ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئەمریكا زیاتر لە ٥٠٠ گۆڕ دۆزرایەوە کە پێشبینی دەکرێت گۆڕی منداڵانی سوورپێستەکان بێت، بەرپرسان ئاشکرای دەکەن رەنگە ژمارەی گۆرەکان زۆر لەوە زیاتر بێت کە تا ئێستا دۆزراوەتەوە.

وەزیری ناوخۆی ئەمریکا، دێبڕا هالاند لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "هەریەک لەو منداڵانە ئەندامی خێزانێکی ونبوون، بەشێوەیەکی ترسناک ژیانیان لەناوبراوە و تاکێکی ئەو کۆمەڵگایەن کە رێگریان لێکراوە بە ئامانجی ژیانیان بگەن".

لەکاتێکدا دێبڕا هالاند خۆیشی بەڕەچەڵەک لە خێزانێکی سەربە سوورپێستەکان هاتووەتە دونیاوە، گوتیشی: "دڵ بەرگەی ئەنجامی سیاسەتی چەوتی قوتابخانەکانی تایبەت بە سوورپێستەکان ناگرێت و ئەمە شێتکە نکوڵی لێناکرێت".

وەزیری ناوخۆ لە راپۆرتێکیدا لەم بارەیەوە ئاشکرای کردووە کە کردنەوەی نزیکەی ٤٠٠ قوتابخانە بە مەبەستی زیندەبەچاڵکردنی منداڵانی رەسەنی ئەمریکا لەسەرەتای سەدەی ١٩مین و پێش ١٥٠ ساڵ دەستی پێ کردووە.

لەو قوتابخانانەدا کە بەشێکی زۆریان دەکەونە ویلایەتەکانی نیو مەکسیکۆ، ئۆکلاهۆما و ئاریزۆنا رێگری لە منداڵان دەکرێت کە بە زمانی رەسەنی خۆیان قسە بکەن، ناوەکانیان دەگۆڕن بۆ ناوی ئینگلیزی، بەزۆر قژیان کورت دەکەنەوە و کاریان پێ دەکەن کە لەم رێگەیەوە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەکانیان دەدەن.

لە راپۆرتەکەدا، هەروەها بانگەشەی ئەوە کراوە ئەو منداڵانەی لەم قوتابخانانە دەمێننەوە هەرکاتێک لەو رێسا و یاسایانەی بەزۆر بەسەریاندا سەپێنراوە لایاندا سزا دەدرێن.