ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

حاکمی ویلایەتی تەکساس لە ئەمریکا رایگەیاند، کەسێکی چەکدار هێرشیکردوەتە سەر خوێندنگەیەکی سەرەتایی و 14 خوێندکار و مامۆستایەکی کوشتوە، کە پێدەچێت یەکێک بێت لە دانیشتوانی سنورەکە.

گریگ ئابوت، حاکمی ویلایەتی تەکساس لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاندوە، کەسێک کە تەمەنی لە دەوروبەری 18ساڵاندابوە، هێرشیکردوەتە سەر خوێندنگەیەکی سەرەتایی و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی بەسەر خوێندکاران و مامۆستایانی خوێندنگەکدا کردوە.

رونیشیکردوەتەوە، لە هێرشەکەدا 14 خوێندکار و مامۆستایەک کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربون، باس لەوەدەکرێت لە وەڵامدانەوەکانی پۆلیسدا کەسەکە کوژرابێت.

هاوکات، نەخۆشخانەی ئاوفاڵدی میمۆریاڵ رایگەیاند، پێشوازیان لە 13 منداڵ کردوە کە برینداربون، نەخۆشخانەیەکی دیکەش بڵاویکردەوە، بریندارێکی روداوەکە گەیشتوەتە لایان کە تەمەنی 66 ساڵە و لە دۆخێکی خراپی تەندروستیدایە.

تائێستا دەسەڵاتدارانی ئەمریکا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هۆکاری روداوەکەوە ئاشکرانەکردوە، کە پەیوەندی بە تیرۆر و کردەوەی توندڕەوییەوە هەیە یاخود نا.