ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەكەی شوباتی ڕابردوو كە وڵاتەكەی هەژاند،گەیشتە 49 هەزار گیان لەدەستدان و 115 هەزار بریندار.

ئەردۆغان لە لوتكەی نائاسایی وڵاتە توركەكان كە لە ئەنقەرە سازكرا، ڕایگەیاند:”كارەساتە بێ‌ پێشینەكان زیانیان بە 11 پارێزگا گەیاند و زیاتر لە 49 هەزار كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 115 هەزار كەسی تر برینداربوون، لە كاتێكدا 14 ملیۆن كەس بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ زیانیان پیگەیشتووە”.

بە وتەی ئەردۆغان:”حكومەتی توركیا بە زووترین كات ئەو برینانە چارەسەر دەكات كە بەهۆی بومەلەرزەكەوە دروستیكرد”.

وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تەنیا زیانە مادییەکانی بوومەلەرزەکەی رۆژی 6ـی شوباتی ئەمساڵ گەیشتووەتە 1.6 ترلیۆن لیرە کە دەکاتە (84 ملیار و 151 ملیۆن دۆلار).
وەزارەتی گەنجینەی تورکیا دەڵێت، دوای بوومەلەرزەکە بڕی 351.4 ملیار لیرە (18 ملیار و 482 ملیۆن دۆلار) لە کڕین و گەیاندنی هاوکاریی بەپەلە، لابردنی داروپەردووی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکان و قەرەبوو خەرجکراوە. بەمەش کۆی گشتیی زیانەکان بە نزیکەی دوو تریلیۆن لیرە کە دەکاتە 102.6 ملیار دۆلار، مەزەندە دەکرێت.

جگە لە زیانە گیانییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 212 هەزار و 604 باڵەخانە و خانوو رووخان یان زیانی زۆریان بەرکەوت و یەک ملیۆن و 622 هەزار باڵەخانە و خانووش زیانێکی کەم یان مامناوەندیان بەرکەوتووە.