ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڤۆلۆدیمێر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکێتی ئەوروپا بڕیارێک لەبارەی کاندیدبونی ئۆکرانیا لە یەکێتییەکە دەدات، بۆیە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ 11 سەرکردەی ئەوروپی کردوە و چاوەڕێیی بڕیارێکی "گرنگ" دەکات.

ڤۆلۆدیمێر زلێنسکی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، ئەمڕۆ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی بولگاریا، لاتیڤیا، یۆنان، سوید، ئیستۆنیا، چیک، بەلجیکا، نەمسا، سلۆڤینیا، مۆڵدۆڤا و لیتوانیا ئەنجامداوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا پشتیوانی خۆی بۆ رێکارەکانی تایبەت بە سنوردارکردنی جوڵەی روسیا لە کالینینگراد دەربڕیوە.

باسی لەوەشکردوە، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیکردن لەگەڵ سەرۆکی وڵاتانی ئەوروپا بەمەبەستی دەرکردنی بڕیارێک کە پشتیوانی زیاتر بێت بۆ ئۆکرانیا، بۆیەش ئەمڕۆ "چاوەڕێیی بڕیارێکی گرنگ دەکەم".

ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی هەینی رابردو رایگەیاندبو، کۆمیسیۆنی ئەوروپا کاندیدبونی وڵاتەکەیی بۆ ئەندامیەتی یەکێتی ئەوروپا پەسەندکردوە، بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانیش لە رۆژانی داهاتودا لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا دەست بە دانوستان دەکات.

لای خۆیەوە ئیرک مامیر، وتەبێژی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەداوە، هەرچەندە ئۆکرانیا بەشێکە لە خێزانی ئەوروپا بەڵام داواکارییەکەی لەگەڵ دو وڵاتی دیکەدا بۆ بونە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا وەرگیراوە و تاوتوێ دەکرێت، جەختیش دەکاتەوە لەنێوان ئەو سێ وڵاتەی کە کاندیدن بۆ ئەندامی نوێی یەکێتی ئەوروپا (مۆڵدۆڤا، جۆرجیا و ئۆکرانیا)، هیچ جیاوازییەک ناکەن.