ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەلحورە دەڵێ‌: پسپۆران و شاره‌زایانی بواری ته‌ندروستی له‌ عێراق هۆشداری ده‌ده‌ن و جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ به‌رده‌وامی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوون به‌ كۆرۆنا و بێتوانایی سیسته‌می ته‌ندروستی له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه‌، كه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 17 هه‌زار كه‌سی له‌و وڵاته‌ كوشتووه‌، عێراق چاوه‌ڕێی كاره‌ساتێكی ته‌ندروستی گه‌وره‌ ده‌كات.

پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی ئه‌لحوڕه‌ له‌ راپۆرتێكدا نووسیویه‌تی، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ سیسته‌می ته‌ندروستی عێراق توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنای نه‌ماوه‌، كه‌ به‌رده‌وام ئاماری رۆژانه‌ له‌ هه‌ڵكشانێكی پێوانه‌یی دایه‌ و به‌م دواییانه‌ ئاماری تووشبوونی رۆژانه‌ سنووری 9 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه‌، له‌كاتێكدا تێكڕای رۆژانه‌ی مردن له‌ نێوان 30 بۆ چل حاڵه‌ت دایه‌.

سه‌تار سامر، به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی ته‌ندروستی له‌ عێراق گوتی: سیسته‌می ته‌ندروستی له‌ وڵات له‌ لێواری هه‌ره‌سهێنانی یه‌كجارییه‌، دوای ئه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوونی رۆژانه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێكی هه‌ستیار.

سامر گوتی: "نه‌خۆشخانه‌كانی عێراق پڕبوونه‌ له‌ تووشبووانی كۆرۆنا و له‌مه‌ زیاتر توانای وه‌رگرتنی نه‌خۆشیان نییه‌".

هاوكات وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقیش رایگه‌یاند، "وڵات رووبه‌ڕووی هه‌ڵكشانێكی خێرای تووشبوون به‌ كۆرۆنا بووه‌ و ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی حاڵه‌ته‌كانیان توندن زۆر له‌ جاران زیاترن".