ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، دوای سه‌ردانه‌كه‌ی خڵوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا بۆ ناو خاكی عێراق "هه‌رێمی كوردستان" به‌بێ هه‌ماهه‌نگی و وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی عێراق، كاربه‌ڕێكه‌ری باڵیۆزخانه‌ی توركیایان له‌ به‌غدا بانگهێشت كردووه‌ و نامه‌یه‌كی ناه‌ڕزایه‌تییان راده‌ست كردووه‌ و بوونی هێزه‌كانی توركیاشیان له‌ناو خاكی عێراق به‌ ناشه‌رعی وه‌سفكرد.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، "ئه‌مڕۆ نزار خه‌یروڵڵا، بریكاری پێشكوتووی وه‌زاره‌ته‌كه‌یان كاربه‌ڕێكه‌ری باڵیۆزخانه‌ی توركیای بانگهێشت كرد و یاداشتێكی ناڕه‌زایه‌تیی راده‌ست كرد، كه‌ تێیدا نیگه‌رانیی حكومه‌تی عێراقی پێڕاگه‌یاند و تووڕه‌یی خۆی نیشاندا له‌ بوونی خڵوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیای له‌ناو خاكی عێراق به‌بێ هه‌ماهه‌نگی یان ره‌زامه‌ندی پێشوه‌خته‌ و چاوپێكه‌وتنی ئاكار له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی توركیا كه‌ به‌ ناشه‌رعی له‌ناو خاكی عێراقن".