ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

ئاوڵەی مەیمون نەخۆشیەكی مرۆژەڵییە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ بەتایبەت لە مەیموندا دەگوازرێتەوە و تا ئێستا زیاتر لە سەد حاڵەت لە 11 وڵاتی جیاوازی جیهان تۆمار كراوە كەیەكێكیان لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست بووە، مەترسی هەیە لە وەرزی هاویندا ڕێژەی توشبوون زیاد بكات و ڕاوێژكارێكی باڵای تەندروستی جیهانیش داوای دانانی سنورێك بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە دەكات.

ئاوڵەی مەیمون كە نەخۆشیەكی مرۆژەڵییە بۆ یەكەم جار لەساڵی 1950 لە دەنیمارك لەمەیمونی تاقیگە و دواتر لە ساڵی 1970 یەكەم حاڵەت لە وڵاتی كۆنگۆ لە مرۆڤدا تۆماركرا، دواتر لەساڵی 2003 بەشێوەی پەتا لەوڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەناو ئاژەڵی قرتێنەری جوانی وەكو هامستەر تۆماركرا و لەمانگی پێنجی 2022 جارێكی ئەم نەخۆشییە لە چەند وڵاتێكی وەكو  ئەمریكا ، بەریتانیاو ئوستوالیا بڵاوبۆوە و تاكو ئێستا لە 12 وڵاتی جیاواز و زیاتر لە سەد كەس توشی نەخۆشییەكە بوون.

دكتۆر عوسمان جەمال، پسپۆری نەخۆشیە مرۆژەڵیەكان باس لە هۆكارەكانی توش بوون بە نەخۆشییەكە دەكات و رای دەگەێنێت كە مرۆڤ لەرێگەی برینی پێست،  گازگرتن یان جرنوق لە ئاژەڵی توشبو، چاو و دەم و ماچكردن و هاوكات لەڕێگەی ئەنجامدانی  سێكسەوە توشی نەخۆشییەكە دەبێت، ئەمە جگە لەوەی هەندێك جار لە رێگەی هەناسەدانەوە نەخۆشییەكە دەگوازرێتەوە بەتایبەتی ئەگەر بێت لێك نزیكبونی زۆر لەگەڵ كەسی توشبوو و یاخود ئاژەڵی توش بوو بە نەخۆشییەكە رووبدات.

 بە گوتەی دكتۆر عوسمان نیشانەكانی نەخۆشییەكە بریتین لە تا وسەرئێشە، هەستكردن بەهیلاكبون و هەوكردنی گرێلیمفاویەكان، ئازاری ماسولكەكان و دواتر دەركەوتنی زیپكە و تلۆقی بچوك لەسەر دەموچاو كە شێوەكەی وەكو نەخۆشی  دركەومێكوتەیە و دواتریش بە هەموو بەشەكانی لەشدا بڵاو دەبێتەوە.

زۆرترین حاڵەتەكانی توشبوون بە نەخۆشییەكە تاكو ئێستا لە ئیسپانیا تۆمار كراوە كە بەگوێرەی زیانیارییەكان نزیكەی 40 حاڵەتە،  بەڵام نەخۆشییە لە وڵاتەكانی دیكەی ئەوروپا وەكو بەریتانیا، ئیتاڵیا، پرتوگال، سوید، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیكا، و هاوكات لە كەنەدا و ئەمریكا و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە وڵاتی ئیسرائیل تۆمار كراوە.

نەخۆشیی ئاوڵەی مەیمون دوو جۆری هەیە، یەكەمیان جۆری كۆنگۆیە و مەترسیدارترە، رێژەی مردن لەم جۆرەیاندا  دەگاتە 10%  جۆرەكەی دیكەشیان جۆری رۆژئاوای ئەفریقایە، كە رێژەی مردن تێیدا نزیكەی 1%. هەرچەندە ئەم نەخۆشییە بە ئاسانی ناگوازرێتەوە و رێژەی مردینیش تێدا زۆر نییە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی لە وڵاتی ئوروپا هۆشداری دەدەن لە بەرزبوونەوەی رێژەی توش بوون لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا.

ڕاوێژكارێكی باڵای تەندروستی جیهانی رای دەگەێنێت كە كاردەكەن لەسەر بڵاوكردنەوەی هۆشداری و ڕێنمایی زیاتر بۆ وڵاتان، تاكو سنورێك بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون دابنرێت،  دەیڤد هیمان سەرۆكی كۆمەڵەی ڕاوێژكارانی ستراتیجی و تەكنیكی تەندروستی جیهانی ڕوونی كردەوە، بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانەی ئەنجام دراوە مەترسی هەیە ەلگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمادا لە وەرزی هاوین ڕێژەی توشبوون زیاد بكات.

ئەگەرچی یەكێك لە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لەرێگەی سێكسەوەیە، جا ئەنجامدانی سێكسی رەگەزی جیاواز بێت، یاخود هاورەگەزخوازی، یاخود سێك لەگەڵ ئاژەڵ، بەڵام وا دەردەكەوێت سەرەتای سەرهەڵدانی ئەمجارەی ڤایرۆسەكە پەیوەندی بە تێكەڵبوونی هاڕەگەزخوازەكانەوە بووبێت. بە گوتەی بەرپرسانی تەندروستی وڵاتەكانی ئەوروپا و ئەمریكا  زۆربەی حاڵەتە تۆماركراوەكان لەناو هاورەگەزخوازەكاندا .

هەرچەندە ئێستا لە هەرێمی كوردستان و عێراق ترسێكی زۆر هەیە لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەحۆشییە، بەڵام بەگوتەی دكتۆر عوسمان جەمال، پسپۆری نەخۆشیە مرۆژەڵیەكان ڤایرۆسەكە بەئاسانی بڵاونابێتەوەو پێناچێت ببێتە پەتایەكی جیهانی، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان هۆشیارییان بەرانبەر بە نەخۆشییەكە هەبێت و بتوانن خۆیانی لێ بپارێزن.