ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وەزارەتی بەرگری تایوان رایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی وەڵامی هەڕەشەکانی چین بدەنەوە کە بەهۆی سەردانەکەی نێنسی پڵۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا روبەروی وڵاتەکەیان بوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەمو هێزە ئەمنییەکان خراوەنەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

وەزارەتی بەرگری تایوان ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "هێزە چەکدارەکانمان بەشێوەیەکی ورد بەرنامەی جیاواز دادەڕێژن بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان، ئەویش لەسەر بنەمای زانیارییە سەربازییەکان، بۆیە هێزی سەربازی رەوانەی سنورەکان دەکرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەمان".

سەرەڕای هەڕەشەکانی چین، ئەمڕۆ سێشەممە نێنسی پڵۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گەیشتە تایوان و بەهۆی هەڕەشەکانی پەکینیش، هێزە ئەمنییەکانی تایوان کەوتونەتە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

چین باوەڕی وایە سەردانی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە جۆرێکە لە داننان بە سەربەخۆیی تایوان، کە تائێستاش چین وەک بەشێکی سەرەکی لە خاکی وڵاتەکەی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.

هۆشدارییەکەی چین بۆ سەردانەکەی پڵۆسی، بوەهۆی کاردانەوەی واشنتن و حکومەتی ئەو وڵاتەش رایگەیاند، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا مافی ئەو سەردانەی هەیە ئەگەر خواستی لەسەر ئەنجامدانی هەبێت.