ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

حەسەن سەلمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندیە جەماوەریەکان لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "بڕیاروایە کۆمسیۆن ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگەکانی 12 ھەزار و 228 وێستگەی دەنگدان بکات، لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا، کە ئەنجامی ئەو وێستگانە لەگەڵ ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکان رانەگەیەندراوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمڕۆ چوارشەممە وەک قۆناغی یەکەم ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگەکانی 498 وێستگەی دەنگدان لە ھەردو بەری رەسافە و کەرخی شاری بەغدا دەکرێ، کە ئەنجامەکانی ئەو وێستگانە بەشێوەی ئەلیکترۆنی رەوانەی کۆمسیۆن نەکراوە.

دوای جیاکردنەوەی دەنگی بەشێکی دیکە لە سندوقەکانی دەنگدان، بەپێی زانیاریەکان گۆڕانکاری بەسەر دەنگی لایەنەکاندا هاتوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کورسییەکانی بۆ 33 کورسی بەرزبوەتەوە و دەوترێت لە دھۆک کورسیەکی لە جێگەی کاندیدەکەی یەکگرتو دەباتەوە.

عومەر کۆچەر، کاندیدی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان کە پێشتر سەرکەوتنی بۆ بون بە ئەندامی پەرلەمان راگەیاندبو، دەڵێت، "هێشتا 20%ی ئەنجامی ژماردنی ئەو سندوقانەی بە دەست جیاکراونەتەوە، خراونەتە سەر ئەنجامەکان و 80%ی جیاکردنەوەکە ماوە".

بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، لە پارێزگای دهۆک دەنگی 295 وێستگە یەکلایی کراونەتەوە و 193 وێستگە ماون.