ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، دوای سێ هەفتەی دیکە کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەست پێدەکات.

بەدر زەیادی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "بەپێی رێككەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن، تا 31ی مانگی 12ـی ئەمساڵ هیچ هێزێكی شەڕكەری ئەمەریكی لە عێراق نامێنێت، دوای سێ هەفتەی دیکە کشانەوەیان دەست پێدەکات.

زەیادی، بۆ رۆژنامەی مەدا ئاماژەی بەوەشکردووە "پەیمانی ناتۆ شاندێكیان ناردووەتە عێراق، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو بۆشاییەی دروست دەبێت، بەتایبەت لە بواری مەشقكردن و راهێنان لەسەر فڕۆكە و تەكنەلۆژیا سەربازییەكان".

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پنتاگۆن) ئێستا 2 هەزار 500 سەربازی ئەمەریکا لە عێراق هەن.

لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریکا 26/7/2021، جۆو بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەش کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا بوو لە عێراق.

پێشتر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە کوردستان24ی گوتبوو، کشانەوەی ‌هێزەکانی ئەمەریکا بە چەند قۆناغێک دەبێت.