ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو سزایانەی حکومەتی وڵاتەکەیان دژی حکومەتی سوریا دەریکردwن لەوانەش سەپاندنی سزا بەسەر هەمو ئەو کۆمپانیا بیانیانەی  کە کار لەگەڵ دیمەشق دەکەن، سزاکە وەبەرهێنان و کارکردنی ئەو کۆمپانیانە لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ناگرێتەوە و ئەو هەنگاوەش بەئامانجی پەرەپێدانی ئەو ناوچانەیە کە پێشتر بەهۆی شەڕی داعش روبەڕوی زیان بونەتەوە.

ڤیکتۆریا نولاند، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ بەشداری کۆبونەوەی وزاری وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشی کرد کە لە مەغریب بەڕێوەچو و باسی لەوەشکرد، واشنتن بڕیاریداوە مۆڵەت بدات بەسەرجەم ئەو کۆمپانیا بیانیانەی کە دەیانەوێت لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کاربکەن، بەجۆرێک لە سزاکانی ئەمریکا ئازاد دەکرێن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەچەند رۆژی داهاتودا بڕیارەکە بڵاودەکاتەوە و ئامانجی بڕیارەکەش گەشەپێدانی کەرتی ئابوری ئەو ناوچانەیە کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریادا نین و پێشتر بەهۆی شەڕی داعش روبەڕوی زیان بونەتەوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە کورد پێکهێنەری سەرەکییەتی، بە سەرەکیترین هاوپەیمانی سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سوریا دادەنرێن، بەجۆرێک رێکخراوی داعش لە سوریا لەسەر دەستی هەسەدە کۆتاییهاتنی راگەیەنراوە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوشدا واشنتن بەبەردەوامی هاوکاری سەربازی پێشکەشکی ئەو هێزە کردوە.