ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دوای ئەوەی تورکیا نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر بۆسەر ناوچەکانی رۆژئاڤای کوردستان ئاشکراکرد بەهۆکاری دروستکردنی ناوچەی ئارام و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سوریا، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا نەیاری خۆی بۆ ئۆپراسیۆنەکە دەربڕی و رایگەیاند، هانی تورکیا دەدەن لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجام نەدات.

ئەمڕۆ سێشەممە (24ی ئایاری 2022)، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، واشنتن نیگەرانە لەو راپۆرت و لێدوانانەی باس لە زیادبونی گرژییەکان دەکەن لەناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، چونکە باوەڕیان وایە زیادبونی گرژییەکان کاریگەر لە ژیانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە دەبێت و خەڵکی مەدەنی دەبن بە قوربانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامی ئاگربەست لەو ناوچەیە دوپاتدەکاتەوە و باوەڕی وایە دەبێت هەمو لایەنەکان رێز لە سنورەکانی ئاگربەست بگرن و ئارامی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بپارێزن، بۆیە ئیدانەی ئەو لایەنانەش دەکەن هەوڵی زیادکردنی گرژییەکان و داوای چارەسەری سیاسی دەکەن بۆ کێشەکانی ناوچەکە.