ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەرپرسانی کۆریای باشور رایانگەیاند، کۆریای باکور سێ موشەکی نوێی بەئاراستەی دەریای رۆژهەڵات تاقیکردوەتەوە کە یەکێکیان کیشوەڕبڕە ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی بە گەشتە چەند رۆژەییەکەی لە ناوچەکە بهێنێت.

سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کۆریای باشور لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردوەتەوە،" کۆریای باکور سێ موشەکی لە دەریای رۆژهەڵات تاقیکردوەتەوە لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە ئەزمونە موشەکییەی لەم ماوەیەدا تاقیکردونەتەوە، کە یەکێک لە موشەکەکان بالیستی کیشوەر بڕە، کە توانای بڕینی 360 کیلۆمەتر و بەرزبونەوەی بۆ 540 کیلۆمەتر هەیە".

رونیشیکردوەتەوە،" یەکێکی دیکە لە موشەکەکان کە بەهەمان شێوە بالیستییە، بۆ 20 کیلۆ مەتر بەرزدەبێتەوە، ئاسەوارەکانی نامێنێت و موشەکی سێیەمیش بالیستی کورت مەودایە  کە لەبەرزی 60 کیلۆمەترەوە بۆ 750 کیلۆمەتر دەڕوات".

وەزارەتی بەرگری ژاپۆن لای خۆیەوە رایگەیاندوە، حکومەتی پیۆنگ یانگ کار لەسەر گەشەدان بەو موشەکانە دەکات، کەدوای تەقاندنیان ئاراستەی خۆیان دەگۆڕن، جگە لە موشەکی سەرو دەنگ، کە ئەم جۆرە موشەکانە قورسە لەلایەن  سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە بدۆزرێنەوە.

لەدوای تاقیکردنەوەی ئەو موشەکانەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆریای باشور کۆبونەوەیەکی کرد و رایگەیاند، کۆریای باکور بەشێوەیەکی یەک بەدوای یەک موشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکان تاقیدەکاتەوە، ئەمەش کارێکی نایاساییەو و شکاندنی ئاشکرای بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.