ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاری عێراق دەربارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، زۆر گرنگە درك بە گرنگیی هەڵبژاردنەکان بکرێت بەوەی ئەو هەڵبژاردنانە وەدیهێنانی داواکارییەك  بوو، کە دوو ساڵە بە بەردەوامی عێراقییەکان داوای دەکەن و پێنجەمین هەڵبژاردنیشە لە مێژوی دیموکراسی تازە پێگەیشتوی عێراقدا، دەشڵێت، "رێژەی بەشداریکردن بۆ زۆرکەس مایەی نائومێدی بو".

نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاری عێراق لەراگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، رایگەیاندوە، "10ی تشرینی یەکەم ڕوژێك بو بۆ هەمو عێراقییەکان، ئێمە خۆشحاڵین بەتێبینیکردنی ئەنجامدانی پرۆسەکە بە رەوانی و سانایی، هەروەها پرۆسەکە چەندین پێشوەچونی تەکنیکی و ڕێکاریی گەورەی بەخۆوە بینی، هەرچەندە رێژەی بەشداریکردن بۆ زۆرکەس مایەی نائومێدی بو". 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "زۆر گرنگە درك بە گرنگیی هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە بکرێت، بەوەی ئەو هەڵبژاردنانە وەدیهێنانی داواکارییەك  بو، کە دو ساڵە بە بەردەوامی عێراقییەکان داوای دەکەن و پێنجەمین هەڵبژاردنیشە لە مێژوی دیموکراسی تازە پێگەیشتوی عێراقدا، نەتەوە یەکگرتوەکان شانبەشانی عێراقییەکان وەستایەوە لە پێش و لە کاتی هەڵبژاردنەکان و بەردەوامیش دەبێت لە ڕۆژانی ئایندەدا". 

نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاری عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، "کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش شایانی دەستخۆشین بۆ هەوڵ و کۆششە ماندو نەناسەکانیان لە ڕێکخستنی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا، هەروەها دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییە عێراقییەکان دەکەین لە هەمبەر کۆششەکانیان لە ڕۆژی دەنگدان". 

نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاری عێراق دەڵێت، "هەڵبژاردنەکان خودی خۆی ئامانج نیە، بەڵام ئامڕازێکە بۆ وەدیهێنانی ئامانجێک ئەو ئامانجەش باشترکردنی حکومڕانییە. گەلی عێراق شایانی کەمتر نیە، کاتیش کڕۆکی بابەتەکەیە".