە گلاسگۆ کۆدەبنەوە، ئەم لووتکەیە رووداوێکی گرنگ دەبێت".

سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا جەستن ترۆدۆ، سەرۆکی چین شی چینپینگ، سەرۆکی کۆنسەی یەکێتی ئەورووپا چارلس میشێل، سەرکۆماری فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگیلا مێرکل، سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆریس جۆنسن، لە نێو ئەو ٤٠ سەرکردەیەدان کە سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن بانگھێشتی لووتکەکەی کردوون.