ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پەیمانگایەکی نێودەوڵەتی تایبەتمەند لەشیکاری و توێژینەوەی ئابوریدا رایدەگەیەنێت، سەرەڕای بەردەوامی بەرزبونەوەی بەهای نەوت لەچەند مانگی داهاتودا، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ساڵی 2022 بەتێکڕا بەهای نەوت لە 66 دۆلاردا جێگیرببێت، بۆیە داوا دەکات گەشەی ئابوری وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لەم ساڵدا بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی دیکە و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان سودی لێوەربگیرێت.

پەیمانگای دارایی نێودەوڵەتی (IIF) لەدواین راپۆرتیدا باسی لەوەکردوە، وڵاتانی هەناردەکاری نەوت لەم ساڵدا بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای نەوت ئابورییەکەیان بەڕێژەی 2.3% گەشەی کردوە و پێشبینیش دەکرێت لەساڵی 2022 دا رێژەکە بۆ 4.3 بەرزببێتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، وڵاتانی هەناردەکاری نەوت لەئەنجامی بەرزبونەوەی بەهای نەوت ئەمساڵ 165 ملیار دۆلار داهاتیان زیادیکردوە و سودیان لێ بینیوە، چاوەڕێش دەکرێت ساڵی داهاتوش 138 ملیار دۆلار داهاتی نیشتیمانی وڵاتەکانیان زیادبکات، هەروەها بەتێكڕا ئەمساڵ بەهای هەر بەرمیلێک نەوت 71 دۆلار بوە و بۆ ساڵی داهاتوش پێشبینی دەکەن رێژەکە بۆ 66 دۆلار دابەزێت.

پەیمانگای دارایی نێودەوڵەتی (IIF)  باسی لەوەشکردوە، بوژانەوەی بازارەکانی وزە، هاوکار دەبێت لەبەگەڕخستنەوەی کەرتەکانی وەبەرهێنان و هەناردەکردن بەڵام چاوەڕێ ناکرێت کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر کەمبونەوەی رێژەی بێکاری لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقادا کە رێژەکە بەگشتی 14% و لەناو چینی گەنجانیشدا گەیشوەتە 28٪.

ئەمڕۆ سێشەممە بەهای نەوت لەبازارەکانی وزە لەجیهاندا گەیشتە بەرزترین ئاست و نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت به‌ڕێژه‌ی 0.18% به‌رزبونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و گه‌یشته‌ 83.83 دۆلار و به‌رمیلێك نه‌وتی ته‌كساسیش به‌ 80.66 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا.