ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری رایگەیاند کە بڵاوکردنەوەی چەکدار لەژێر ھەر ناوێکدا بێت، کارێکی رەتکراوەیە.

بەپێی میدیاکانی عێراق، ھادی عامری لە راگەیەنراوێکدا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی نمایشە چەکدارییەکەی گرووپی رەبعەڵڵا کە دوێنێ پێنجشەممە لە بەغدای پایتەخت ئەنجامدرا، نیشانداوە و رایگەیاندووە کە بڵاوەپێکردنی چەکدار لەژێر ھەر ناوێکدا بێت، رەتکراوەیە و ھاتووە:

"داواکردنی مافی ھاووڵاتییان و بەرگریکردن لێیان کارێکی راوەیە، بەڵام پێویستە ئەو کارە بە ئاشتییانە و جێبەجێکردنی رێوشوێنە یاسایی و دەستوورییەکان ئەنجام بدرێت".

ھادی عامری داواشی لە حکوومەتی عێراق کردووە کە لە میانی گرتنەبەری رێوشوێنی خێرادا، گرنگی تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی بەرزکردنەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بدات.

دوێنێ پێنجشەممە گرووپێک کە خۆی بە رەبعەڵڵا ناساندووە، نمایشێکی چەکداریی لە ژمارەیەک ناوچەی بەغدای پایتەخت ئەنجامدا کە لە میانیدا ھەڕەشەی لە حکوومەتی عێراق و ھێزەکانی ئەمریکا کرد، ھەروەھا داوای کرد کە بەزووترین کات بوودجەی ٢٠٢١ پەسەند بکرێت، ھەروەھا نرخی دۆلار بۆ ئاستی پێشوو، دابەزێندرێت.